چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی (ڕووبەر ) ژمارە ٦٣ لە ١٧ ئایاری ٢٠١١



  چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی (ڕووبەر ) ژمارە ٦٣ لە ١٧ ئایاری٢٠١١ 
ساسان عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی بۆ رووبەر:بەوشێوە زۆریەی باسی دەكرێت رێكخستنی وەهمی لەناو پارتیدا نییە  
دیداری: هیوا بەرزنجی

دوای شەش ساڵ ونبوون لەراگەیاندنەكان لەم دیدارە تایبەتەی رووبەردا بۆ یەكەمجار ساسان عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێك لە بەرپرسانی دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی، ئاماژە بۆ گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی حزبەكەی دەكات، دووپاتیشی دەكاتەوە گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی حزبەكەی پەیوەست نییە بە 
بەرنامە چاكسازییەكەی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو تەنها ئاڵوگۆڕی حزبییە

رووبەر: رایەك هەیە پێیوایە خێرایی گۆڕانكارییەكانی پارتی بەهۆی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە؟
ساسان عەونی: پێموانییە گۆڕانكارییەكان خێرابووبن، چونكە خۆتان دەزانن كاتێك بڕیاری بەستنی كۆنگرە دەدرێت هەموو چالاكییەكی حزبی رادەوەستێت، نەوەك تەنیا ناوخۆی حزبەكە، بەڵكو حزبەكانی دیكە و خەڵكی كوردستانیش چاوەڕێ دەكەن ئەنجامەكانی ئەو كۆنگرەیە چیدەبێت، بەتایبەتیش حزبێكی گەورەی وەكو پارتی كە هاوبەشی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاری پەرلەمانییە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە لەو رۆژەوەی بڕیاری بەستنی كۆنگرە دراوە بە چوار مانگ پێشتر هەموو چالاكییەكی حزبی راوەستاوە، ئێستاش چەند مانگێگ بەسەر بەستنی كۆنگرە تێپەڕیوە و دەبووایە سەرەتاكانی مانگی دوو ئەو گۆڕانكارییانە 
بكرابووایە

رووبەر: بەڵام بۆ تا بڕیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 10ی ئەیلول نەدرا، ئێوە گۆڕانكارییەكانتان خێرا نەكرد؟ ساسان عەونی: دەبووایە گۆڕانكارییەكان لە كۆتایی مانگی یەك و سەرەتایی مانگی دوو بكرابووایە، بەڵام هاتنەپێشی رووداوەكانی ئەمدواییەی سلێمانی، سەركردایەتی پارتی زیاتر بە چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتە سیاسییانەی كوردستانەوە سەرقاڵ بوون و دەرفەتێكی وا نەبوو بۆ ئەوەی بە ئیش و كاری ناوخۆی حزبدا بێتەوە، بەڵام ئێستا رەوشەكە تاڕادەیەك ئارامە و وایكردووە كە سەركردایەتی پارتی زیاتر بە كاروباری ناوخۆوە سەرقاڵ بێت و بڕیاری ئەو گۆڕانكارییانەی داوە

رووبەر: بڕیاری پێكهێنانی مەكتەبی سیاسی پارتی لە هەولێر گەیشتە چی و كەی دەست بەكاردەبن؟
ساسان عەونی: بڕیار دراوە هەڤاڵێكی مەكتەبی سیاسی بۆ بەرپرسیارەتی ئەو دەستەیە سەركردایەتی هەولێر بكات، ئیش و كارەكانیش بەردەوامە و لە گفتووگۆ و بەرنامەدانانی زیاترین، كەی بگاتە قۆناغی كۆتایی بڕیارەكە رادەگەیێنرێت

رووبەر: كەواتە پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ رابگەیەنرێت؟
ساسان عەونی: ئێستا كەسی یەكەمی بۆ دەست نیشانكراوە، ئەوەیتریش دەگەڕێتەوە سەر ستاف و دەستەكە، رەنگە هەندێك كاروباری تەكنیكی مابێت

رووبەر: تائێستا روونە ستافەكە كێیە؟
ساسان عەونی: نەخێر، بەتەنیا كەسی یەكەمی بۆ دەستنیشانكراوە.

رووبەر: بەڵام دەوترێت راگەیاندنی ئەو دەستەی مەكتەبی سیاسی لە هەولێر بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دوادەخرێت؟ 
ساسان عەونی: سەركردایەتی سلێمانی و كەركوك هەیە، سەركردایەتی هەولێریش بڕیاری لێدراوە و ئەوەش پەیوەستە بە كاروباری ناوخۆی حزبەوە كە دوادەخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان یان پێشتر دادەنرێت، چونكە ئەوانە هەموو ئالیەتن بۆ ئەوەی حزب زۆرترین دەنگ كۆبكاتەوە، ئەگەر بەباش زانرا پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بێت، بێگومان دادەنرێت و گەر بزانرێت باشترە دوابخرێت، ئەوا دوادەخرێت.

رووبەر: یەكێك لەو هەنگاوانەی پارتی بۆ پێداچوونەوەی كاری رێكخراوەیی دەیكات، پرسی رێكخستن و رێژەی ئەندامانیەتی، بەڵام لە فۆڕمە تازەكەدا پرسی سودمەندبوونی ئەندامان لە زەوی و خانوو و شوقە دەپرسرێت، ئایا بۆچی؟
ساسان عەونی: لەدوای هەر كۆنگرەیەك رێكخستنەوەی هەموو ئۆرگانەكانی حزب دەبێتە پێویستییەك، لە چوارچێوەی ئەو رێكخستنانەوەشدا پێداهاتنەوەیە بە ژمارەی ئەندام و لایەنگرانی حزبی، بۆیە كارێكی ئاساییە و دەكرێت سەر لە نوێ فۆڕم دابەشبكرێتەوە و رێكخستنەكان لە رێكخراو و لیژنە ناوچەكاندا بەسەر دەكرێنەوە، چونكە لەوانەیە لەماوەی ئەو ساڵەی كۆنگرەی تێداكراوە هەم كەسبی حزبی زیادبووە و هەمیش خەڵكانێك وازیان لە حزب هێناوە، بۆیە ئەو ئامار و داتایە زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی سەركردایەتی بتوانێت بەهێزی و لاوازی خۆی لە ناوچە و لقەكان دەست نیشان بكات، بەڵام دەربارەی ئەوەی لەفۆڕمی رێكخستن پرسیاری سوودمەندبوونی تێدابێت، ئەو پرسیارەی تێدانییە و پێموایە زانیارییەكانتان هەڵەیە.

رووبەر: ئایا دووبارە رێكخستنەوەی رێكخستنەكانتان تاچەند كێشەكانتان كەمتردەكاتەوە كە پێشووتر هەبوون، بەتایبەت لە بوونی ئاماری رێكخستنی وەهمی؟
ساسان عەونی: پێموانییە بەوشێوە زۆرەی باسی دەكەیت رێكخستنی وەهمی لەناو پارتیدا بوونی هەبێت، چونكە ئەوە بوونی نییە تۆ لەخۆتەوە ناوێك دروست بكەیت و بیكەیتە ئەندامی حزب، بەڵكو كێشەكە لە دووبارەبوونەوەی ناو هەبوو، بۆ نموونە یەكێك فەرمانبەرە و ئەندامی پارتییە لە لیژنەی ناوچەی فەرمانبەران ئەندامە و بەهەمانشێوە ئەو فەرمانبەرە كە دانیشتووی سنووری گەڕەكێكی جوگرافییە لەوێش ناوی لە رێكخستن تۆماركراوە، ئەمە وایكردووە دووبارەبوونەوە لەناوی ئەندامەكان هەبێت، نەك رێكخستنی وەهمی، یان هەیە ماوەیەك بۆ كارێكی دیاریكراو پەیوەندی بەحزبەوە دەكات یان شوێنەكەی دەگۆڕێت یان ناتوانێت پابەندبێت بە ئیلتیزامە حزبییەكان، بۆیە دادەبڕێت و ناوەكەی رەنگە رەش نەكرابێتەوە، بەڵام بەو هەنگاوەی ئێستا خۆمان لەو دووبارەبوونەوەی ناوەكان دەپارێزین.

رووبەر: بەگشتی ئەو هەلومەرجەی پێشوو، چ زەرەر یان قازانجێكی بۆ پارتی هەبوو؟ 
ساسان عەونی: پارتی وەكو پێكهاتەیەك لەناو كۆمەڵگەی كوردستانیدا بێگومان رووداوەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستان كاریگەری لەسەری دەبێت، بەهەمان شێوەش پارتی وەكو حزبێكی سیاسی كاریگەری لەسەر كۆمەڵگە دادەنێت، بۆیە پێموایە ئەو رووداوانەی كە بووە بەلایەنی باش و خراپی كاریگەری لەسەر پارتییەوە هەیە و پارتیش توانیویەتی كاریگەری هەبێت، چونكە ناكرێت حزبێكی سیاسی بەدوور بگیرێت لە كاریگەرییەكانی ناو كۆمەڵگەی خۆی.

رووبەر: پارتی ئێستا زۆرترین هەنگاوەكانی ئاڕاستەی هەولێرە، ئایا ئەمە پەیوەستە بەوەی خەڵكی هەولێر لەماوەكانی رابردوو دژی پارتی و حكومەت خۆپیشاندانیان نەكردبوو؟ 
ساسان عەونی: پێموایە پارتی بایەخ بە هەموو شوێن و پارچەیەكی كوردستان دەدات بە هەموو شار و شارۆچكەكانەوە، بۆیە ئەو گۆڕانكارییانەش هەموو ناوچەكانی گرتووەتەوە، هەر لە زاخۆوە تا خانەقین، بەڵام بێگومان هەولێر پایتەختی كوردستانە و شوێنی كۆبوونەوەی دەسەڵاتەكانە بە حكومەت و پەرلەمان و بارەگای سەركردایەتی حزبەكانیشەوە، پارتیش خۆی خاوەن پێگە و جەماوەری بەرفراوانە لەسنووری پارێزگای هەولێر بەجۆرێك پێنج لقی گەورەی پارتی لەسنووری هەولێرە، بەتەئكید گەر رێژەی بایەخ پێدانیش بێت لەبەرئەوەی پایتەختە و پێگەی جەماوەری پارتی تێدا بەهێزە بایەخی پێدەدات، بەڵام بایەخی بەجێگەكانی دیكەش داوە بۆ نموونە گۆڕانكارییەكان پێش ئەوەی لە هەولێر بكرێت لە سلێمانی و كەركوك و بادینان كراوە.

رووبەر: كەواتە قسەكەی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە لقی دوو لەكاتی رووداوەكانی ئەمدواییەی سلێمانی كە ئاماژەی بەوەكرد هەڵوێستی خەڵكی هەولێریان لەبەرچاوە، ئەمە تاچەند كاریگەری هەبووە لەسەر گۆڕانكارییەكانی پارتی لە هەولێر؟
ساسان عەونی: پارتی خاوەن پێگەیەكی جەماوەریی گەورەیە لە هەولێر و پاراستنی ئارامی هەولێر و ئەو دەسكەوتانەی خەڵك لەهەولێر بینویەتی كە لەلایەن پارتییەوە پێشكەشیكراوە رێز لەو دەستكەوتانە دەگرێت و رێز لە ژیانێكی ئارام و خۆشگوزەرانی خۆیان دەگرن، بەدڵنیاییەوە ئەوە دەبێتە هاندەری زیاتر بۆ پارتی كە خزمەتیان بكات، بەڵام تەئكید لەسەر ئەوە دەكەمەوە گرنگی پارتی تەنیا بۆ هەولێر نییە، بەڵكو پارتی لەهەر شوێنێك دەسەڵاتی هەبێت و بتوانێت خزمەت بكات خزمەت بە خەڵك پێشكەش دەكات، كە دەڵێم پارتی مەبەستم لەتوانایی پارتییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وەكو بەشێك لەدەسەڵات.

رووبەر: لەسەر ئاڵوگۆڕی بەرپرسانی لق و مەكتەبەكان پرسیارێكی ترم هەیە ئایا لەم دوو هەفتەیەدا گۆڕانكارییەكان خێرا كراون؟
ساسان عەونی: كات بەسەرچووە، چونكە پێنچ مانگە كۆنگرە تەواوبووە و دەبووایە لە دوو مانگی یەكەم گۆڕانكارییەكان بكرابووایانە، بەڵام رووداوەكانی كوردستان كاریگەری لەسەر دواكەوتنی گۆڕانكارییەكان هەبوو، بۆیە ئێستاش بەردەوامن.

رووبەر: ئەی بڕیاری گۆڕانكارییەكانی ناو پارتی تاچەند پەیوەستە بەو فشارانەی ماوەیەكە لەسەر پارتی و یەكێتی وەكو دوو حزبی حكومڕان هەن؟
ساسان عەونی: پێموانییە فشارێكی جەماوەری وا لەسەر پارتی و یەكێتی هەبووبێت تا گۆڕانكاری حزبی ناوخۆیی بكەن، بەڵكو ئەو گۆڕانكارییە حزبیانەی كە پارتی دەیكات شتێكی ناوخۆییە و پەیوەستە بەدەرهاوێشتەكانی كۆنگرەی سێزدەمینی پارتییەوە، هیچ پەیوەندی بەشتی دەرەكییەوە نییە، چونكە دوای هەر كۆنگرەیەك كۆمەڵێك گۆڕانكاری دەكرێن.

رووبەر: ئەی تاچەند پەیوەستە بە تەوافقی ناو مەكتەبی سیاسی پارتییەوە؟
ساسان عەونی: مەبەستت لە تەوافق چییە؟
رووبەر: مەبەست لە بۆچوونە جیاوازەكانی ناو مەكتەبی سیاسی پارتییە ئەگەر لەسەر كەسێك هەبن؟ ساسان عەونی: بەكارهێنانی چەمكی تەوافق بۆ ناوخۆی حزبێكی وەكو پارتی چەمكێكی هەڵەیە، چونكە تەوافق بۆ بارێکی سیاسی ئاڵۆزی بۆ نمونە وەک لە باری ناوخۆی عێراق بەكاردێت كە پێكهاتەكەی پێکهاتەیەکی ئاڵۆز و تێکەڵە لە بواری ئیسنی و نەتەوەیی ومەزهەبی  لە كورد و عەرەب و توركمان و سوننە و شیعە و چەندین پێکهاتەی تر پێكدێت، بەبێ بەشداریكردنی یەكێك لەو پێكهاتانە و بەبێ تەوافق بڕیاری سیاسی لە عێراق لا سەنگی تیادا ڕوو دەدات ، بەڵام پارتی پێویستی بەتەوافق نییە لەبەرئەوەی پارتی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسییەكی یەكگرتووی هەیە كە كۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات هەموو پارتی پێوەی پابەندە.

رووبەر: ئایا لەو ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییانەدا چەند خواستی ئەو كەسانە وەردەگیرێت كە بەرپرسیارەتیان پێدەسپێردرێت؟
ساسان عەونی: بۆخۆم پرسم پێكراوە و ئاگاداریشم هەڤاڵانی دیكەش لە وەرگرتنی پۆستەكاندا پرسیان پێكراوە و هەیە بەشوێنەكەی خۆی رازیبووە، هەشە پێی باشە لەشوێنێكی دیكە خزمەت بكات، چونكە لە روانگە تایبەتمەندی كەسەكانەوە بەرپرسیارەتییەكان دیاریدەكرێن. 
رووبەر: بڕیاربوو هاوكاتی ئەو گۆڕانكارییە حزبیانە، پارتی لە حكومەتیش گۆڕانكاری بكات، ئایا ئەو گۆڕانكارییانە بۆ دواكەوتن؟
ساسان عەونی: پەیوەستە بەو بەرنامە چاكسازییەی سەرۆكی هەرێم و كاری لەسەر دەكرێت، هەركاتێك پێویست بێت گۆڕانكاری لەهەر شوێنێك بكرێت جێبەجێ دەكرێت، دواكەوتنی گۆڕانكارییەكانی ناو حكومەت لەلایەن پارتییەوە لەوانەیە پەیوەست بێت بە تەواوی گۆڕانكارییەكانی حكومەت لەگەڵ یەكێتی.

رووبەر: پێتوانییە گۆڕانكارییەكانی حكومەت دواكەوتبن؟
ساسان عەونی: نەخێر، چونكە تەمەنی ئەو كابینەیەی حكومەت هێشتا دوو ساڵی تەواو نەكردووە، دیارە تەمەنی هەر كابینەیەكیش چوار ساڵە، من پەیوەندیم بەسەر هەموو كابینەكەوە نییە، بەڵام كە تەماشای كوتلەی پارتی دەكەم لەناو حكومەت ئیش و كارەكان باش دەڕۆن، گەرچی رەنگە بۆچوونی جیاوازی هەبێت، چونكە مرۆڤ حەزدەكات كارەكان بەباشترین شێوە بەڕێوەبچێت، لەگەڵ ئەوەش رووداوێكی وا رووینەداوە كە پێویست بكات كوتلەی وەزاری ئێمە بگۆڕێت.

رووبەر: بۆچوونێك هەیە پێیوایە گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی پارتی پەیوەستە بە بڕیارە چاكسازییەكانی سەرۆكی هەرێم وەكو رێگەخۆشكردنێك بۆ سەركەوتنی گۆڕانكارییەكانی سەرۆكی هەرێم؟
ساسان عەونی: گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی پارتی پەیوەست نییە بەشتی دیكەوە، چونكە دوای كۆنگرە بەرنامە و پەیڕەوێكی تازەی كاركردن دادەڕێژرێت و پەیوەندی بەبڕیارە چاكسازییەكانی سەرۆكی هەرێمەوە نییە.

رووبەر: لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕەكانی پارتی دەستەی رێكخراوە جەماوەریی و پیشەییەكانیشی گرتووەتەوە، ئایا ئەو
 گۆڕانكارییانە پەیوەستن بەچییەوە؟
ساسان عەونی: دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانیش وەكو هەموو دەستەكان و مەكتەبەكانی سەركردایەتی وەكو مەكتەبی رێكخستن و دەزگای راگەیاندن و دەزگای دیراسات و ئەكادیمیای حزبی و مەكتەبی پەیوەندییەكان و مەكتەبی دارایی، یەكێكە لەو پێكهاتانەی سەركردایەتی حزب پێكدەهێنن بۆ سەرپەرشتیكردنی كاری رێكخراوە جەماوەری و پیشییەكانی پارتی، بۆیە بەباشزانرا دوو ئەندامی سەركردایەتی بەسەرپەرشتی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن.

رووبەر: دەستەكەی ئێوە تاچەند ئاسانكاری دەبێت تا لەمەودوا رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان ئازادتربن لەكاری خۆیان و هێندە نەگەڕێننەوە بۆ سەرووی خۆیان و زیاتر پەیوەست بن بەكاری رێكخراوەیی نەك حزبی؟
ساسان عەونی: لەوەتەی پارتی لەساڵی 1953 بڕیاری دامەزراندنی رێكخراوە جەماوەرییەكانی خۆی داوە ئەوەی لەپێش چاو بووە كە ئەو رێكخراوانە دوو ئامانجیان هەیە، یەكێكیان ئامانجی پیشەیی تایبەت بەو توێژانەیە كە خۆیان نوێنەرایەتی دەكەن، دووەمیش ئامانجێكی حزبی و سیاسیشی لەپشتە بەوەی كە پارتی دەیەوێت لەرێگەی ئەو رێكخراوانەوە ئەندام و دەنگی زیاتر بۆ خۆی كۆبكاتەوە، پێشتریش ئەو رێكخراوانە ئازادییان هەبووە و لەمەودواش ئەو ئازادییەیان بەردەوام دەبێت، چونكە ئەو رێكخراوانە خاوەنی بەرنامە و پەیڕەوی خۆیانن و پارتی تەداخول ناكات و خۆیان دایدەنێن و سەركردایەتی خۆیان هەڵدەبژێرن.

رووبەر: یەكێك لەو گلەیی و رەخنانەی لە رێكخراوەكانتان دەگیرێت تەداخولكردنی رێكخراوەكانتانە لەكاری زانكۆیی و حكومی؟ ساسان عەونی: پێشتر سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووم و لەو ماوەی سكرتێریش نەماوم وەكو هەڤاڵێك لێیانەوە نزیك بووم، ئەو شتەی ناوی لێدەنرێت تەداخول بەوجۆرە نییە كە یەكێتی قوتابیان یان رێكخراوەجەماوەرییەكان تەداخول لەئیش و كاری حكومەت بكەن، ئەگەر هەماهەنگییەكیش هەبێت لەرێگەی ئەو نوێنەرانەوەیە كە هەڵبژێردراوی قوتابیانن، گەر بابەتێكیش لەبەرژەوەندی گشتی قوتابیان بێت هەم یەكێتی قوتابیان هەمیش فیدراسیۆنی رێكخراوە قوتابی و خوێندكارییەكان بەیەكەوە قسەی لێوەدەكەن.

پڕۆفایل:
ساسان عەونی ساڵی 1970 لە شارۆچكەی كۆیە لەدایكبووە و خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە كۆیە تەواوكردووە، دەرچووی بەشی مەدەنی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەددینە، ماستەرەكەی لەبەڕێوەبردنی كارە لە زانكۆی فەڕەنسی ـ لوبنانی. لە ساڵی 1991 پەیوەندی بە یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كورستانەوە كردووە، پاشانیش پلەكانی رێكخراوەیی لەو رێكخراوەدا بڕیوە، ساڵی 1993 بووەتە سكرتێری یەكێتی قوتابیان، ساڵی 1998 بووەتە كاڕگێری لقی دوو، ساڵی 2005 ب هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەی 13ی حزبەكەشیدا لە ٢٠١٠ بووەتە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئێستاش یەكێكە لەبەرپرسانی دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی 

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە