چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە


چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ٣٧٧ی ١٤ مایسی ٢٠١٣ 

ساسان عەونی بەرپرسی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەم گفت و گۆیەی لەگەڵ ئاوێنەدا دەڵێت " دەزگای پاراستن ، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کوردستانی لە ئەستۆدایە، بەڵام بە داخەوە زۆر جار هەوڵی ئەوە دەدرێت لە سەنگی کەم بکریتەوە و بە چەندین شێوەی جیا جیا دەکەونە قسە هەڵبەستن بۆی "


ئاوێنە: بەپێی زانیاریەکان بەشێک لەکادێرانی پارتی لەدڵسۆزییانەوە بۆ بارزانی داوایان کردووەو نامەیان ناردووە کە جارێکیتر خۆی کاندید نەکاتەوە، ئەمە وایە؟
ساسان عەونی: نازانم ئەو زانیاریە لە چ سەرچاوەیەکەوە بەدەست ئێوە گەیشتوە, من وەکو خودی خۆم ئەوە یەکەم جارە گوێ بیستی قسەیەکی لەوجۆرە بم, ھەروەھا من پێچەوانەی پرسیارەکەی تۆی دەبینم, چونکە جەنابی سەرۆک ھیچ کاتێک داوای پلەی نەکردوە , جەنابی سەرۆک ھێندەی لەمشوری بەرژەوەندی میلەتەکەی و دابین کردنی ئەو بەرژەوەندیانەیە  هەرگیز گرنگی بەپلەو پایە نەداوەو ئەو دەڵێت من پێشمەرگەم ، هەروەها  هەموو کادرانی پارتی و  خەلکی تریش سەرۆکایەتی ئەو بەپێویست دەزانن .


ئاوێنە: تا ئێستا قسە لەسەر ئەوە کراوە ئەگەر بارزانی کاندید نەبێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، کێ کاندیدی سەرۆکایەتی دەبێت؟
ساسان عەونی: پێم وایە قسەکردن لەسەر بابەتی خۆ کاندیدکرن یان کاندیدنەکردنی جارێ لەلایەن خودی خۆیەوە یەکلایی نەبۆتەوە, بۆیە دەکرێ ئەو پرسیارە بەشێوەیەکی دیکە بکرێت و بڵێین ئایا لە قۆناغی ئێستای کوردستان و ئەوگۆرانکاریانەی ناوچەکەو کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و تاد.. ئایا پێویستیمان بەسەرۆک بارزانی ھەیە یان نا؟ من دەڵێم بەڵی پێویستیمان بەجەنابی سەرۆکە و لەھەموو لایەنێکەوە , وەک دۆخی کوردستان لە عیراق و سەنگی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و کوردستانی بەڕێزیان , هەروەها لەروی کەسایەتی و مێژووی خۆی و حزبەکەی و چەندین لایەنی دیکە.


ئاوێنە: قسەیەک ھەیە لەناو خەڵکدا کە دەڵێن نێچیرڤان کاندید دەبێت؟
ساسان عەونی: وەکو وتم تا ئێستا جەنابی سەرۆک خۆی ئەمەی یەکلایی نەکردۆتەوە کەئایا خۆی کاندید دەکاتەوە یان نا, ئیتر ھەموومان چاوەڕیی سەرۆک و بڕیارەکانی جەنابی سەرۆکین, کە جەنابیشی یەکلایی کردەوە ئەو کات وەکو دەگوترێت (لکل حادث حدیث).


ئاوێنە: وەک ئاشکرایە دوای غیابی تاڵەبانی ھاوکێشەکان روو لەگۆڕانکارین، چاوەڕوانی ئەوە ناکەن کە قاعیدەی یەکێتی جارێکیتر دەنگ بەبارزانی نەدات گەر کاندید بکرێتەوە؟
ساسان عەونی: ئێمە لەگەل یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھاوپەیمانی ستراتیژین, بەیەکەوە کاروباری کوردستان بەڕێوە دەبەین و باوەڕمان بەھاوپەیمانیەتیەکەش ھەیە. تائیستاش لەسەری بەردەوامین. بێگومان غیابی سەرۆک مام جەلال کاریگەری ھەبووە لەسەر چەند ھاوکێشەیەک لەعێراقدا تەنانەت کاریگەی بۆ کوردستانیش ھەبووە. حیکمەتی جەنابی مام جەلال لەبەڕێوەبردنی عێراق و کاریگەریەکانی لەسەر کوردستانیش شوێنی دیارە. بەڵام وەکو وتم ئیمە ھاوپەیمانین و لەو بڕوایەدام ھەر بڕیارێک کەسەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بیدات, بەشێکی زۆری قاعیدەی ئەو حیزبە پێیەوە پابەند دەبێت. 


ئاوێنە: قسەو باسی ئەوە ھەیە ئێوە کاریگەریتان لەسەر مەکتەبی سیاسی یەکێتی ھەبووبێت بۆ ئەوەی لەگۆڕان نزیک نەبنەوە، ئایا ئێوە لەنزیکبوونەوەی یەکێتیء گۆڕان نیگەرانن؟
ساسان عەونی: ھەڵوێستی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی خۆی و لەئێستاشدا ئەوەیە کەلەگەڵ نزیکبوونەوەی ھەموو لایەنەسیاسیەکاندایە بەیەکێتی و گۆرانیشەوە. ھەر بۆ بیرھێنانەوەش جەنابی سەرۆک لەسەرەتای جیابونەوەی گۆران ئامادەباشی خۆی نیشاندا کەھەموو ھاوکاریەکی ھەردولا بکات بۆ لەیەکتری نزیکبونەوەو یەکخستنەوەی نێوماڵی یەکێتی, ھەروەھا لەچەندین کۆبوونەوەی دوقۆڵی ئەوە باسکراوە کەپارتی ھیچ جۆرە ھەستیاریەکی لەنزیک بوونەوەی ھیچ کام لەلایەنە سیاسیەکاندا نیە, جگە لەوەش یەکێتی بۆخۆیان حزبێکن و بڕیاری سیاسی خۆیان ھەیە و لەنزیکبوونەوەیان لەگەل ھەر حزبێک ئەوان بەرژەوەندیەکانی خۆیان رەچاو دەکەن نەک مەسائلی دیکە.


ئاوێنە: پێتانوانییە گەر نەوشیروان مستەفا خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم دەنگی قاعیدەی یەکێتی بۆ خۆی دەبات؟
ساسان عەونی: ئەو پرسیارە دەبێت ئاراستەی قاعیدەی یەکێتی بکرێت کەئایا نەوشیراون مستەفایان تاچەند قبوڵە وەکو کاندید, بۆیە من ناتوانم بەناوی ئەوانەوە قسەبکەم.



ئاوێنە: باشە ئێوە سیستەمی حکومتان لەکوردستاندا بەشیێوەیەک رێکخستووە کە وەلائی ھەموو ھێزی پێشمەرگەو ئاسایش ، پاراستن ، زانیاری و دژە تیرۆر بۆ دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی ئێستای کوردستانە، جگە لەئێوە کەسێکی تر دەربچێت بۆ نمونە (سەلاحەدین بەھائەدین) چۆن ئاوا ئیشی لەبەردەڕوات؟
ساسان عەونی: بەرای من ھەڵبژاردن فاڵگرتنەوە نیە کە بەئەگەر و گریمانە قسەی لەسەر بکرێت و باس لەئەگەری دەرچونی کەسێکی دیکە بکرێت, جگە لەوە سەدا (٧٠)ی خەڵکی کوردستان لەرابردوو دەنگیان بەجەنابی سەرۆک داوە , بەرێزیشیان زۆر بەلێوەشاوەیی کاری لەسەر ئەو لایەنانە کردوە کەتۆ ئاماژەی بۆدەکەی, ھەم ھێزی پێشمەگە ھەم دامو دەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆیی کوردستانی دەربازکرد لەمەسەلەی ھەبوونی دوو ھێزی پێشمەرگەو دوو دەزگای ئاسایش, لەگەل ئەوەش ھیچ گۆرانکاریەکی وا دراماتیکی لەکوردستان رووینەداوە کەخەڵکێک لەبابەتی ئەو بەڕێزەی کەناوت ھێنا ھاوکێشەکان بگۆڕێت, ھەروەھا ئەوەی کەپەیوەندیدارە بە ئێمە ئەوانەی کەلەناو دامو دەزگاکانی پێشمەرگەو ئاسایشی ناوخۆ کاردەکەن لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و پسپۆری کار لەو دەزگایەنە دەکەن, خەڵکانێکن سەرپێبوونیان بۆ نیشتیمان و خاکی کوردستانە نەک ئینتمای حزبی.


ئاوێنە: دوبارە من بەشێوەیەکی گریمانی دەپرسمەوەو دەڵیم ئەگەر ھات و ھەر گۆرانکایەک لەو ھاوکێشانە رویدا کە تۆ ئاماژەیان بۆ دەکەیت, ئایا پێت وایە کێشە دروست ببێت لەدەستاودەست کردنی دەسەڵات؟
ساسان عەونی: جارێ گریمانە دەبێت تۆزێک لەواقع نزیک بێت, ئەوکات قسەی لەسەر دەکرێت. بەڵام بۆ برگەی دووەمی پرسیارەکەت کەتایەبتە بەترس لەمەسەلەی دەستاودەست کردنی دەسەڵات من دەڵێم سەرۆکێک کە (٢٢) ساڵ بەر لەئێستا لەگەرمەی حەماسی خەڵک لەراپەرین کە ھێشتا نیوەی کوردستان ئازاد نەببوو , بێت لەگەرمەی عونفوانی شۆڕشگێری و ھەبوونی دەسەڵاتی شۆرشگێری و دەسەڵاتی حزبەکانی بەرەی کوردستانی بێت بەخەڵکی کوردستان بڵێت بڕیاری سیاسی و بڕیاری  چارەنوسساز لەسەر پاشەرۆژی ئەو خەڵکە و لەسەر جۆری حوکومڕانی ئەو خەڵکە دەبێت خەڵکی کوردستان خۆیان بیدەن و ھەڵبژاردن بکەن و پەرلەمانێکی ھەڵبژێردراو و دەزگایەکی ئیداری ھەڵبژێدراو پێک بێنن , پێم وانیە ئەو قەناعەتە کەلەوساوە ھەبوبێت ئێستا تۆزقاڵێک گۆرانکاری بەسەردا ھاتبێت, بەڵکو بەپێچەوانەوە وا رەگی داکوتاوە کە لەدوا وتاری جەنابی سەرۆک ئاماژەی بەوەدا کەرەوڕەوەی مێژوو بەرەو دواوە ناگەرێتەوە, خەلکی کوردستان لەدەسکەوتە دیموکراسیەکانیان پاشگەز نابنەوە.


ئاوێنە: من با پرسیارێکی ئەوەت لێبکەم کە لەناو چاودێراندا زۆر باس لەوە دەکرێت بەڕێزتان یەکێکن لەڕاوێژکارە نزیکەکانی مەسرور بارزانی ئەم بازنەیەی کە بەدەوری مەسرورەوەن لەناو پاراستن وەک حکومەتێک وان لەناو حکومەتداو تەنانەت سەرۆکی حکومەتیش دەسەلاتی بەسەر ئێوەدا ناشکێ، ئەمە بۆچی؟
ساسان عەونی: من دەڵێم ئەوە ھیچ بنەمایەکی نیە, پاراستن دەزگایەکی نیشتمانیە بە پێ ی یاسای خۆی کە لە پەرلەمانی کوردستان ئیقرار کراوە کار دەکات . ئێمە لەناو پارتی بەھیچ شێوەیەک بەو شێوە بیر ناکەینەوە , لەگەڵ ئەوەی ئەو دەزگایە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کوردستانی لەئەستۆدایە بەلام بە داخەوە  زۆر جار لێرە و لەوێ ھەوڵی ئەوە دەدرێت لەسەنگی پاراستن کەمبکرێتەوە و بەچەندین شێوەی جیا جیا دەکەونە قسەھەڵبەستن بۆی . هەرچەندە من بەرپرسیارێتیم لە ناو پاراستن نیە و بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەریەکانی پارتیم ، بەڵام دەمەوێت لەرێگەی ئاوێنەوە رایبگەیەنین ئێمە لەناو پارتی پابەندی مەرکەزیەتین و ھەموومان پابەندی بریارەکانی جەنابی سەرۆکین , لەسەر ئەوەش پەروەدە کراوین کەبەرژەوەندیە نیشتمانیەکان بخەینە سەرووی بەرژەوەندیە حزبیەکان, حکومەتیش بەشێکە لەتۆکمەکردن و بەرەو پێشبردینی ئەزمونی حوکومڕانی لەھەرێمی کوردستان و ریزگرتن و سەرخستنی کارەکانی ئەرکی ھەمومانە.


Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە