چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامەی باس ژمارە( ١٥٣) لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٣


(دیمانه‌:(باسنيوز) شوان به‌رزنجی-
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی پارتی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ كۆنگره‌ی ١٤هه‌مینی پارتی له‌كاتی خۆی ده‌یه‌سترێت، پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كان پێیوایه‌ كۆنگره‌ی ١٣ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ تێكه‌ڵكردنی دوو نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر، كه‌ ئه‌وانیش نه‌وه‌ی دوا راپه‌ڕین و پێش راپه‌ڕین بووه‌.
ساسان عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ (باس)دا چه‌ند پرسێكی پێوه‌ست به‌ ره‌وشی سیاسی و ئه‌نجامه‌ پێشبینیكراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ده‌خاته‌ روو.

(باس)- پارتی له‌ كۆنگره‌ی 13دا دروشمی نوێبوونه‌وه‌ و دادپه‌روه‌ریی به‌رز كرده‌وه‌ به‌ بڕوای هه‌ندێك له‌ دوای كۆنگره‌ پارتی نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و دروشمانه‌ له‌ ناوخۆی جێگیر بكات؟
ساسان عه‌ونی: دروشمه‌كانی كۆنگره‌ی 13 داپه‌روه‌ری و پێكه‌وه‌ژیان نوێبوونه‌وه‌ بوو، ئه‌و دروشمانه‌ ته‌عبیر له‌ روئیای پارتی ناكات ته‌نیا بۆ نێوخۆی، به‌ڵكوو ده‌ربڕی بۆچوونی پارتیشه‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگا، نوێبوونه‌وه‌ ته‌نیا دروشمێك نییه‌ له‌نێو پارتی، به‌ڵكوو به‌ كرده‌یی به‌رجه‌سته‌ كراوه‌ و له‌ پێشووشدا نوێبوونه‌وه‌ له‌نێو پارتی هه‌بووه‌ و پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌، ئه‌گه‌ر نوێبوونه‌وه‌ له‌ نێو پارتی نه‌بوایه‌ ته‌مه‌نی نه‌ده‌گه‌یشته‌ 67 ساڵ. له‌و كۆنگره‌یه‌ پرسی نوێبوونه‌وه‌ له‌نێو سه‌ركردایه‌تی به‌ باشی به‌ڕێوه‌ چوو و تێكه‌ڵاویه‌كی جوان  له‌ نێوان  دوو نه‌وه‌دا كرا، نه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ دوای راپه‌ڕین هاتنه‌ نێو كاروباری حزبی و رێكخراوه‌یی، نه‌وه‌كه‌ی تریش كه‌ نه‌وه‌ی شۆڕش و سه‌رده‌می شاخ بوون.
(باس)- له‌نێو خه‌ڵكی پارتی ئه‌و گله‌ییه‌ هه‌یه‌ كه‌ دادپه‌روه‌ری نییه‌ له‌ پێدانی به‌رپرسیاریه‌تی و جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و كادیر و ئه‌ندامانی حزبی؟
ساسان عه‌ونی: له‌نێوخۆی حزب به‌پێی ئاسته‌كان دادپه‌روه‌ری چه‌سپاوه‌، هه‌موو ئه‌و ئاستانه‌ی وه‌كو یه‌كن ئیمتیاز و به‌رپرسیاریه‌تیان وه‌كو یه‌كه‌، جیاوازی له‌ نێوان ئاسته‌كانیش به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ خه‌ڵك گله‌یی و گازانده‌ بكات. ناڵێم جیاوازی له‌ نێوان سه‌ركردایه‌تی و خواره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌و جیاوازیه‌ دیاریكراوه‌ و به‌پێی پله‌ و به‌رپرسیاریه‌تیه‌، گله‌ییش ئاساییه‌ و به‌ دواداچوونی بۆ ده‌كرێت .
(باس)- كه‌ی كۆنگره‌ی 14 ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟
ساسان عه‌ونی: به‌پێی پێڕه‌وی ناوخۆ، ده‌بێت 4 ساڵ جارێك حزب كۆنگره‌ بكات، هه‌ركاتێك بارودۆخ گونجاو بوو، بڕیار له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌درێت، تاوه‌كو ئێسته‌ باس له‌ واده‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی 14 نه‌كراوه‌، له‌ دواكۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیش ئه‌و پرسه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، كۆنگره‌ش دوا نه‌كه‌وێت و كاتمان له‌به‌رده‌ست ماوه‌.
(باس)- هه‌ندێك له‌ چاودێران و میدیاكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی له‌ سنووری "زه‌رد" ده‌رفه‌تی ئازادی و بیروڕای ئازاد كه‌متره‌ بۆ؟
ساسان عه‌ونی: پارتی به‌ درێژایی مێژووی خۆی زامنی ئازادییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بووه‌ و ئێسته‌ش زامن و گه‌ره‌نتیی به‌خشی ئازادییه‌كانی خه‌ڵكه‌، ده‌سته‌واژه‌ی كه‌میی ئازادیش ده‌سته‌واژه‌یه‌كی  دروستكراوه‌ و زۆر جار بۆ دژایه‌تیكردنی پارتی به‌كار دێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ هیچ بنه‌مایه‌كی نییه‌.
(باس)- كه‌واته‌ ئه‌و ئازادیه‌ی له‌ سلێمانی هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆكیش هه‌یه‌؟
ساسان عه‌ونی: به‌ڵێ ، پێمانوایه‌ پارتی زامنی ئازادییه‌كانی خه‌ڵكه‌ به‌ ئازادیی راده‌ربڕینیشه‌وه‌.
(باس)- كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن پێشنیازی ئه‌وه‌ی كردووه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ 21/11 ئه‌نجام بدرێت، پێتان وانییه‌ ئه‌و پێشنیازه‌ی كۆمسیۆن له‌ شوێنی خۆیدا بێت؟
ساسان عه‌ونی: له‌ رووی ته‌كنیكی و له‌ رووی میزاجی خه‌ڵكه‌وه‌ ئه‌نجامدانی دوو هه‌ڵبژاردن به‌دوای یه‌كدا زه‌حمه‌ته‌ و بۆ خه‌ڵك قورسه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێوه‌ند بێت به‌ پارتی، ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا.
(باس)- یه‌كێتی و ئۆپۆزسیۆن پارتی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك له‌ تۆماری ده‌نگده‌ران ساخته‌كاریی كردووه‌، بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ وه‌ڵامتان چییه‌؟
ساسان عه‌ونی: ده‌بێت ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ خه‌ڵك روون بكرێته‌وه‌، پارتی تۆماری ده‌نگده‌رانی دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو ئه‌و تۆماره‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانیی عێراق دروست كراوه‌، چونكه‌ پێوه‌ندیی به‌ فۆرمی خۆراكه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق پیاده‌ ده‌كرێت له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانیش وه‌كو یه‌كه‌، گرفتی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نه‌تواندراوه‌ سه‌رژمێریه‌كی دروست و شه‌فاف بكرێت له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ كوردستانیشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گله‌یی و گازاندانه‌ هه‌یه‌ نه‌مێنێت، له‌وانه‌یه‌ هۆكاری تۆمه‌ت دروستكردن بۆ پارتی له‌ به‌رامبه‌ر تۆماری ده‌نگده‌ران بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و ترسان بێت له‌ ده‌نگه‌كانی پارتی.
(باس)- له‌ چه‌ند هه‌ڵبژاردنێكی رابردوودا ئێوه‌ ده‌نگتان له‌ سلێمانی زۆر كه‌م بووه‌، ئایا پارتی ئه‌مجاره‌ ده‌نگه‌كانی له‌و ناوچه‌یه‌ چۆن ده‌بێت؟
ساسان عه‌ونی: پارتی و سلێمانی لێك جیا ناكرێنه‌وه‌ و له‌ یه‌كتر دانابڕێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك هۆكار هه‌بوونه‌ وایان كردووه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتی له‌ ئاست قورسایی پارتی نه‌بێت له‌ سلێمانی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ دڵنیاین رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتی له‌ سلێمانی گۆرانكاریی به‌رچاو به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.
(باس)- به‌پێی قسه‌كانی ئێوه‌ ده‌نگه‌كانی پارتی زیاد ده‌كات، كه‌واته‌ ده‌نگه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ پاشه‌كشه‌ ده‌بێت؟
ساسان عه‌ونی: به‌پێی راپرسییه‌كان و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان و سه‌ندیكا و رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌كان، هه‌ست به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن ده‌كرێت، پێمانوایه‌ ده‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
(باس)- چی وا له‌ ئێوه‌ ده‌كات بڵێن بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌نگه‌كانی كه‌م بكاته‌وه‌؟
ساسان عه‌ونی: كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن، له‌وانه‌ ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی پێوه‌سته‌ به‌ سیاسه‌تی گۆڕان كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌كو ئۆپۆزسیۆنێكی ته‌ندروست كار بكات، له‌و ماوه‌یه‌ ته‌نیا كاری له‌ سه‌ر شڵه‌ژانی جه‌وی سیاسیی كوردستان كرد، هۆكارێكی تریش كاركردنی یه‌كێتیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازییانه‌ی كه‌ پێشتر ده‌نگیان به‌ گۆڕان دا. ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕازییانه‌ی تریش كه‌ له‌ 25/7 بۆ گۆڕان رۆیشتن، پێیان وابوو ئۆپۆزسیۆنێكی غه‌یره‌ ئیسلامی سیاسی پێویست بێت، به‌ڵام ئه‌دای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ماوه‌ی 4 ساڵی رابردوودا، وا ده‌كات جارێكی تر ئه‌و ده‌نگانه‌ بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ نه‌چێته‌وه‌.
(باس)- ترستان له‌وه‌ نییه‌ ده‌نگی حزبه‌ ئیسلامییه‌كان له‌و نێوانه‌دا زیاد بێت؟  
ساسان عه‌ونی: ئێمه‌ ترسمان له‌ زیادبوونی ده‌نگی هیچ هێزێكی سیاسی نییه‌، ئه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه‌ و هه‌رلایه‌ك هه‌وڵ ده‌دات ده‌نگی زیاتر بهێنێت، به‌ڵام سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌.
(باس)- له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌لێشاو خه‌ڵكی  رۆژئاوا روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌ دوا په‌یامیشیدا سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ڵێت نابێت رۆژئاوا چۆڵ بكرێت، بۆچی له‌سه‌ر داخستنی سنوور زۆرترین ره‌خنه‌ له‌ پارتی گیرا؟
ساسان عه‌ونی: پارتی سنووری دانه‌خستووه‌، ئه‌و سنووره‌ پردیه‌ی  ئێسته‌ پارتی دروستی كردووه‌ بۆ یارمه‌تیدانی رۆژئاوا بووه‌، ئێسته‌ش كه‌ به‌لێشاو له‌ رۆژئاوا خه‌ڵك دێن، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چۆڵكردنی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستاندا نین، چونكه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ به‌رگری بكرێت، به‌ڵام كه‌ بارودۆخی پارچه‌یه‌كی كوردستان دژواره‌ ئه‌وه‌ سنوور كراوه‌یه‌وه‌ و له‌ خزمه‌تیانداین.
- See more at: http://www.bas-news.net/ArticleDetail.aspx?articleid=5944#sthash.iyH2QHkf.dpuf

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە