روانینێک بۆ داهاتووی راگەیاندنی قوتابیان

ئەم بابەتە لە کۆنفرانسی پێنجەمی سەنتەری خامە پێشکەشکرا کە لە رۆژی ٨ی تەمموزی٢٠١٣ لە هەولێر سازکرا .


خۆشحاڵم کە لە وەرزێکی نوێ ی کارکردن و بە روحێکی نوێ ، سەنتەری (خامە) بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری قوتابیان کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجام دەدات ، کە هیوادارم وەرچەرخانێک بێت ، گوڕوتینێکی تازە بێت ، نوێبوونەوەیەک بێت لە کاری میدیایی ی.ق.ک ، نوێبوونەوەیەک هەم بە پێ ی پێداویستیەکانی ئەم سەردەمە بێت ، هەم لەگەڵ میزاج  و خواستی ئەم توێژە یەکبگرێتەوە کە ئێوە کاری لەسەر دەکەن .
هەڤاڵان..
دەبێ بزانن کە لە سەردەمی کرانەوە و بچووک بوونەوەی دنیا بە ئامرازەکانی کۆمیونیکەیشن و فرەیی و زۆری زانیاری و بێشوماری لە جۆر و چۆنایەتی کەناڵەکانی راگەیاندن ، مانەوە و بەردەوامی و فرە جەماوەری بۆ بڵاوکراوە و هۆکارەکانی تری راگەیاندنتان کارێکی زەحمەتە ، بیرکردنەوە و پلان و خۆنەویستی و کارکردنی زۆری لێتان دەوێت ، بە تایبەتیش کە دەمانەوێت راگەیاندنی قوتابیان راگەیاندنێکی ئاراستە کراو بێت ، ئاراستە کردنێک لە چوارچێوەی پرەنسیپە نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراتیەکان ، لە چوارچیوەی ئازادی تاک و دروستکردنی تاکی هۆشیار ، لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ژن لە کۆمەڵگا ، لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی بیری یەکسانی و نەبوونی جیاوازی رەگەز و ئایین و زمان ، لە چوارچێوەی قوڵکردنەوەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگای کوردستان.
ئەمانە ئەگەر بابەتە گشتیەکان بن ، ئەوا پرسی خوێندن ، دام و دەزگاکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ، کەشی خوێندن ، پرۆگرام ، پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی ، کەرەسەکانی خوێندن ، گوزەرانی قوتابیان ، پەیوەندیەکانی نێوان قوتابیان ، مەیلە سیاسی و رۆشنبیری و زانستیەکانی نێو قوتابیان ، داهێنان و بیری تازەی قوتابیان ، چەق بەستویی و گەندەڵی و بەرەوپێش نەچوونی هەندێ لە ناوەندە گەورەکانی فێربوون، هاتنەخوارەوەی ئاستی زانستی قوتابیان ، پەرەسەندنی خوێندنی ئەهلی و بە پارەکردنی خوێندن ، چاودێری کردنی کوالێتی خوێندن و دەیان و دەیان پرسی تری تایبەت بە کەشی خوێندن و ژیانی قوتابیان دەبێ لەو ئەولەویاتانە بێت کە کاری بەردەوام و جدی تێدا بکەن .
هەر راگەیاندنێک دەبێت رەچاوی ئەو فئەیە بکات کە بە ئامانجی دەکات ، فئەی بە ئامانج کراوی ئێوە لە قۆناغی نۆ دەست پێ دەکات و لە قۆناغی کۆتایی خوێندنی زانکۆ کۆتایی دێت ، واتە ئەو توێژەی کە لە نێوان ١٥ - ٢٣ ساڵ دایە . گرنگە ئێوە بزانن کە ئەم تەمەنە خواستیان چیە ، مەیلیان چیە ، دەبێ لە خەون و ئامانجەکانیان بگەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئاراستەیان دەکەن و چۆن کاریان تێ دەکەن.
کەرەستەکانی راگەیاندنتان دەبێ کەرەستەی سەردەمیانە و بە تیراژی زۆر و ناوەرۆکی دەوڵەمەند و کاریگەر بێت . دوورکەونەوە لە فرەیی بڵاوکراوە و تواناکانتان چڕ بکەنەوە . بایەخێکی زۆر بدەن بە میدیای ئەلیکترۆنی و میدیای کۆمەڵایەتی ، هەوڵ بدەن قوتابیان و شوێنکەوتوانتان فێر ببن میدیای کۆمەڵایەتی و ئەلیکترۆنی بە شێوازە راستەکەی بەکار بێنن و پی ی کاریگەر بن .
خێرا بن لە کارکردنتان ، یەکێ لە سیماکانی راگەیاندنی ئەم سەردەمە خێراییە ، بۆ ئەوەی بەردەوام بیت دەبێ خێرا بیت ، سەردەم لەسەر کەس ناوەستێ ، بۆ ئەوەی کاریگەر بن دەبێ خێرا بن و فێر ببن بە خێرایی کاربکەن ، ئەگەر نا کارەکانتان لە راگەیاندن لە گەیاندنی پەیام و دروستکردنی کاریگەری دەگۆڕدریت بۆ راگەیاندنێک لە خزمەتی ئەرشیف .
هانی قوتابیانی بەهرەمەند وشارەزا بدەن کە لێتان نزیک بن ، بواریان پی بدەن لەگەڵ ئێوە داهێنان بکەن ، چەند خۆشە دەیان ئەستێرەی ئەمڕۆی میدیای کوردستان دەبینین هەنگاوی سەرەتایان لە راگەیاندنی یەکێتی قوتابیانەوە دەست پێ کردووە . ئێوەش بەردەوام بن لە دروستکردنی ئەم هەلانە بۆ بەهرەمەندان.

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە