یەکخستنەوەی ماڵی کوردی ، پێویستیەک بۆ روو بە ڕوو بونەوەی ئەگەرەکان .. حیزبە کوردستانیەکان تەئکید لە یەکدەنگی و یەکگوتاری دەکەنەوە

بەڕێزان ساسان عەونی و هیوا میرزا سابیر و ئاسۆ مامەند و سەلیم كۆیی لە گفتوگۆیەكی كراوەدا، چیان وت؟

ئاسۆ عەلی فەرەج 

كۆدەنگیەكان لە شەقامی كوردستانیدا هەیە بۆ یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی و خۆئامادەكردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەكان، بەتایبەتی لەمڕۆی رەوشی ناوچەكە و ئێراق، حزبە كوردستانییەكانیش بە دورشمەكانیان تەئكیدیان لەم لایەنە كردۆەتەوە، بەڵام بۆ زیاتر قسە لەسەركردنی ئەم پرسە، دوێنێ لە هەولێری پایتەخت، سەنتەری ژیاو و ئاسوودە گفتوگۆیەكی كراوەیان بەناونیشانی (گفتوگۆیەك لە پێناو یەكخستنی دەنگەكان و دەستبەركردنی هیواكان) بۆ هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی رێكخست. 

لە میانی ئەم گفتوگۆ كراوەدا، كە تایبەت بوو بە دیدی حزبەكان بۆ یەكخستنەوەی نێوماڵی كوردی و یەكگوتاری ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان روئیایی حزبەكەی واخستەڕوو، كە ئەوان جەخت لەسەر ئەم لایەنە دەكەنەوە، ئاسۆ مامەند ئەوەشی خستەڕوو، هەموو شۆڕشەكانی كورد ئامانج و خەباتیان بۆ ئەوە بووە، كە ئەزموونێك بونیادبنێت، بتوانێت بە دیموكراسی و ئازادی مافەكانی خۆی مومارەسە بكات، ناوبراو تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە، یەكدەنگی و یەكگوتاری شتێكی زۆر گرنگە، پێویستە هەموومان یەكدی قبوڵ بكەین، جیاوازییەكانمان هۆكار نەبێت لە داواكەوتنی پرسە نەتەوەییەكانمان. ئاسۆ مامەند لەبارەی رەوشی ئێراق و ئەگەرەكانی و خۆئامادەكردنی كورد بۆ ئەم رەوشە ئاماژەی بەوە كرد، ئێستا رەوشێك لە ئێراق هەیە پێویستە خۆمان وەك كورد ئامادەكاری بكەین بۆ ئەگەرەكانی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرانە. دەبێت بزانین بەرژەوەندی میللەت و نەتەوەكەمان لە كوێدایە، بێگومان ئەمەش بە چارەسەركردنی كێشەكانمان دەبێت. 


هیوا میرزا سابیر ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی وێڕای دووپاتكردنەوەی سیاسەتی حزبەكەی لە بواری شەفافیەت و دادپەروەری تەئكیدی لەوەكردەوە، بەڵێ پێویستە ناوماڵی كوردی رێكبخرێتەوە، بەڵام پێویستە ئەو قۆناغەش دەرباز بكەین، كە ئێمە ئەزموونێكی 20 ساڵەمان هەیە و پێویستمان بەوە هەیە قۆناغێكی دیكە بچینە پێشەوە، هەروەك ناوبراو گوتی: ئێستا كوردستان شەرعیەتی یاسایی و دەستووری خۆی هەیە و هیچ مەترسیەك ناتوانێت بیرۆخێنێت. هیوا میرزا تەئكیدی لەوەشكردەوە، سیستەمی پەروەردە و هەموو ئەو سیتسەمە كۆمەڵایەتیەكانی دیكە هۆكارێك بوونە بۆ تۆخكردنەوەی توندوتیژی و رق و كینە، پێویستە كار لەسەر ئەو ئاستە رۆشنبیرییە بكرێت، ئەم ئاڕاستەیە لە نێو كۆمەڵگا بوونی نەمێنێت. هەروەك جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، دەبێت راستگۆیی و متمانە بگەڕێنینەوە بۆ نێوان حزبەكان و بێن چارەسەری كێشەكان بكەین، هەمووان داوای دادپەوەری و سەروەری یاسا دەكەن، داوای هیچ شتێكی دیكە ناكرێت. هیوا میرزا لەبەشێكی بۆچوونەكەیدا گوتی: ئێمە لەسەر زۆر بابەت یەك دەنگین وەك حزبە كوردستانیەكان، لەسەر ئاستی ئێراق یەكدەنگیمان هەبووە و هەیە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوخۆ كۆمەڵێك كێشە هەن پێویستیان بە چارەسەری خێرا هەیە. 
سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی دیدگای حزبەكەی بۆ بابەتی گفتوگۆ و دیالۆگ و چارەسەری كێشەكان وا وەسفكرد، كە خەباتی هەموومان بۆ ئەوە بووە رۆژێك لە چوارچێوەی كیانێك بە برایەتی و دادپەروەریی و یەكسانی ژیان بەسەر بەرین، ناوبراو تەئكیدی لەوەشكردەوە، سەیری مێژووی خەباتی حزبەكان بكەین، هەموویان خەباتیان بۆ ئازادی بووە. سەلیم كۆیی ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا گۆڕانكارییەك لە ناوچەكە بەڕێوەیە ئێمە پێویستە خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەرانەی ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئێمە هەموومان چاوەڕێ ئەوەین ئەزموونی هەرێمی كوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و دادپەوەری زیاتر بچەسپێت. شتی باش هەر باشە، بۆچوونی باش هەر باشە، بۆ نموونە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی جارێك لەبارەی باڵیۆزێكی كورد كە یەكگرتووە لە لوبنان گوتی: ئەو كوردێكی دڵسۆزە و كاری باش دەكات، ئەمە بۆچوونی سەرۆك بارزانییە دەبێت ئێمە بە نەفەسەوە كار بكەین. بە شتی باش بڵێن باشە و بە شتی خراپیش بڵێن: خراپ. 

دواتر ساسان عەونی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هەڵوێستی پارتییەوە ئاماژەی بەوە كرد، هەمووان دەزانن پارتی دیموكراتی كوردستان بە قەدەر قوربانییەكانی بگرە زیاتر تەسحیەی بە زۆر شت داوە لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ناوبراو تەئكیدی لەسەر ئەوەشكردەوە، بۆ دەرباز بوون لەم قۆناغە پێویستمان بە گفتوگۆ و دیالۆگە، هەروەك گوتیشی: بەداخەوە هەندێك رووداوی نەخواستراو روویاندا لە كوردستان بووە هۆی پەرت بوونی یەكدەنگیەكەمان، ساسان عەونی دواتر بابەتەكەی پەیوەست كرد بە ئێراق و ناوچەكە و جیهانەوە و گوتی: ئێمە لە ئێراقێك دەژین لە لێواری تەقینەوەیە، لە ناوچەیەكی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاستداین، كە گڕی گرتووە، لە جیهانێكین كە ململانێی زلهێزەكان گەرمتر بووە، ناكرێت وا سەیر بكەین كوردستان دوورە لەو نەخشە و پریشكەی لە رێگایە، دەبێت دیراسەمان بۆ رەوشەكە هەبێت و یەكدەنگی و یەكگوتاریمان هۆكارێكە بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونمان. ساسان عەونی تەئكیدی لەوەشكردەوە، لەسەر ئاستی جیهان نابێ ئەو ململانێیەی هەیە نادیدە بگرین كە لەڕێی ململانێی ئابوورییەوە دەینوێنین، هەروەك لەم چەند ساڵەیەدا زیاتر زەقبووەوە و ئێستا ململانییەكە گواستراوەتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەخشەیەكە پێویستە ئێمە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین. 
بەڕێز ساسان عەونی جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، ئێستا ململانیەكە بەشێوەیەك لە لایەن ئێران و توركیاوە درێژەی پێدەدرێت، وەك نیشاندانی باڵادەستیان لە یەمەن و ئەفغانستان و ئێراق و چەند وڵاتێكی دیكە، كوردستانیش لە چەقی ئەم ململانێیەدایە و بەدەریش نییە لە كاریگەریی ئەو ململانییە، كە دەتوانین بڵێن: شەرێكە كەس نازانێ ئاڕاستەی بەرەو كوێ دەچێت، كوردستان لە ژێر پرۆشی ئەو شەڕەدایە، دەبێ تەجاوزی هەندێك بەرژەوەندی بچووك بكەین، جیاوازییە بچووكەكان وەلابنرێت، بەڵام ئەو بەرژەوەندییە بچووكانە بە بەراوردی بەرژەوەندییە گەورەكان، كە بەرژەوەندی نەتەوەیین زۆر بچووكن، ساسان عەونی تەئكیدی لە سیاسەتی پارتی كردەوە و گوتی: دیدی پارتی وایە، ئەولەویتی ئێستامان بۆ ئەم قۆناغە یەكخستنەوەی ماڵی كوردی و پێكەوەیی و یەكدی قبوڵكردنە، پێویستمان بە تەبایی و یەكڕیزی و ئاشتەوایی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە، چونكە پاراستنی دەسكەوتەكان بەتەنیا ئەركی دەسەڵات نییە، ئەركی هەموو حزبە و تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە. 

ساسان عەونی جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە مێژووی خەباتی خۆیدا، لەبەرئەوەی ئامانجە نەتەوەییەكان زاڵترین ئامانج بوونە، قوربانی زۆریداوە و تەسیحیەی زۆریشی لەم پێناوەدا و ئامادەییە قوربانی زۆریش بدات و هەموو لایەك شاهیدی ئەم ڕاستییەن، ئێستاش سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان بە هەموو توانا و ئیرادەیەكەوە پرۆسەی چاكسازی دەستپێكردووە و قۆناغی باشی بڕیوە، هەروەك ساسان عەونی جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، ئەم یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی و یەكگوتاری و یەكدەنگییە، پێمانوایە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەی نەتەوەیی دەبێت تەئكیدی لێبكرێتەوە و وەك پەیامێكیش بێت بۆ هەموو جیهان، كە كورد ئاشتی دەوێ و دەیەوێ بە خەباتی مەدەنیانە مافەكانی خۆی دەستبەر بكات.

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە