هەڤاڵانمان ، لە دوای هەشت ساڵ یادتان دەکەین .. یادتان بەخێر


هەشت ساڵ پێش ئەمڕۆ ١ی شوباتی ٢٠٠٤ بوو ،  بەیانی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان بوو ، هەڤاڵانی لقی دوو بە بەرپرس و کارگێر و کادرانەوە خۆمان ئامادە دەکرد بۆ پێشوازی لە میوانان . هەموو هەڤاڵان دەم بە خەندە و بە بەرگی جەژنەوە لە هات و چۆ و پیرۆزبایی و سڵاو کردن و شیرینی خواردن بوون . جیا لە ڕۆژە ساردەکانی مانگی شوبات ئەو ڕۆژە زۆر خۆش و ئاسمان ساف و بێگەرد بوو ، ئاپۆرای خەڵکی هەولێر هەر لە زووەوە ڕوویان لە بارەگای لق کرد بۆ پیرۆزبایی ، شەهیدان شەوکەت شێخ یەزدین و مامۆستا سەعد ، دواتریش شەهید ئەکرەم مەنتک لە ڕیزی پێشوازی میوانان بوون لەگەڵ مامۆستا شێخ اللە ابراهیم (جێگری لق) و کارگێرانی لق (بڵند اسماعیل ، احمد کانی ، ساسان عەونی ، کرمانج عبداللە ،پشتیوان ‌سادق، مقداد علی ، تاڵب سادق ) ، دواتر شەهیدان مەهدی خۆشناو و دکتۆر زەردەشتی کوڕی ، شەهیدان ئەحمەد ڕۆژبەیانی ومەحمود هالۆ و نەریمان عبد الحمید و ماهیر قەرەنی لەگەڵ کۆمەڵێک هەڤاڵ و میوانی تر هاتنە ناو هۆڵەکە ، کادرانی لقیش بەخێر هاتنی هەموو لایەکیان دەکرد ، شەهید مام خالد مەلا نەعمان بەرپرسی ئیدارەی لق بەردەوام خەریکی ڕێکخستنی ناو هۆڵەکە وشوێن کردنەوە بوو بۆ میوانان . دەستە دەستە میوان دەهاتن و بەڕێ دەخران .. نزیکی کاتژمێر دە و نیو بوو کە شەهید سامی عبدالرحمن لەگەڵ شەهیدان سەلاحی کوڕی و هەڵمەت هاتە ناو هۆڵەکە ، سەرەتا تەنها سڵاوی کرد بەڵام لە ناوەراستی هۆڵەکە گەڕایەوە و گوتی با تۆقە لەگەڵ ئەم گەنجانە بکەم ، گەرایەوە و یەکە یەکە تۆقەی لەگەڵ کردین ، کێ دەیزانی ئەمە تۆقەی ماڵئاواییە !! جەماوەری لیژنەی ناوچەی ڕزگاری لەگەڵ شەهید خەسرۆ گەزنەیی هاتنە ناو هۆڵەکە ولەگەڵ مامۆستا مەلا عەبدوڵا ریزیان بەست بۆ پیرۆزبایی ،، ئەوەندەی نەبرد کارەساتەکە ڕووی دا ، جەژنی کرد بە یەکێک لە تاڵ ترین رۆژەکانی ژیانمان ، لە یەک چرکە گیانی زیاتر لە پەنجا کەس لە هەڤاڵان و هاوڕێ خۆشەویستەکانی لێ جیا کردینەوە ..هەرگیز دیمەنی ناو هۆڵەکە لە دوای کارەساتەکە لە بیر و هۆشمان ناسڕێتەوە .. کێ بڕوا دەکات چەند ساتێک پێشتر گاڵتە و پێکەنیە جوانەکانی شەهیدان شوانی سەید کاکە و مەغدید ڕەواندزی و جەلیل ڕەوەند لەگەڵ هەڤاڵانیان بێدەنگ بووە ! سیمای بە ویقاری حەسەن بانیمارانی  نابینینەوە ، شەهیدان فوئاد جەوهەر و دارا جاف و فەرهاد ئەحمەد جارێکی تر باسی یاسا و بەڕێوە بردنی ناحیەکان ناکەنەوە ! فاتح زراری ناچێتەوە ناوچەکەی ، نەوزاد ڕەجەب باسی کێشە ئابووریەکان ناکاتەوە ، باران جەودەت ناجێتەوە واجب ، کامەران باس لە حیزبایەتی ناکات ،عەبدولواحید سەرپەرشتی پرۆژەکان ناکاتەوە ، عەبدولستار وێنەی بۆنەکان ناگرێتەوە ،ئەنوەر زێڕینگر جارێکی تر باسی خۆراگریەکانی زیندانەکانی بەعسمان بۆ ناکاتەوە ، ئەیوب .. ئاخ ئەیوبی هێمن و لەسەرخۆ چەند بە سەنگینی لەگەڵ غەریبی برات ساتەکانت تۆمار دەکرد .. داخ لە یەک چرکە هەمووتان لە خانەوادە و منداڵ و خۆشەویستان و ئێمە دابڕان ..  هەڤاڵانمان ، لە دوای هەشت ساڵ یادتان دەکەین .. یادتان بەخێر ..


Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە