کادیر بە پلەی رۆشنبیر ی حیزب

لەمەڕ نووسینەکەی ئاراس فەتاح و مەریوان وریا دەربارەی سەرۆک بارزانی لە رۆژنامەی ئاوینە 


فیگەرەکانی دونیای سیاسەت و کارەکتەرەکانی کاری گشتی لە هەموو جیهان لەسەرووی رەخنە و هەڵسەنگاندن نین ، بەڵکو زۆر جار رەخنەی بنیادنەر و هەڵسەنگاندنی بابەتیانە دەبێتە هۆکاری باش بوونی کارەکان و دروستکردنی رایەڵەیەکی بڕوا پێک بوونی هاوبەش لە نێوان ئەم فیگەرانە و ئەو کەسانەی کە چاودێرن یان لە خەمی باشترکردنی کەشی گشتی دان . بەڵام بابەتەکەی ئەم دوو بەڕێزە دەربارەی سەرۆک بارزانی ، دوبارەکردنەوەی قسەیەکە کە بەردەوام راگەیاندنی هەندێ لایەن و باخچەکانی دواوەی ئەم راگەیاندنانە کاری لەسەر دەکەن.

خەڵکێک سیفەتی رۆشنبیری بێلایەن هەڵدەگرێت و دەکرێت هەڵسەنگاندنەکانی حیسابی لەسەر بکرێت تا ئەو کاتەی سنووری بێلایەنی نەبەزاندووە ، تا ئەو کاتە خوێندنەوە بۆ بۆچوون و نووسینەکانیان بابەتیانەن ئەگەر سیمای رقێکی شاراوەی پێوە دیار نەبوو ، ئەو کاتە پێیان کاریگەر دەبین کە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی دیراسەکراوی راگەیاندندا نەنووسرابوو ، کە بۆ غەرەزێک نەبوو لە نەفسی فڵان یا فییسار .
 ئەم دوو بەڕێزە کادیرن بە پلەی رۆشنبیری حیزبی ، راکانیان جیا نیە لەو را و قسانەی کە لە کۆبونەوە و مەکۆکان دەگوترێت . کاری ئەم دوو بەڕێزە هیچ جیاوازیەکی نیە لە کاری کادری حیزبی ، بە پێچەوانەوە ، کادرانی حیزب لەوانە راستگۆ ترن ، لەبەر ئەوەی بە ئاشکرایی کار بۆ حزب و بزوتنەوەکانیان دەکەن و شەرم لە لایەنگیری خۆیان ناکەن ، شەرم لە کارکردن بۆ حیزب و دژایەتی ئەوانی ترو فراوان بوونی بنکەی جەماوەریان ناکەن ، بەڵام ئەو بەڕێزانە و چەند بەڕێزێکی تر لە ڕێی نووسین و بەرهەمی رۆشنبیری و هونەری کاری حیزبی دەکەن و شەرم لە ئاشکراکردنی لایەنگیریان دەکەن ، بە شێوەیەک نووسین و هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بابەتەکان دەکەن کە ناتوانن تەجاوزی قەناعەتە سیاسیەکانیان بکەن ، لەگەڵ ئەوەی هەندێ جار بەوەستایی و هەندێ جاریش بە شاشی ئەم قەناعەتانەیان بە دیار دەخەن ، کە لێرەدا گرفتی فرۆشتنی لایەنداری بەناوی بێلایەنی دەگاتە ترۆپک .

لایەنگیری سیاسی بۆ رۆشنبیران زۆر ئاساییە بەڵام ئاسایی نەبوون ئەوەیە کە لایەنگیری لەبەرگی بێلایەنی بە خوێنەران بفرۆشرێتەوە.
ئەو بەڕێزانە شەرم دەکەن لایەنگیری خۆیان ئاشکرا بکەن لەبەر چەند هۆیەک ، یەکەمیان ئەو نەرجسیەتەی هەیانە کە ئەوان لەسەرووی خەڵکەوەن ، کەواتە دەبێ لەسەرووی لایەنگیریە ئاشکراکانی خەڵکی ئاسایی بن و وەک خەڵک نەبن ، دووەم بۆ ئەوەی رێژەیەک لە خوێنەریان لەدەست نەچێت کە لایەنگیری حیزبی تر یاخود بێلایەنن و دەخوازن نووسەرەکان بێلایەنی خۆیان بپارێزن ، سێیەمیشیان لەو تەسەورەوە سەرچاوە دەگرێت کە کاریگەری نووسینی بێلایەنەکان زیاترە لە لایەندارەکان بۆیە وەزیفەکە لە ئێستادا وا دەخوازێت کە جارێ بە ناوی بێلایەن بمێننەوە ، یان ئەو وەهمەی سیفەتی بێلایەنی سیحرەکەیان ئاشکرا ناکات و وێنەکانیان لە چاوی خوێنەراندا بە جوانی دەمێنێتەوە ، نازانن شوکورهوشیارە خەڵک و تێدەگەن جۆگەلەکان لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە. 


ئەم بابەتە لە رۆژنامەی (هەولێر) ژمارە ١٦٥١ ی ٩ حوزەیرانی٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە    http://www.hawler.in/article3915-506.htm







Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە