گفت و گۆیەک لە پێناوی یەکخستنی دەنگەکان و دەستەبەرکردنی هیواکان ٢٦ /١٢/٢٠١١


26 دیسەمبەر 2011

ئەم بابەتە لە بازنەیەکی گفت و گۆ پێشکەش کرا کە سەنتەری (ژیاو) و (ئاسوودە) سازیان دابوو 

· سوپاس بو رێكخستنی ئەم بازنەیەی گفت و گۆ .
· هیواخوازم ئەم گفت و گۆیە , گفت و گۆی درێژ تر و بازنەی بیر و ڕا گۆڕینەوەی فراوانتر و ئاڵ و گۆڕی تێروانینی چڕتر و زیاتری هەموولایەنەكانی بە دوا بێت , بۆ دەرباز بوون لەم قۆناغە و لەهەر بارگرژیەك كە كاریگەری هەبێت لەسەر رەنگڕێژكردنی ئایندەی كوردستان. 

· ئەم گفت و گۆیە لە كاتێكدایە و هەوڵێكە بۆ نزیككردنەوە و یەكخستنی دەنگەكان , كە بەهۆی هەندێ‌ ڕوداوەوە هەست دەكرێت ناو ماڵی كورد لە كاتێكی هەستیاردا , وەك پێویست ڕێكخراو نیە , لەكاتێكدا كە بەبەراورد لەگەڵ هەموو ساڵانی ڕابردوو بە تایبەتی لە دوای 2003 وە ناو ماڵی كورد پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی و یەكدەنگی هەیە .
· یەكڕیزی و تەبایی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی و هەماهەنگی لە كوێ‌ و لە چ كاتێك ؟؟

o لە عیراقێك لەسەر لێواری تەقینەوەیە .

o لە رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاست كە خەریكە گڕ دەگرێت یان بە فیعلی گڕی گرتووە .

o لە پارچەیەك لە جیهان كە ململانێ‌ ی زلهێزەكان و هێزەهەرێمایەتیەكان و دریژ كراوەكانیان خەریكی تەسفیەی بەرژەوەندیەكان و داڕشتنەوەی نەخشەكانن .

· بۆیە پێم وایە ناكرێت بە جیا تەماشای باری كوردستان بكەین بە دابڕاوی بە بێ‌ ئەوەی بە گەورەتر و دوور تر تەماشای نەخشەی ململانێ‌ ی هێز لە جیهان و هەرێم و عیراق لە دەوروبەرمان نەكەین و دیراسەت و لێكۆڵینەوە لەسەر كاریگەریەكانی ئەم ململانێیانە لەسەر باری سەقامگیری و پێشكەوتنی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و بە پێچەوانەشەوە نا سەقامگیری و گرژی لە هەرێم نەكەین . 
· نامەوێت بە درێژی بچمە ناو هەندێ‌ بابەتەوە , بەڵام لەسەر ئاستی جیهانی ناكرێت ئەو ململانێیە نادیدە بگرین كە ماوەی بیست ساڵ بوو بە شێوەیەك لە شێوەكان خەفە كراوبوو , كەچی لەمساڵدا زۆر بە زەقی لە نێوان ئەمریكا و رۆژئاوا لە لایەك و روسیا و چین لە لایەكی ترەوە لەسەر بەرژەوەندیەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و پشتگیریكردن و دژایەتیكردنیان بۆ راپەرینی میللەتانی ووڵاتانی عەرەب سەری هەڵدایەوە . كە ئەم هەڵوێستە زۆر بە زەقی لە لیبیا و ئێستاش لە سوریا دا ڕەنگدانەوەی هەیە .
· ململانێی توركیا لە لایەك و ئیران لەلایەكی ترەوە لەگەڵ هاومەزهەب و دۆستەكانیان , بۆ دەستڕۆیشتن و باڵا دەستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئەفغانستان , لە لوبنان , لە یەمەن , وە بە تایبەتیش لە سوریا و لە عیراق زۆر بە ئاشكرایی بەرجەستە بووە .
· كوردستان بە حوكمی هەڵكەوتە جوگرافیەكەی دەكەوێتە سەنتەری ئەم ململانێیانە و بەدەر نیە لە كێشكردن و كاریگەری و كارتێكردن .

· لە كاتێكیشدا ئێوە و بەشێكی زۆر لە شەقامی كوردستان داوای یەكخستنی دەنگەكان دەكەن كە عیراق لەسەر لێواری تەقینەوەیە , لەسەر لێواری گڕگرتن و شەڕێكی تایفی و مەزهەبیە ,, كە كەس نازانێت ئەگەر ڕووی دا ئاكامەكانی بە چ دەگات وچارەنووسی ئەم نەخشەیەی ئێستا چ دەبێت .
· جا خەڵكی كوردستان و ئەو هێزە سیاسیانەی كە نوێنەرایەتی ئەم خەڵكە دەكەن كە ببینن كوردستان لە ژێر هەڕەشەی پروشک بەركەوتن یان گڕگرتنی فیعلی دابێت , ئەوا بەرژەوەندی باڵای كوردستان وا دەخوازێت كە هێزە سیاسیەكان تەجاوزی هەندێ‌ بەرژەوەندی بچووك و خیلافاتی بچووك ( بە بەراورد لەگەڵ گەورەیی تەحەدیەكان ) بكەن . بۆ ئەوەی كوردستان بە ناو ماڵێكی رێكخراو و ئامادەوە , بە بەرچاو روونی و ووریاییەوە مامڵە لەگەڵ هەر پێشهات و هەر ئەگەرێك بكات كە روو بە روومان دەبێتەوە .
· بۆیە بە بیر و ڕای من ئەولەویەتی ئەم قۆناغە ڕێكخستنەوەی ناو ماڵی كوردستانە
· لابردنی هەموو جۆرێكی گومانە لەسەر جدی بوون و مەبدەئی بوونمان لەسەر پێكەوە ژیانی ئاشتیانە ی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتە ئیسنی ودینیەكانە 

· لابردنی هەموو جۆرێكی گومانە لەسەر تەبایی و پێویستی بەیەكەوە ژیان و گوزەران و كاركردن و هەبوونی استقرار و ئاشتەوایی و هەبوونی عیلاقاتێكی متەوازون لە نێوان سەرجەم پێكهاتە و حیزبە سیاسیەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە

· چونکە پاراستنی دەستكەوتەكان و بارو دۆخی ئێستا تەنها ئەركی یەك لایەن بەتەنها نیە بەڵكو ئەركی هەموو لایەنەكانە جا دەسەڵات بن یا ئۆپۆزسیۆن .
· ئەولەویەتێكی تر رژدبوونە لەسەر پرۆسەی چاكسازی و بەدامەزراوەیی كردنی كارەكان و باڵا دەستی یاسا و موئەسەساتی دادوەری و روو بە روو بونەوەی دیاردە سیاسی وئیداری و كۆمەڵایەتیە نەشیاوەكان 

· لە وەزعی عیراقیش لەم بارو دۆخە پێداگیری لەسەر : 

o بەرژەوەندیە باڵاكانی هەرێمی كوردستان 

o شەراكەت لە حوكم نەوەك ئینفراد لە حوكم 

o لانەدان لە مەبدەئی تەوافق 

o یاری نەكردن بە كارتی مەزهەبی و تایەفی 

o ئیقسا نەكردنی هیچ پێكهاتەیەكی نەتەوەیی یان دینی 

o هەنگاو نان بەرەو هێوركردنەوەی بارو دۆخ

بە تەئكید یەكخستنی دەنگەكانمان لەم قۆناغەدا , هەنگاو هەڵێنانێكی ترە بەرەو ئەنجام دانی كۆنگرەی نەتەوەیی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و دۆستایەتی و پێكەوە ژیان و خستنە ڕووی مافەكانی كوردستانیان بۆ هەموو دونیا لە ڕێ ی خەباتی مەدەنی و دیموكراتیانە . 

· لە كۆتاییشدا داوا لە ئێوەی بەرێز دەكەم وەك ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی كە بەردەوام هاوكاری هێزە سیاسیەكان بن بۆ دارشتن و دارشتنەوەی ئەولەویات , بۆ سازدانی حەلەقاتی نیقاشی زیاتر لەسەر سەرجەم پرسەكان , بۆ هەوڵدانی زیاتری نزیك كردنەوەی حیزب و لایەنە سیاسیەكان و كەم كردنەوەی ناكۆكی و جیاوزیەكان .

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە