کێشەی کورد لەگەڵ عەرەبە یان لەگەڵ عەقڵییەت؟

عزەت شابەندەر سەرکردە لە ئیئتیلافەکەی (مالیکی)، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی دوێنێ، هەمان ئەو وتانە دووبارە دەکاتەوە کە هاوڕێیەکی پێش چەند ڕۆژێک گوتی شتێک نەماوە بە ناوی هاوپەیمانیی کورد و شیعەوە 

جگە لەمە، (شابەندەر) زیاتر دەڕوا و کێشەکانی ئیئتیلافەکەی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە بیر دەکات و دەیەوێت هەموو ئەم کێشانە لە قاڵبی خۆی دوور بخاتەوە و بەرگێکی تری بە بەردا بکات کە ئەویش هەبوونی کێشەیە لە نێوان کورد و عەرەبدا 

ئەوەی تۆزێک شارەزای مێژووی تازەی عێراق و جوڵانەوەی ڕزگاریخوزی کوردستان بێت، دەزانێت بە درێژایی ئەم مێژووە سەرەڕای ئەوەی کە کوردستان دووچاری دڕندانەترین شاڵاوی قەڵاچۆکردن بووەوە، بەڵام هەردەم خیتابی سیاسیی شۆڕشی کوردستان ئەوە بووە کە شۆڕش دژ بە ڕژێمی بەغدایە نەوەک میللەتی عەرەب 

هەرچەندە بە درێژایی ئەم مێژووە ڕژێمەکان ویستوویانە کە ئیرادەی دیکتاتۆریانەی خۆیان و شەڕی قەڵاچۆکردنی کوردستان بە شەڕی هەموو عەرەب لە دژی کورد بزانن و بۆ ئەم مەبەستە ئەوەی پێیان کرا کردیان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، چونکە بە درێژایی ئەم مێژووە شۆڕشی کوردستان کارێکی نەکرد کە لە قاڵبی مافی بەرگریکردن لە وجوودی میللەتێک بترازێت و چیاکانی کوردستان چۆن شوێنی بەرگریی خەڵکی کوردستان بوون، ئاوایش شوێنی بەرگریکردنی ئازادایخوازانی عەرەب بوو

ئەوەی سەیرە، دوای ئەم هەموو گۆڕانە گەورانەی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو لە عێراقدا ڕوویان داوە، تازە بە تازە کەسێک دێت و دەیەوێت کێشەکانی پێکهاتە سیاسییەکەی و سەرکردەی ئیئتیلافەکەی کە حەزی پاوانکردنی دەستەڵات و خۆفەرزکردنە بەسەر موقەدەراتی هەموو عێراق و دروستکردنەوەی دیکتاتۆرییەتە، بخاتەوە قاڵبی کێشەی نێوان دوو نەتەوەی کورد و عەرەب

پێم وایە هەر سیاسییەکی عێراقی کە دەیەوێت بەم عەقڵە بیر بکاتەوە و قسە بکات، ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی تاکڕۆ و فەرمانڕەواکانی بەغدای ئەم شەست ساڵەی دوایی نەداتەوە کە هەمان ئەم تەنزیرانەیان دەکرد و تەماشا نەکات ئێستا لە کوێی مێژوون، ئەوا هەڵەیەکی گەورە دەکات 

پرسیارێکە و دەبێ لە خۆمانی بکەین، ئایا هەڵوێستی ئێمەی کوردستانی چییە و چی دەبێت بەرانبەر ئەو عەقڵییەتەی لە بەغدا حاکمە و حاکم دەبێ، کە لەگەڵ هەبوونی هەر کێشەیەک، دوور لە تەماشاکردن وەک هاونیشتمانی و هاوبەش لە حوکم و بنیادنانەوەی عێراق، بەڵکوو بە عەقڵی جوڵاندنی هێز و سەرکوتکردنی سەربازی 
بیر دەکاتەوە؟

http://www.hawler.in/article3320-506.htm

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە