پارتی دەیەوێت باشترین لاو و قوتابی و ئافرەت لە ناو ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیدا کۆ بکاتەوە




سلێمان تاشان  رۆژنامەی هەولێر ژمار ە ١١٠٨ لە ١ی ئابی ٢٠١١ 
چاوپێکەوتنەکە ئەنجام دراوە 




ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئەندازیار (ساسان عەونی)، کە لە ئێستادا بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتییە و یەکەم سکرتێری یەکیەتیی قوتابیانی کوردستان دوای ڕاپەرین بووە، لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا، جەخت لە سەربەستی و ئەکتیڤترکردنی ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان دەکاتەوە.

* ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی 13ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ڕێکخستن و گۆڕانکارییەکانی ناو ڕێکخراوە جەماوەرییەکان بە چ شێوەیەک بوو؟

- پێش کۆنگرە، پێکهاتەی دەستەکە لە دوو مەکتەبی جیاوازەوە‌ سەرپەرشتی دەکرا، بەڵام لە کۆنگرەی 13ـدا بڕیار درا دەستەیەک پێک بهێنرێت و وسەرپەرشتیی کار و چالاکی و ڕێنماییکردنی هەر دوو مەکتەبی ناوەندیی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان بکات، بە نیسبەت ڕێکخراوە جەماوەرییەکان کە لە هەر یەک لە ڕێکخراوەکانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان پێک دێت، زۆر پێوەندی بە پارتییەوە نییە کە بچێتە ناو تەفاسیلی کارەکانیان تەنیا سەرپەرشتییان دەکات بۆ ئەوەی‌ لە چوارچێوەی سیاسەتی پارتیدا بسووڕێنەوە.

* ئایا ئەم ڕێکخراوانە لە کار و چالاکییەکانیاندا سەربەستن؟

- سەربەستیی ڕەها نا، بەڵام لە دانانی بەرنامە و کار و چالاکییەکانیاندا ئازادییەکی تەواویان هەیە، خۆیان بەرنامە و پێڕۆی ناوخۆیان دادەنێن و موناقەشەی دەکەن، ئێمە تەنیا سەرپەرشتییان دەکەین و لە پڕۆگرامی پارتییشدا چەند بڕگەیەک هاتووە کە جەخت لە‌ پشتگیریکردنی کارەکانی یەکیەتیی قوتابیانی کوردستان و یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان دەکاتەوە.

* ڕەخنە لەوە دەگیرێت کە شێوەی کار و چالاکییەکانی هەر سێ ڕێکخراوی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان تەقلیدییە و نەیانتوانیوە لەم چوارچێوەیە بچنە دەرەوە، ئێوە بۆچوونتان سەبارەت بەمە چییە؟

ئەگەر ڕاستە، تا چەندە هەوڵتان داوە لەو چوارچێوەیە‌ بیانهێننە دەرەوە؟

- پێم وایە ڕێکخراوەکان دەرهاوییشتەی کۆمەڵگەن و بە گوێرەی تێگەییشتنی خۆیان و زرووفی کارکردنیان لەم کۆمەڵگەیەدا، شێواز و هەیکەلی خۆیان دادەڕێژن. ناکرێت من لە جیاتی یەکیەتیی قوتابیانی کوردستان یان لاوان بیر بکەمەوە، ئەوان خۆیان نوێنەرایەتیی ئەم توێژانە دەکەن و ئەو شێوازەی کە لەم سەردەمەدا بۆ کارکردن باشە دایدەڕێژن، بە تەئکید خەڵكێك هەیە لایەنگری ئەم شێوازەیە و خەڵكێکیش بە شێوازێکی تەقلیدی لە قەڵەم دەدەن، پێم وایە ڕێکخراوەکان دەبێت هەردوو لا لە بەرچاو بگرن بۆ ئەوەی بەردەوام لە نوێبوونەوە و بەرەوپێشچوونی بەردەوامدا بن، ئەم ڕێکخراوانە دەبێت شێوازەکانی کاریان بگۆڕن و خۆیشیان بەرپرسن و پێیشم وایە بەردەوام توانیویانە بە گوێرەی سەردەمەکان مکانیزمی کارەکانیان بگۆڕن و خۆیان نوێ بکەنەوە و جگە لەمە، گۆڕینی شێوازی کار لە گۆڕینی کەسەکانەوە دەست پێ دەکات، چونکە هەر کەسێک بیرکردنەوەی جیای کارکردنی هەیە، بۆ نموونە کاتێک یەکیەتیی قوتابیان کۆنگرە دەکات و دەستەیەکی نوێ هەڵدەبژێرێت، بە دڵنیاییەوە ئەو دەستە نوێیە شێوازی نوێ و بیروبۆچوونی نوێی پێیە، من و ڕێکخراوەکانیش لەگەڵ ئەم بۆچوونەین کە بەردەوام هەوڵی نوێبوونەوە بدرێت.

* لە یەکێک لە دانیشتنەکانی سەرکردایەتیی پارتیدا جەخت لەوە کرایەوە کە بارەگای ڕێکخراوەکانی قوتابیان لە زانکۆکان بێنێتە دەرەوە، تا چەندە هەوڵی جێبەجێکردنی دراوە؟

- پێم وایە مەبەست ئەوە نییە ڕێکخراوی یەکیەتیی قوتابیان لە زانکۆ بێنێتە دەرەوە، چونکە ئەو ئازادە لە ناوەندەکانی خوێندن کار بکات و کارکردنەکەیشی پیشەییە نەک دەستێوەردان لە کاروباری ئیداری و زانستیی زانکۆ، ئەوەی تۆ باسی دەکەی لەوانەیە زیاتر هێنانەدەری ڕێکخستنی حزبی بێت.

لە هەموو دونیا زانکۆ هەیە و قوتابیانی زانکۆیش ئازادن چ مەیلێکی سیاسییان هەبێت و چ گربوونەوەیەکیان هەبێت بە مەرجێک دەستێوەردانی زانستی و ئیداریی زانکۆ نەکات، ناکرێت ئینتیمای سیاسی لە مێشکی قوتابیان دەربێنین، ئەوە گوتمان یەكیەتیی قوتابیان لە زانکۆدا کار نەکات، بەڵام بە ڕاستی مەیدانی کارکردنی ئەو ڕێکخراوانە زانکۆن، بۆیە پێم وا نییە شتی وا هەبێت زیاتر مەبەست حزبە سیاسییەکانە و ئەگەر ژوورێکی تایبەت بە قوتابیانیش لە ناو زانکۆدا هەبێت، ئەوا ئەو ژوورەیە کە کاتی خۆی لە 2004 کە دواجار هەڵبژاردنی قوتابیان کرا و جگە لەمە ژوورەکە، ژووری نوێنەرایەتیی هەڵبژاردنی قوتابیانە نەک ڕێکخراوێکی تایبەتی قوتابیان.

* وا باس دەکرێت کە یاریگەکانی هەولێر لەسەر یەکیەتیی لاوانی دیموکرات تاپۆ کراون، ئەمە تا چەندە ڕاستە؟

- یەکیەتیی لاوان خۆی ئەرکی کێشاوە کە بەو داراییەی هەیەتی، ئەم یاریگەیانە دروست بکات و ئیدارەکردنیشی لە ئەستۆی خۆیەتی‌ و پێم وایە کارێکی زۆر جوانە کە لە بەرانبەر هاوکارییەکی ڕەمزی سوود لەو یاریگەیانە وەردەگیرێت و هیچ زانیارییەکیشم لەسەر ئەوە نییە کە لەسەریان تاپۆ کرابێت یان نا.

* یاریزانان گلەیی ئەوە دەکەن كە نرخی یاریکردن لە یاریگەکاندا لەسەرەوەیە؟

- سەعاتی 5 هەزار دینارە و پێیشم وا نییە پارەیەکی زۆر بێت، ئینجار ئەگەر زۆریش بێت، دەتوانن سەردانی بارەگای لاوان بکەن و گلەیی خۆیانیان لێ بکەن و داوای کەمترکردنەوەی بکەن.

* چالاکییەکانی یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان زیاتر لە ناو شارەکانە و نەچووەتە ناو گوند و شارەدێیەکانەوە، هۆکاری ئەم دوورەپەرێزییە چییە؟

- ماوەیەک پێش ئێستا یەکیەتیی ئافرەتان کۆنگرەیان بەست و هەر لەو ماوەیەدا خەریکی ڕێکخستنەوەی هەیکەلی خۆیان بوون و لە هەفتەی ڕابردوو ئەم ڕێکخستنەوەیە تەواو بووە و دانانەوەی هەموو ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحییەکان کراوە و تازە خەڵکی خۆیان دەستنیشان کردووەتەوە و بە تەئکید لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەست بە کار و چالاکییەکانیان دەکەن لە سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکان و ئەمەیش فکرەیەکی جوانە کە دەڵێت نابێت چالاکییەکانی ئافرەتان هەر لە ناو شارە گەورەکاندا بێت، ئەمە تێبینییەکی گرنگە و پێویستە ئەم ڕێکخراوە هەوڵ بدات لە هەموو شوێنەکاندا چالاکی ئەنجام بدات، پێیشم وایە لە هەندێک شوێن کردوویانە و ئەگەر کەمتەرخەمییش هەبووبێت، پێوەندی بە خۆڕێکخستنەوە هەبووە.

* دەگوترێت ڕێکخراوەکان زیاتر لە هەوڵی کۆکردنەوەی کادر و ئەندامدان، تاکوو جێبەجێکردنی ئەرکی پیشەیی و جەماوەریی خۆیان؟

- لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم، بەڵکوو پێچەوانەکەی دروستە، چونکە هەموو حزبەکان هەوڵ دەدەن لە هەڵبژاردندا بیبەنەوە و بۆ ئەمەیش هەموو هێزێکی مرۆیی خۆیان بە کار دێنن و یەکێک لەو هێزە مرۆییانەی کە لە بەردەستی حزبەکانە، جەماوەری خۆیانە لە ناو قوتابیان و لاوان و ئافرەتاندا، کەوایە مافی پارتییە کە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوان و قوتابیان زۆرترین جەماوەری بۆ کۆ بکاتەوە و لە کاتی دەنگدان بە کار بێن بۆ کۆ کردنەوەی زۆرترین دەنگ بۆ پارتی، ئەمە مەفهومە سیاسییەکەیەتی و خودی ئەم ڕێکخراوانەیش هاوتەریب لەگەڵ ئەم کارەیاندا، کاری پیشەیی خۆیان زۆر بە پڕۆفیشناڵانە ئەنجام دەدەن، لەوانەیە هەندێک جار ئێمە وەکوو پارتی ئەو گلەییەیان لێ بکەین کە ئەوەندەی گرنگی بە کاری پیشەییان دەدەن، ئەوەندە بایەخ بە ڕێکخستن و کۆکردنەوەی جەماوەر نادەن. ئەگەر موقارەنەی هەموو ڕێکخراوەکان بکەین لە ڕووی پیشەییانەوە، پێم وایە ئەم سێ ڕێکخراوە لە پێشەوەی هەموویانن.


* چ بەرنامەیەکی نوێتان بۆ زیاتر ئەکتیڤکردنی ئەم ڕێکخراوانە هەیە‌؟

- هەموویان ئەکتیڤن و بە بەرنامە کار دەکەن، لە بەرنامەیشماندا هەیە باشترین لاوەکانی کوردستان بە هەمان شێوە ئافرەتان و قوتابیان لە ناو ئەم ڕێکخراوانەدا‌ کۆ بکەینەوە و ڕێکیان بخەین، پارتی بەردەوام بەرنامەی ڕێکوپێکی بۆ ئەم ڕێکخراوانە هەبووە و ئەم ڕێکخراوانەیش بەردەوام توانیویانە خۆیان بەرنامەی تازە پێشکەش بکەن.

* یەکیەتیی قوتابیان لە پارچەکانی دیکەیشدا چالاکیی هەبووە و کەسانێک لەم پارچانە بوونەتە ئەندام تێیدا، بۆچی ئافرەتان و لاوان نەیانتوانیوە ئەمە بکەن؟

- بە حوکمی ئازادیی هەرێمەوە، خەڵكێك لە پارچ-ەکانی دیکە ڕوویان لێرە کردووە و درێژەیان بە خوێندن داوە و ئەگەر پێداویستییەکیان هەبووبێت، ئەوا قوتابیان یارمەتییان داون، لەوانەیە ئەمە سەبەبی ڕەئیسی بێت جگە لەمە لەوانەیە بارودۆخی سیاسیی ئەو وڵاتانە گونجاو نەبووبێت تا لاوان و ئافرەتانیش چالاکی بکەن، ماوەیەک پێش ئێستا لە دیاربەکر گردبوونەوەیەکی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرا و یەکیەتیی لاوان بەشدارییان کرد و ئافرەتانیش ئەو هەوڵانەیان هەیە، بەڵام وەک گوتم زرووفەکە هۆکاری سەرەکییە.

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە