رەهەندی نیشتمانی


ڕەهەندی نیشتمانی چەمکێکە بۆ کۆمەڵێک پرس و بابەتی پەیوەست بە رێکخستنی ژیانی هاونیشتمانیان لە کۆمەڵگا بە کار دێت، ئەو پرس و بابەتانەی کە راستەوخۆ پەیوەنددارە بە ئیرادە و دەنگی هاونیشتمانیان بۆ دروستکردنی ئاییندە و بڕیاردان لە چارەنووسیان.

بەڵام ئەم چەمکە، ماوەیەکە، لە لایەن هەندێ لایەنی سیاسی بە شێوەیەک بەکار دێت بۆ پێدانی وەکالەت بە خۆیان لە بری میللەت بۆ فەرزکردنی هەندێ دیدگای تایبەتی بەسەر پڕۆسەیەکدا کە راستەوخۆ بەندە بە ئیرادەی هاونیشتمانیانەوە، ئەمەش بە هەندێ مەبەستی تایبەتی و ئەجێندای دیار و نادیاری دوور لە رەهەندی نیشتمانی!
پرسی ریفراندۆمی دەستوور لەلایەن خەڵکی کوردستان، هەمدیس هەڵبژاردنی سەرۆک بە راستەوخۆیی لە لایەن خەڵکەوە، دوو بابەتن کە گفتوگۆیەكی زۆری لە میدیاکان لە بارەوە کراوە، ئەم دووبابەتە رەنگڕێژ کراون بە رەهەندی نیشتمانییەوە، ڕەنگڕێژكردنێك بە ئاراستەی دروستکردنی کەشێک کە ئەنجامەکەی لێ سەندنەوەی ئیرادەیەکە لە دەستی خەڵک و پێدانێتی بە لایەنە سیاسیەکان. دیارە سەندنەوەی مافی هاونیشتمانیان لە بڕیاردان لە پرسە چارەنووسسازەکان و، پێدانی ئەو مافە بە هەندێک لایەنی سیاسی کە لە جیاتی ئەوان بڕیار بدەن، خۆسەپاندن و خۆفەرزکردنێکە شەمەندەفەری سیستەم و لایەنە دیموکراتەکان دەمێکە جێیان هێشتووە. 
دیارە مەسەلەی سازانی سیاسیش كە ئەم ماوەیە بە مەبەستی جیا جیا بەكار دەهێنرێت و هەندێ جار لە بایەخ و گرینگی چەمكەكەیش وەك چەمكێكی سیاسی كەم دەكرێتەوە، پێمانوایە بۆ هەندێ مەسەلە ئاساییە، بەڵام ئەو پرسە هەستیارانەی كە گوزارشت لە سروەریی و مەسەلە چارەنووسسازەكان و كەرامەتی نیشتیمانی و شانازییەكانی هاونیشتیمانیان دەكات ناكرێت بخرێتە ناو هیچ جۆرە مەتبەخ و مساوەمە و سەفقەیەکی سیاسییەوە. ناکرێت ترسی خەڵکانێک بەرامبەر عەدالەتی رای راستەوخۆی خەڵکی کوردستان، بەرگ و دەمامکی لە ژێر ناوی رەهەندی نیشتمانی و تەوافوق بۆ دروست بکرێت.بە واتایەكی تر ترس لە شكست بە ڕەهەندی نیشتیمانیەوە پەردە پۆش بكەن. 
داواکردنی گەڕانەوەی پڕۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمان دوای بڕینی قۆناغە یاساییەکان بۆ تەوافوقی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆک لە لایەن کوتلە حزبییەکانی ناو پەرلەمانەوە، هەڵەیەکە و ئەو لایەنانە ناچنە ژێر بارییەوە کە بڕوایان بە خۆیان و رای خەڵکی کوردستان هەیە، بەڵكوو دەیانەوێت بڕیاری سیاسی لە کوردستان دروستکراو و هەڵقوڵاوی سروشتیانەی ژیانی سیاسی کوردستان بێت، کە دیارە لە پێش هەموویانەوە سەرۆک بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە. 

لە كۆتاییدا دەڵێین لە پرسە چارەنووسسازەکاندا هاونیشتمانیانی کوردستان خۆیان قسە لەسەر رەهەندە نیشتمانیەكانیان دەکەن و پێویستیان بە وەکالەت نییە.! 

ئەم بابەتە لە ژمارە ١٦٢٣ ی رۆژی ٧ی ئایاری ٢٠١٣ ی رۆژنامەی هەولێر بڵاوکراوەتەوە

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە