دیمانەیەكی تایبەتی گۆڤاری پێشكەوتن ژمارە ١٨٩ شوباتی ٢٠١٣


" ئەمڕۆ سەردەمی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی زانیارییە, سەردەمی فرەیی كەناڵ و لێشاوی هەواڵ و شێوازی تازەی گەیاندنی زانیارییە، سەردەمی راگەیاندنی رچەشكێن و دووركەوتنەوەیە لە تەقلیدیەت"

گرنگە كە ویستی گۆڕان  و دوور كەوتنەوە لە مجامەلە هەبێت, لەگەڵ سەردەم گونجان هەبێت و لاوان لە پێش توێژەكانی تر  بتوانن ئەم سەركێشیە بكەن

دیمانە: محەمەد عومەر
لە دیمانەیەكی تایبەتی گۆڤاری پێشكەوتندا ساسان عەونی، بەرپرسی دەستەی جەماوەرییەكان و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لە ئێستای كاری رێكخراوەیی لاوان و راگەیاندنی لاوان و ئازادی یەكێتی لاوان لە بڕیاردان و چەند تەوەرێكی تری تایبەت بە لاوان دەكات.
پێشكەوتن:دوای 60 ساڵ خەبات لە سەردەم و قۆناغی جیادا لە ئێستادا زەروورەتی یەكێتی لاوان لە چی دایە, هەڵسەنگاندنتان بۆ ئێستای كاری رێكخراوەیی لاوان چییە؟
ساسان عەونی: دامەزراندنی هەر رێكخراوێك، بە تایبەت رێكخراوێكی جەماوەری وەك لاوان بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی نیشتمانی و پیشەیی یە،بە دیهێنانی ئەو ئامانجانەش ساڵ بە ساڵ و قۆناغ لە دوای قۆناغ, بە گۆڕانی سەردەمەكان و بە گۆڕانی پێداویستی سەردەمەكان  دەگۆڕێت, هەم لە شێوازەكانی كاركردن بۆ بە دیهێنانی ئەو ئامانجانە, هەم لە خودی ئامانجەكان، بۆیە ئەو پێویستیانەی كە وایكرد یەكێتی لاوان پێش شەست ساڵ دابمەزرێت  ئێستا هەمان پێویستی ماون، بەڵام بە فۆرمی نوێ‌ و بە شێوازی نوێ‌،  بۆیە بە جۆری خەباتی نوێ‌ كە خەباتێكی پیشەیی مەدەنیانەیە، لە ئێستادا یەكێتی لاوان دەتوانێت رۆڵی لاوان لە گەشەپێدانی كۆمەڵگای كوردستان ئاراستە بكات، هەڵسەنگاندن بۆ هەر كارێك یاخود بابەتێك كۆمەڵێك بنەما و فاكت هەیە كە دەبێت پشتی پێ‌ ببەسترێت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنەكە نەبێتە هەڵسەنگاندنێكی میزاجی، ئایا دەمانەوێت هەڵسەنگاندنەكە بە چ پێوەرێك بێت؟ بە پێوانەكردنی كاری یەكێتی لاوان لەگەڵ رێكخراوەكانی تری لاوان؟ بە پێوانەی ئیمكانیاتی ماددی و پشتگیری مەعنەویان ؟ بە پێوانەی بارودۆخی ناوخۆییان؟  یان بە پێوانەی ئەو چاوەڕوانیەی كە لێیان چاوەڕێ‌ دەكرێت بۆ كاركردن لە سەر كۆمەڵگا و لاوان كە بیكەن؟ بۆیە دەكرێت بۆ هەر یەكێك لەو پێوانانە جۆرە هەڵسەنگاندنێك بكەین، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە كارەكانی یەكێتی لاوان رازین, ئومێدی زۆرتریشمان پێیانە ئەو ئومێدەش لە بڕوامانە بە بێ‌ سنووری  ووزە و تواناكانی لاوانی كوردستان.
پێشكەوتن: یەكێتی لاوان وەكو رێكخراوێكی لاوان خاوەن هەریەك لە تەلەفیزیۆنێكی لۆكاڵی و رادیۆیەكی سەرتاسەری و رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕی فەرمی خۆیەتی، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن دەڕوانیە راگەیاندنی لاوان و هەڵسەنگاندنتان بۆ راگەیاندەكە  چییە؟
ساسان عەونی: راستە چەندایەتی گرنگە، بەڵام بە بڕوای من چۆنایەتی لە دروستكردنی كاریگەری  گرنگترە  ئەمڕۆ سەردەمی راگەیاندن و بڵاوكردنەوەی زانیارییە, سەردەمی فرەیی كەناڵ و لێشاوی هەواڵ و شێوازی تازەی گەیاندنی زانیارییە، سەردەمی راگەیاندنی رچەشكێن و دووركەوتنەوەیە لە تەقلیدیەت, پێشبڕكێیە لەسەر خێرایی و پوختی لە گەیاندنی پەیام بۆ جیلی تازە، تەلەفزیۆن و میدیای كۆمەڵایەتی لە سەرووی هەموو بایەخێكەوەیە, بە تایبەتی كە میدیای كۆمەڵایەتی هەموو سنوورەكانی تێپەڕاندووە و دەسەڵاتی شوێن و كاتی نەهێشتووە, هەر كەسێك بە تایبەتی لاوان, لە ماڵ,لە كاتی كار, تەنانەت لە كاتی هاتوچۆش دەتوانن لە رێگای مۆبایل و ئامێرە پلێتیەكانەوە ئەم میدیایە بە كاربێنن و ئاگاداری دونیا بن و كۆمێنتیان هەبێت، ئێستا كەسێك بە تەنیا دەتوانێت لە ڕێگای بلۆگ و تویتەر و یوتیوب و فەیسبووكەكەی كاریگەری گەورە دروست بكات و بابەت بوروژێنێ‌ .
لێرەدا گرنگە كە ویستی گۆڕان  و دوور كەوتنەوە لە مجامەلە هەبێت, لەگەڵ سەردەم گونجان هەبێت و لاوان لە پێش توێژەكانی تر  بتوانن ئەم سەركێشیە بكەن, لە پاڵ ئەمەش بزانن ئایا راگەیاندنیان لە بە ئامانج كردنی ئەو توێژەی مەبەستە سەركەوتوو بووە؟ ئایا دەتوانێت لە ناو ئەم توێژە قەزیە دروست بكات و ڕای گشتی بەرەو ئەو ئاراستەیە ببات؟ ئەمانە هەمووی پرسیارن كە بە رای من دەبێ‌ ماوە ماوە پێداهاتنەوەی بۆ بكرێت و بڕیاری گونجاو و بوێرانەی بۆ بدرێت.
پێشكەوتن: كە باس لە رێكخراوێكی خاوەن خەباتی 60 ساڵەی وەكو یەكێتی لاوان  دەكرێت زاكیرەمان دەچێتەوە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆرجار باس لە بە حزبی بوونی رێكخراوەكە دەكرێت ئایا حزب وەكو ئۆرگانێكی خۆی دەڕوانێتە یەكێتی لاوان. ڕای جەنابتان؟  
ساسان عەونی: تێڕوانینی پارتی بۆ رێكخراوە جەماوەریەكان لە پڕۆگرامەكەیدا ڕەنگی داوەتەوە و چەند بڕگەیەك بۆ ئەم مەبەستە تەرخان كراوە كە خاڵی گشتین  بۆ خزمەتی لاوانی كۆمەڵگای كوردستانە، من لەگەڵ ئەو رایە نیم كە دەڵێت رێكخراوەكان بە حیزبی كراون, پێم وایە رێكخراوەكان ئەو پەڕی ئازادی و سەربەخۆییان هەیە لە بەرنامە و كار و بڕیار دانیان, ئاراستەكردنی پارتی تەنیا ئاراستەیەكە كە رێكخراوەكان لە چوارچێوەیەكی نیشتمانی كوردستانی لە لایەك و خزمەتكردنی توێژەكانیان لە لایەكی ترەوە كارەكانیان بكەن، چونكە بڕوامان وایە ئایندەی هەر میللەت و كۆمەڵگایەك بە نەوەی تازە و گەنج و لاوەكانی پەیوەستە, بۆ گەیشتن بە داهاتوویەكی باشتر بە دڵنیاییەوە  جێی بایەخی پارتییە كە لاوانی كوردستان رۆڵی سەردەمیانەی خۆیان ببینن و بزانن كە ئاییندەی ئەم كۆمەڵگایە لە ئەستۆی ئەوانە.
پێشكەوتن: یەكێتی لاوان تا كوێ ئازاد و سەربەخۆیە لە بڕیاردان،لە كوێدا یەكێتی لاوان بۆ بڕیاردان دەگەڕێتەوە بۆ دەستەی جەماوەرییەكان؟ 
ساسان عەونی: ئازادی لە رێكخراوەكان بابەتێكە دەكرێت راوەستانی زۆرتری لە بارەوە بكرێت،  بە ئەركی رێكخراوەكانی دەزانم كە خۆیان جدی تر لەسەر ئەو ئازادییانە قسە و باس بكەن. بە بینینی من ئەگەر پێوەرێك یان ستاندەرێك هەبێت كە ئازادی رێكخراوێكی دیموكراتی لاوان لە جیهان بە حیزبەكەیەوە پێوانە بكات ئەوا بڕوام وایە رێكخراوەكانی ئێمە دابڕاو نابن لەم ستاندەرە. ئەم رێكخراوانە لە دانانی بەرنامە و پەیڕەویان, لە رێكخستن و ژیانی ناوخۆییان, لە دانانی پەیكەری رێكخستن و چۆنێتی بەڕێوەچونیان, لە هەڵبژاردنی دروشم و ئامانج و ستراتیژیان, لە هەڵبژاردنی نوێنەر و سەركردەكانیان ئازادی تەواویان هەیە, وەك گوتم سەرپەرشتی پارتی لە چوارچێوەیەكی گشتی نیشتمانیانەیە, ئەمەش سیاسەتێكی تازە نییە, بەڵكە دەمێكە پارتی بڕوای پێی هەبووە و پیادەی كردووە.
 پێشكەوتن: لە رابردوو و ئێستادا یەكێتی لاوان وەكو قوتابخانەیەك وابووە بۆ پارتی بەوەی چەندین سەركردە و سیاسی لەو رێكخراوە پێگەیشتوونە لە ئێستادا پۆست و پلەی باڵایان هەیە لە ئاستی عێراق و كوردستان دا، ئایا بە راستی پارتی وەكو قوتابخانە دەڕوانێتە ئەم رێكخراوە؟
ساسان عەونی:  بۆ ئەوەی كۆمەڵگا بە شێوە گشتیەكەی, حیزب  بە بچوكتر و تایبەتی تر لە پیر بوون بپارێزرێت و رەگەزەكانی بەردەوام بوونی تێدا بێت دەبێ‌ بایەخ بە لاوان و نەوەی ئێستا بدرێت . پارتیش بەدەر نییە لەم هاوكێشەیە, بۆیە ئەگەر تەماشای پارتی بكەین دەبینین بەردەوام پرۆسەی نوێبونەوە و هاتنە ناوەوەی خوێنی تازەی تێدا پەیرەو كراوە, سەرچاوەكانی نوێبونەوە بە نسبەت پارتیەوە زۆرن, یەكێك لەوان یەكێتی لاوانە كە كاریگەرانە توانیوێتی ئەم ئەركە ئەدا بكات .
پێشكەوتن: یەكێتی لاوان، لە كوێی پارتی دیموكراتی كوردستان دایە؟
ساسان عەونی: لە ماوەی ئەم شەست ساڵەی رابردوو, یەكێتی لاوان لەگەڵ سەرجەم رێكخراوە جەماوەریەكانی تر, پێ‌ بەپێ‌ لە كوێ‌ بزوتنەوەی كوردایەتی و كوردستان پێویستی پێیان بووبێت, بەو پەڕی ئامادەییەوە, بە ئیرادەی قوربانی دانەوە لەوێ‌ بوونە و رۆڵی خۆیان بینوە. ئێستاش كە بارودۆخی كاركردن و شێوازەكانی گۆڕاوە , بەهەمان شێوە بەردەوامن و رۆڵێكی باش لە پێشەنگی لاوانی كوردستان دەبینن .
پێشكەوتن: ڕاتان چییە لەبارەی ئەندامبوونی یەكێتی لاوان لە رێكخراوە جیهانیەكاندا؟
ساسان عەونی: كارێكی زۆر باشە، چونكە لە لایەك بڕوای ئەم رێكخراوانەیە بە رابردووی یەكێتی لاوان و ئەو نوێنەرایەتیەی كە كردوویەتی, هەم بڕوا بوونە بە نەهجی ئێستای و رەوایی ئەم كێشانەی كە یەكێتی لاوان خەباتی بۆ دەكات. لەم رێگەیەوە یەكێتی لاوان دەتوانێت پرسەكانی لاوان لە كۆمەڵگای كوردستان بە رێكخراوە جیهانیەكان بگەینێت و ئەوان هاوكار بن بۆ بەرەو پێش بردنی ئەم پرسانە, بە تایبەتی لە بوارەكانی كاری دیموكراتی و ئازادی دەربڕین و سنوورداركردنی بێكاری و هەموو پرسەكانی تری گەنجان كە جێی بایەخە لە لای یەكێتی لاوان. هەروەها سوود وەرگرتن لە تاقیكردنەوەی رێكخراوەكانی لاوانی میللەتانی تر و قۆناغەكانی پێشكەوتن .نابێ‌ ئەوەشمان لە بیر بچێت كە بە هۆی ئەم جۆرە ئەندامێتیەوە ئیلتیزاماتی زیاتر دەكەوێتە سەر شانی یەكێتی لاوان و دەبێ‌ جدی تر لە سەر پرسەكانی گەنجان بوەستێت, هەروا ئەم ئەندام بوونە دەرگا بۆ ئەوە دەكاتەوە كە سنوور بۆ پرسە ناوخۆییەكان نەمێنێ‌ و دەكرێ‌ كەمپینی گەورەتر و پشتگیری گەورەتر لە سنووری ناوخۆیی بۆ ئەو  پرسانەی جێی بایەخن دروست بكەن.
پێشكەوتن:دەتەوێ چیتر بڵێی؟        
ساسان عەونی: دەمەوێت بڵێم كاری رێكخراوەیی ئیلتیزامێكی ویژدانی و ئەخلاقیە بەرامبەر توێژەكان نابێت بە هیچ شێوەیەك ساردبونەوە یان كەمتەرخەمی تێدا بكرێت, جگە لەمە كاركردن بۆ شەست ساڵی بێ‌ پسانەوە خۆی لەخۆیدا بەرپرسیارێتیەكتان دەخاتە ئەستۆ كە جیا بێت لە رێكخراو و نەهجی تر و جیهان بینی، واتا ڕوانگەی بینینتان بۆ كێشەكان جیاوازتر دەكات. بەهەمان شێوە  ئاستی لێڕا بینینی گەنج و لاوان بە یەكێتی لاوان بە شێوەیەك بەرز دەكاتەوە كە دەتانخاتە بەردەم بەر پرسیارێتیەك دەبێ‌ بە ووریاییەوە كاری لەسەر بكەن كە متمانەكە رابگرن و لەدەستی نەدەن.
پرۆفایل :
      ساسان عەونی , لەدایك بووی 1970 شاری كۆیە.
      دەرچووی كۆلیژی ئەندازیاری بەشی شارستانی لە زانكۆی سەلاحەدین.
      بڕوانامەی ماستەر لە بەڕێوەبردنی كار لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی.
      چالاكوان و بایەخ دەدات بە میدیای كۆمەڵایەتی
      سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان 1993-1998.
      چەندین پلەی حیزبی و رێكخراوەیی بە دەست نیشانكردن و هەڵبژاردن 1998-2010 وەرگرتووە.
ئێستا بەرپرسی دەستەی رێكخراوە جەماوەریەكان و  ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە 

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە