چەند سەرنجێک بۆ کاری ڕێکخراوەیی


لەم ١٨ی شوباتە یادی پەنجا و نۆیەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی هەردوو یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکەینەوە و بەرەو شەستەمین ساڵیاد هەنگاو دەنێن . شەست ساڵ لە تەمەنی هەر ڕێکخراوێک ، جگە لە پیرۆز بایی کردن ، وەستان و هەڵوەستەکردن و هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە و بابەتیانەی دەوێت کە هۆکارو جومگەکانی بەردەوام بوون و پڕ بەخشش بوون و بە بزاوت مانەوەی ئەم یەکێتیانە بە دیار بخات ، ڕۆلیان لە پێگەیاندنی قوتابیان و لاوانی کوردستان و قوڵ بوونەوەیان بە نێو خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و پیشەیی لە هەموو سەردەمەکان و لە هەموو بوارەکان ئاماژە پێ بدات .
نامەوێت قسە لەسەر خەرمانی سەروەریەکانی ڕابردوو بکەم ، ئەم بابەتە بۆ تۆێژەر و میژوونوسانی ئەم بوارە جێ دەهێڵم ، دەمەوێت چەند قسەیەک لەسەر ئێستا و ڕوانین بۆ داهاتووی کاری ئەم ڕێکخراوانە بکەم ، چونکە هەر ڕێکخراوێک ئەگەر سەرکردایەتی و کادرانی ئاوێنەی ئێستا و پیداویستیەکانی سەردەم نەبن ، ڕێکخراوێک نەتوانێت بە بیری تازەی هەردەم نوێبوەوە لەم چاخە خێرایەی شۆڕشی زانیاری وکرانەوە و ئاگادار بوونەی دنیا لە یەکتری هەڵس و کەوت و ڕەفتار بکات ، ئەوا بێگومان خەرمانی مێژوو و سەروەریەکانی چەند دوور و دریژ و باڵا بێت ناتوانێت ببێتە زامنی مانەوە و بەردەوام بوون و بڕوای تا سەری توێژەکەی .
ئەم تەمەنە پڕ بەخشش و داهێنانە ، ئەرکێکی گران دەخاتە سەرشانی کادرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان کە چۆن بتوانن بە کەرستە تازەکانی سەردەمی ئێستای کاری ڕێکخراوەیی ، سەر لە نوێ کار لەسەر هەندێ چەمک بکەن کە لە ئێستا زیاتر جێ ی بڕوا و متمانەی قوتابیان و لاوان بن .
چەمکەکانی ، ژیانی بوونی خوێندن و فێر بوونی بەردەوام ، جێنەهێشتنی کورسیەکانی خوێندن ، ڕیز گرتن لە دەزگاکانی پەروەردە و فێربوون ، قوڵ بوونەوە بە ناو زانست و سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیا ، کارکردن لەسەر نەش و نما کردنی کەسێتی و زانستی بوونی قوتابیان و لاوان .
کارکردن بۆ فەرهەم کردنی دیموکرسی لە ناو ناوەندەکانی خوێندن و دروستکردنی پەیوەندی سەردەمیانەی نێوان مامۆستا و لایەنەکانی خوێندن لە لایەک و قوتابی لە لایەکەی تر ، کە بەهای زانست وکەسێتی قوتابی و کەسایەتیە ئەکادیمیەکانی تێدا پارێزراو بێت .
کار کردن لەسەربەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی لە زانکۆ و ناوەندەکانی خویندن و پێشگرتن لە زاڵ بوونی ڕوانینی بازرگانیانە بۆ خویندن لە سەر حیسابی کوالێتی و ناوەندە نیشتمانیەکانی خویندن .
هاندانی لاوان و قوتابیانی کوردستان بۆ بەدەست هێنانی لێزانی (مەهارات)ی زیاتر لە هەموو ئەو بوارانەی کە بازاڕی کاری کوردستان پێویستیەتی . بە تایبەتیش کە کورستان بووەتە بازاڕێک کە زۆر کۆمپانیای جیهانی کاری تێدا دەکات ، پڕ کردنەوە و کێبڕکێ لەسەر شوێنەکانی کار ، بڕوانامە وئاستێکی تایبەتمەند و شارەزایی و لێزانینی زیاتری پێویستە .
هاندانی لاوانی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی بازاڕی کار لە کوردستان و تێگەیاندنیان بۆ بەکاربردنی ووزە و تواناکانیان لە کاری بەرهەمهێن و ئیکتیفا نەکردن بە دامەزران وەک فەرمانبەری حکومی .
هەوڵدان لەگەڵ دەزگا تەشریعی و حکومیەکان بۆ دانانی یاسا و ڕێسای تایبەت بە بەکار بردنی لاوان و دانانی ڕێژە و ئەولەویەت بۆ بەکاربردنی تازە دەرچوان و گەنجانی کوردستان لە بەرامبەر هێزی کاری غەیرە کوردستانی کە خەریکە بازاڕی کوردستان قۆرخ دەکات.
پەرەپێدانی گیانی کاری خۆبەخشانە لە کاری ڕێکخراوەیی لاوان و قوتابیان و کایەکانی تری کاری کۆمەڵایەتی و بوار نەدان بۆ دروست کردنی بەرژەوەندی لەسەر حیسابی چۆنیەتی لە کاری ڕێکخراوەیی .
کارکردن لەسەر لایەنی فیکری و مەعریفی قوتابیان و لاوان و هەوڵدان بۆ دروستکردنی پرد و رایەڵەی نێوان خۆماڵی بوون و جیهانی بوون و پاراستنی ڕەسەنایەتی .
پەرەدان بە کاری هاوبەشی ڕێکخراوەیی و کرانەوە بەسەر هەموو بیر و بۆچونە جیاوازەکان و کارکردن لەسەر کاڵکردنەوەی بیری یەکتری نەخوێندنەوە و سڕینەوە .
پەرپێدان و پراکتیک کردنی بیری ژینگە پارێزی و ئاگادار بوون لە سروشتی کوردستان و بە فیڕۆ نەدانی سامانە سروشتیەکان . ئەرکی سەرەکی لاوانی کوردستانە کە کۆمەڵگا هۆشیار بکەنەوە لە سنورداربوونی ئاو وکانزا و نەوت و بەرهەمەکانی خواردن ، پێویستە هەڵمەتی هوشیاری و ئاگایی دەست پێبکەن و سنور بۆ زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیان دابنرێت و بزانرێت کە ئەم سامانانە تەنها بۆ ئەم نەوەیە نیە و بەشی نەوەکانی داهاتووی کوردستانیشە .
پێکهێنانی تۆڕی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی تری کۆمەڵگای مەدەنی و کارکردن لەسەر هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسیەکانی دیاردەی گەندەڵی و بەشداری کردن وەک کۆمەڵەکانی فشار بۆ سنوردانان لە بەرامبەر ئەم دیاردەیە .
کارکردن لەسەر پتەو کردنی ئینتیما و هەستی نیشتمان پەروەری و ووڵاتپارێزی و خۆشەویستی بۆ خاک و نەتەوەکانی کوردستان .
ئەمانە و دەیان ئەرک و چەمکی هەستیاری تر ، لە ساڵیادی بەرەو شەستەمین ساڵی تەمەن دەبێت لە ئەجندای کار لەسەرکردنی یەکێتی لاوان و قوتابیانی کوردستان دا بێت .

لە رۆژنامەی هەولێر لە رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە 
http://www.hawler.in/article2775-506.htm




Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە