‌هەڤپەیڤین لەگەڵ رۆژنامەی خەبات ژمارە ٣٩٩٩ لە ١٩ ی شوباتی ٢٠١٢


ساسان عەونی: یەكێتی قوتابییان و یەكێتی لاوان لە نوێبوونەوەی بەردەوامدان

خەبات: ئاسۆ عەلی فەرەج - ئاری مامشەیی 

ساڵرۆژی یەكێتی قوتابییانی كوردستان و یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ئەوەمان بەبیر دەهێنێتەوە كە ئەو دوو رێكخراوە تەمەندرێژ و خودان پڕ سەروەرییە ئەركی سەختیان لەبەردەمدایە لە گونجان لەگەڵ شەپۆڵەكانی جیهانگیریدا. بەرێز ساسان عەونی، بەرپرسی دەستەی رێكخراوە جەماوەرییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ خەبات، جەخت دەكاتەوە لەسەر نوێبوونەوە و بەردەوامبوون لەسەر رێبازی كوردایەتی بەمەبەستی خزمەتكردنی هەردوو چینی قوتابییان و لاوان.
بەرپرسی دەستەی رێكخراوە جەماوەرییەكان ستایشی 59 ساڵ خەباتی ئەو دوو رێكخراوەی كرد و گوتی: "59 ساڵ، مێژوویەكی دوور و درێژی پڕ لە هەوراز و نشێوە، پڕە لە سەركەوتن و دەستكەوت، پرە لە قوربانیدان. مێژووێكە ئەو دوو رێكخراوە توانیان بە لێهاتوویی و خۆنەویستی كادیرەكانیان تۆماری بكەن. لە ساتە ناخۆش و هەستیارەكانی مێژووی كوردستان، كادیرەكانی ئەو رێكخراوانە توانیان خۆنەویست و خۆبەشخانە كار و خزمەت بكەن تا باڵای یەكێتی لاوان و یەكێتی قوتابییان بگاتە ئەمڕۆ. بە بۆچوونی من مێژووی ئەم دوو رێكخراوە وەكو پێویست حەقی خۆی پێنەدراوە و پێم وایە پێویستە هەردوو رێكخراو پرۆژەیەكی گەورە ئامادە بكەن وەك بەشێك لە پرۆگرامیان و لێژنەیەكی تایبەتمەند دروست بكەن كە بەو مێژووە دابێتەوە و لێكۆڵینەوەی لەوبارەیەوە بكات، چونكە ناكرێت گەنجێكی پێگەیشتووی ئەمرۆ و گەنجێكی دوای راپەرین نەزانێت خەرمانی تەمەنی ئەو دوو یەكێتییە لە چ ئاستێكەدایە و شارەزایی نەبێت لەو بارەیەوە."
هەروها باسی لەوەكرد كە نوێبوونەوەی بەردەوام وای كردووە هەردوو رێكخراو تا ئێستایش سەنگێكی بەهێزیان لەنێو رێكخراوەكان و توێژەكانی خۆیاندا هەبێت. ساسان عەونی گوتی: "لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوولی مەزن هەردوو رێكخراو وەك بەشێك لە هەموو چین و توێژەكانی میللەت،كە زوڵم و زۆریان بۆ هاتووە و رازینەبوون مل بۆ زوڵم و ستەم نەوی بكەن، لەگەڵ پێشمەرگە سەنگەری خەباتیان هەڵبژارد و دەستیان بە تێكۆشان كرد و لەو پێناوەشدا خەڵكی قارەمان لە سەركردایەتی ئەو رێكخراوانە شەهید بوون، هەتا ساڵی 1970 و رێككەوتننامەی 11ی ئازار. لەو چوار ساڵەی دوای ئەوەدا كە بارودۆخی كوردستان ئاسایی بوو و خەڵكی كوردستان توانییان حوكمی خۆیان بكەن، ئەو رێكخراوانە گەڕانەوە قاڵبی پیشەیی خۆیان بۆ نێو قوتابییان و لاوانی كوردستان و بەرگریكردن لە بەرژوەندییەكانی قوتابییان و لاوان لە زانكۆی سلێمانی و هەموو قوتابخانەكانی شار و شارۆچكەكان. لە دوای ساڵی 1975 كە بارودۆخی كوردستان تێكچوو و شۆرش دەستی پێكردەوە، ئەو رێكخراوانەش وەكو بەشێك لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، دەستیان دایەوە خەباتی رزگاریخوازی لەگەڵ پارت و لایەنەكانی دیكە. ئەو قۆناغە بەردەوامبوو تاكو راپەرین، بەڵام كاتێك كە خەباتی شاخیش هەبووە، قوتابییان و لاوان لە بەشێك لە كارەكانیان، ئەوەندەی كە دەرفەت هەبوو بێت، بایەخیان داوە بە كاری پیشەیی بە بەرگریكردن لە مافەكانی قوتابییان و خوێندن بە زمانی كوردی و سەرپەرشتیكردنی خوێندن و كاری پیشەیی لە ناوچە ئازادكراوەكان، هەروەها لەناو ئاوارەكان لە ئێران كاریان كردووە، هەر بۆ ئەو مەبەستە لقێكی تایبەتی قوتابییان و لاوان هەبوو بەناوی لقی ئاوارە كە سەرپەرشتی قوتابیی و لاوانی ئاوارەی دەكرد. بێجگە لەوەش، ئەوكاتیش بەشدارییان لە ڤیستیڤاڵەكانی قوتابییان و لاوانی جیهان دەكرد و دەنگی لاوان و قوتابییانی كوردستان و زوڵم و ستەمەی لە قوتابییان دەكرا دەگەیاندە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان. لە دوای راپەرین جارێكی دیكە بارودۆخی ئەو رێكخراوانە گۆڕا و هاتنەوەسەر پێگەی سەرەكی كاركردنی خۆیان و هاتنە ناو قوتابییان و لاوان و دەستیانكردەوە بە خەباتی پیشەیی و كاری رێكخراوەیی. هەردوو رێكخراو، لە نوێبوونەوەی بەردەوامدا بوونە و ئێستایش هەروا، بە بەردەوامی كۆنگرە و كۆنفرانسەكانیان گرێدەدەن، بەردەوام پێدا هاتنەوە هەیە بە پەیڕەوی ناوخۆیی خۆیان. ئەگەر هەندێك لە جاران ئەدایان وەكو پێویست نەبووبێت، بڕگەیەك لە بڕگەكان و لە شوێنێك لە شوێنان لە ئاست چاوەڕوانیدا نەبووە، مانای ئەوە نییە كە كۆی رێكخراوەكە نوێبوونەوەی تێدا نەبووە و پێم وایە پرۆسەی نوێبوونەوە لەو رێكخراوانەدا بە بەراورد لەگەڵ رێكخراوەكانی دیكەدا بەردەوامتر و خێراتر بووە."
ساڵی رابردوو یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانەوە توانی دواش كۆششێكی زۆر ببێتە ئەندامی یەكێتی لاوانی دیموكراتی جیهان و بەرپرسی دەستەی رێكخراوە جەماوەرییەكانیش ستایشی ئەو هەواڵدانە بێ وچانە دەكات كە بۆ ئەو مەبەستە نرا و گوتی: "وەرگرتنی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە یەكێتی لاوانی دیموكراتی جیهان پرۆسەیەكی ئاسان نەبوو. یەكێتی لاوان لە هەوڵێكی بەردەوامدا بوو بۆ خۆناساندن و بەرنامەناساندن و كارناساندنی خۆیان لە ناوخۆی كوردستان بەو رێكخراوە، هەروەها ئەو رێكخراوەش بەردەوام چاودێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانی دەكرد، بەتایبەتی لە مەسەلەی دیموكراسی و بڕوابوون بە دیموكراسی و كاركردن وەك رێكخراوێكی كۆمەڵگای مەدەنی لە جێگیركردنی دیموكراسی و رۆڵی یەكێتی لاوان وەك رێكخراوێكی پیشەیی لە بەرەوپێشبردنی دیموكراسی لە كوردستاندا. دوای ئەو هەوڵانە، پار ساڵ وەفدێكی پایەبەرزیان هاتنە كوردستان كە سەرۆكی ئەو یەكێتییەشی تێدا بوو و لێرە هەڵسەنگاندنیان بۆ كار و بەرنامەكانی یەكێتی لاوان كرد و دواتر لە كۆنگرەیەكدا ئەندامێتی یەكێتی لاوان لەو رێكخراوە راگەیاندرا. ئەو ئەندامێتییە ئەركی زیاتر دەخاتە ئەستۆی یەكێتی لاوان، لەوەی كە پاڵپشتییەكی سەرسەختی جێگیركردن و باشتركردنی بارودۆخی دیموكراسی لە كوردستان و بەتایبەتی وەك رێكخراوێك لە ناو توێژی لاوان و پێم وایە وا دەكات یەكێتی لاوان هەندێك بەرنامەی تازە دابنێت كە لە سنووری لۆكاڵییەوە دەربچێت و پرۆگرامەكانی رەهەندی وا وەربگرن کە لاوانی تر لە شوێنی تر جێ بایەخیان بێت  ، كە ئەوانیش بابەتەكانی ژینگەپارێزی، كاركردنی ئافرەت، قوڵبوونەوەی دیموكراسی و كاری خۆبەخش و ئەو بوارانەی كە گەنجانی ئەمرۆ لە هەموو جیهاندا بایەخی پێدەدەن. پێویست دەكات لەمەودوا بە تێڕوانینی نوێ و میكانیزمێكی نوێوە پراكتیزەی بەرنامەكە نوێیەكەیان بكەن."
بڕیار وابوو ئەمساڵ هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی قوتابییان لە قوتابخانە و كۆلێژەكان بكرێت كە هەندێك لایەن بە دەستێوەردان لە كاروباری پەروەردەیان وەسف كرد. لەوبارەیەوە ساسان عەونی گوتی: "نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو توێژی قوتابییان یەكێتی قوتابییان دەیكات، بەوەش تا رادەیەك توانیویەتی سەركەوتوو بێت، بەوەی نەك هەر قوتابییانی نزیك لە پارتی، بەڵكو قوتابییانی بێلایەن و خودان بۆچوونی جوداش لەناو ریزەكانی یەكێتی قوتابییان دەدۆزنەوە. كاتێك یەكێتی قوتابییانی كوردستان لەگەڵ رێكخراوەكانی دیكەی قوتابییان و خوێندكاران پێیان باشبوو ئەمساڵ هەڵبژاردن لە ناو توێژی قوتابییان بكرێت، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیریمان لەو هەنگاوەی رێكخراوەكان كرد و پێمان وایە ئەوە كارێكی باشە لەناو ناوەندەكانی خوێندن دەكرێت كە نوێنەرایەتی قوتابییان بەشێوەیەكی دیموكراسییانە لە خودی قوتابییانەوە هەڵدەبژێردرێت، نەك بە فەرز و تەعینكردن لە دامودەزگاكانی پەروەردەوە، بەڵام دیارە هەموو رێكخراوەكان چەند گرفتێكی هەم لۆجیستی و هەم گرفتی دیكەی ناوخۆیی رێكخراوەكانیان هاتە پێشەوە، بۆیە لە چوارچێوەی بڕیارێكی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی قوتابییان، بڕیاریاندا ئەمساڵ دوابخرێت و بیبەنە سەرەتای ساڵی خوێندنی داهاتوو، ئەگەرنا ئێمە وەكو پارتی پشتگیری لە هەر پرۆسەیەكی هەڵبژاردن دەكەین كە ئەنجام بدرێت."
دەستوەردانی رێكخراوەكانی قوتابییان و خوێندكاران: ئەگەر پرسیارەكەكە بە شێوەیەكی دیكە بكرێت، یەكەم، ئایا رەوایە ئەو رێكخراوانە بوونیان هەبێت لەناو قوتابییاندا، دووەمیان ئەوەیە چۆن بۆیان دەلوێت دەست لە كاروباری پەرورەدە و فێركردن بدەن. دەربارەی ئەوەی یەكەمیان، لە هەموو جیهاندا باوە، هەموو پارتەكان رێكخراو و نوێنەرایەتی خۆیان هەیە لەناو قوتابییانی وڵاتدا و هەموو جۆرە بیروبۆچوونێكی تێدایە، ئەوە لە ئەوروپا و ئەمەریكا و رۆژهەڵاتی ناوەراستیشدا هەیە و پێم وایە ئەوە دیاردەیەكی زۆر تەندروستە چونكە ناكرێت رێگری بكەیت لە قوتابییەك یان تاكێكی كۆمەڵ لە هەبوونی بیری سیاسی رێكخراوێك و ئەو زۆر ئاساییشە ئەو رێكخراوە كاروباری خۆی لەناو ئەو توێژە جێبەجێ بكات، بەڵام چەند ئاساییە ئەو رێكخراوانە دەست لە كاروباری پەروەردە و خوێندن بدەن، بەدیدی ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو رێكخراوانە تا ئەو خاڵە رێگایان پێدەدەرێت كە بەرگری لە ماف و داخوازییەكانی قوتابییان بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ ناوەندەكان خوێندن، دەبێت ئەوان نوێنەراتی بن و حەڵقەی گەیاندن بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نین دەستكاری كردن لە دامودەزگاكانی خوێندن و پەروەردە هەبێت و رێگاشی پێنادەین، لەبەر ئەوەی باوەرمان بەوەیە كە یەكێك لە گرنگترین دامودەزگاكانی هەر وڵاتێك دامودەزگای خوێندنە، بۆیە بۆ هیچ رێكخراوێك نییە كە دەست لە كاروباری خوێندن و پەروەردە بدات.
لەبارەی ئالییەتەكانی نوێبوونەوە، ساسان عەونی گوتی: "بۆ ئەو پرسە دەبێت كار لەسەر هەموو بوارەكان بكرێت، یەكەم لە دانانی پلان و بەرنامەرێژییەوە، دووەم چۆنێتی پیادەكردنی ئەو بەرنامەیە لە لایەن رێكخراوەكانەوە و ئەویش بەوە دێت كە بیری هاوبەشیان هەبێت لەو پرۆگرامەی كە هەمانە و هەوڵبدەن ئەو بروابوونە وەربگێڕن بۆ كاری راستەقینە و لەسەر هەموو ئاستەكانی بەرنامەدانان و كاریگەریخستنە سەر بیری كەسایەتییەكان و چۆنێتی جێبەجێكردنی لە لایەن رێكخراوانەوە كاری لەسەر بكەین، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە كەسێتییەكانی ناو ئەو رێكخراوانە هاوڕا بن لەگەڵ ئێمە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پلان و بەرنامانە. دەتوانم بڵێم ئێستا پرۆگرامەكەمان كاردانەوەی باشە، كە پرۆگرامی پێگەیاندنی كادیران لە ئاست سەركردایەتیدا و ئاستەكانی خوارووەتر تێدایە تاكو بتوانن لە ئاییندەدا بتوانن رۆڵێكی چالاكتر بگێڕن."
لە كۆتاییشدا، بەرپرسی دەستەی رێكخراوە جەماوەرییەكان هیوای خواست كە هەردوو رێكخراو بەردەوامی بدەن بە پێگەیاندن لاو و قوتابییان بە ئامرازی سەردەم و روحیەتی پێشمەرگانە و گوتی: "لە ساڵرۆژی 59ەیەمین ساڵرۆژی دامەزراندنیان، بێجگە لە پرۆزبایی، تەمەنای سەركەوتن و تەمەندرێژی بۆ ئەو رێكخراوەو كادیرەكانیان دەخوازم و پێم وایە ئەركێكی سەختیان لەسەر شانە، چەند تەمەن بەرەو سەر بڕوات ئەوەندە ئەركی سەخت دەكەوێتە سەرشانی ئەو رێكخراوانە، بەوەی كە بتوانن كە هەم درێژەپێدەری ئەو رێبازە دوور و درێژە بن و هەم بتوانن بە شێواز و میكانیزمی تازە، خزمەت و داهێنان بكەن و بەرگریكاربن لە توێژی قوتابییان و لاوانی سەردەمی ئێستامان، ئەو قوتابی و لاوانەی ئێستا كە هەست دەكەین سەركێشییەكی زۆریان بەرانبەر هەموو پرسەكان تێدایە، ئەركی ئەو دوو رێكخراوەیە كە بتوانن دەربڕینێكی تەواو لە ویست و ئارەزووەكانی ئەو نەوەیە بكەن كە ئێستا پێراگەیشتووە و بتوانن لەم شەپۆڵە بەردەوامبن و داواكاری و پێویستییەكانیان لەخۆ بگرن.

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە