چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامەی پرس ژمارە ١٨٥ ، ٢٠ی ئابی ٢٠١٣




ساسان عه‌ونی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی (پ.د.ك) :

  • رێژه‌ی ده‌نگه‌كانمان له‌سلێمانی، جیاوازی به‌رچاو به‌خۆوه‌ ده‌بینێت 
  • ئێمه‌ له‌گه‌ڵ راست و دروستی لیستی تۆماری ده‌نگه‌رانین 
  • دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كارێكی باش نییه‌، پارتی پێی باشه‌ له‌كات و ساتی خۆیدا بكرێ 
  • ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵات ناگرێته‌ ده‌ست 
  • هه‌بوونی نیقاش مانای شیمانه‌ كردنی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی فه‌شه‌ل ده‌هێنێ یان ناگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی دیار و باش 

له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ هه‌فته‌نامه‌ی پرس، به‌رپرسی ده‌سته‌ی رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریی و پیشه‌ییه‌كانی پارتی، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ دواخستنی هیچ هه‌ڵبژاردنێك نین. پێشیوایه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌نگی زیاتر دێنن به‌تایبه‌تی له‌ سلێمانی. به‌دووریشی ده‌زانێ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست. ساسان عه‌ونی، له‌باره‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانیشه‌وه‌، روونی ده‌كاته‌وه‌ "ئێمه‌ به‌رگری له‌و بابه‌ته‌ ناكه‌ین، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ راست و دروستی لیستی تۆماری ده‌نگه‌رانین". ئاماژه‌ به‌وه‌ش‌ ده‌كات كه‌ هیچ ململانێ و ناكۆكیییه‌كی حزبیان له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌ نیه‌ و راشیگه‌یاند "له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان كه‌خه‌ڵكی كوردستان خه‌بات ده‌كات بۆ ئازادی و دیموكراسی، ناكرێ هیچ لایه‌نێك به‌ته‌نیا بیه‌وێ حۆی فه‌رز بكات و ته‌همیشی ئه‌حزاب و بیروبۆچوونی لایه‌نه‌كانی تر بكات. سه‌باره‌ت به‌و هێرشه‌ میدیاییه‌ی كه‌ ده‌كرێنه‌ سه‌ر پارتی، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، ساسان عه‌ونی به‌ پرسی راگه‌یاند "به‌ئامانج گرتنی پارتی له‌ لایه‌ن هێزو ئه‌حراب و شوێنه‌كانی تره‌وه‌، ده‌لاله‌ت له‌ گه‌وره‌یی و كاریگه‌ری پارتی ده‌كات به‌ ‌سه‌ر دروستكردنی رووداوه‌كانه‌وه‌". ئه‌وه‌شی گوت "له‌وه‌ته‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دامه‌زراوه‌ نه‌ریتی ئه‌وه‌یه كه‌ به‌رده‌وام له‌ كه‌ناڵه‌كانی خۆی و ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه‌ وه‌كو سێبه‌ر ده‌عمیان ده‌كات، به‌رده‌وام هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر پارتی".‌ 
سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌ باس له‌ راجیایی و ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كرێ، ناوبراو ده‌ڵێت "هه‌بوونی نیقاش مانای شیمانه‌ كردنی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ فه‌شه‌ل ده‌هێنێ یان ناگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی دیار و باش". 

دیمانه‌: فه‌ره‌یدون بێوار 

پرس: به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ پێنج حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ به‌تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی به‌ لیستی جیا ده‌چنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ندێك له‌ چاودێران پێیانوایه ئه‌م هه‌ڵبژادنه‌ گۆڕانكاری له‌نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێم دێنێته‌ئاراوه‌و هاوسه‌نگی هێز ده‌گۆڕێت. ده‌مه‌وێ بپرسم خوێندنه‌وه‌تان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و قه‌باره‌ی حزبه‌كان چۆنه‌ و پێشبینی چ ده‌كه‌ن؟ 

ساسان عه‌ونی: له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ جیاوازی هه‌بێ له‌چاو هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووتر، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پیشووتر به‌ لیستی داخراو بوون، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مجاره‌ به‌ لیستی نیمچه‌ كراوه‌یه‌، واته‌ وێرای ده‌نگدان به‌ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی، خه‌ڵك ده‌توانێ راسته‌وخۆ ده‌نگ بدات به ئه‌و كاندیده‌ی كه‌ خۆی مه‌به‌ستێتی، ئه‌مه‌ش تاراده‌یه‌ك ئاڵوگۆڕ له‌ زۆری و كه‌می ده‌نگهێنانی حزبه‌كان ده‌كات. كه‌واته‌ به‌ده‌ر له‌ ئینتمای حزبایه‌تی كه‌ خه‌ڵك ده‌نگ به‌ لیستێكی دیاریكراو ده‌دات، هه‌ندێك پیوه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی و عه‌شایه‌ری و خێزانیش رۆڵی ده‌بێ له‌ ده‌نگداندا. ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیاد بوون یان كه‌مبوونی ده‌نگی حزبه‌كان ده‌بێت. 
پرس: پێتوایه‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌گاته‌ راده‌یه‌ك كه‌ حزبێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بكاته‌ ئۆپۆزسیۆن و حزبێكی ئۆپۆزسیۆنیش بگاته‌ ده‌سه‌ڵات؟ 
ساسان عه‌ونی: پێموانییه‌. 

پرس: ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ته‌نیا له‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا روودات، یان حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش ده‌گرێته‌وه‌؟ 

ساسان عه‌ونی: له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو حزبه‌كان ئاڵو گۆڕ رووده‌دات، چونكه‌ هه‌موو حزبه‌كان زاده‌ی هه‌ڵقوڵای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانین، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیش تاڕاده‌یه‌ك نه‌رێتییه‌. تائێستاش په‌یوه‌ندی عه‌شایه‌ری و خزمایه‌تی و بنه‌ماڵه‌یی و شارچێتی له‌ناوماندا باوه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌بێ له‌سه‌ر قه‌باره‌ی ده‌نگدان به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان. 

پرس: ده‌وترێ دهۆك بۆ پارتی یه‌كاڵا بۆته‌وه‌و هه‌ر یه‌ك له‌یه‌كێتی و گۆڕانیش خۆیان به‌براوه‌ی سلێمانی ده‌زانن و ده‌ڵێن ململانێ له‌سه‌ر هه‌ولێر ده‌كه‌ین. ده‌مه‌وێ بپرسم چه‌قی ململانێی پارتی كامه‌ پارێزگا و ناوچه‌ ده‌بێ؟ 

ساسان عه‌ونی: پارتی حزبێكی سه‌رتاسه‌رییه‌ نه‌ك ناوچه‌یی، له‌سه‌رتاسه‌ریی كوردستان جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگر و ده‌نگده‌ری خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان منافه‌سه‌ ده‌كه‌ین، پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ ژماره‌ی ده‌نگ و كورسییه‌كانمان له‌چاو جاری پێشوو زیاتر بكات، ته‌نانه‌ت له‌و شوێنانه‌ی كه‌ جاری پێشوو ژماره‌ی ده‌نگه‌كانمان وه‌ك پێویست نه‌بووبێ، ئه‌مجاره‌ رێژه‌كه‌ی به‌رز بكه‌ینه‌وه‌. 

پرس: له‌چاو پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی، پارتی كه‌مترین ده‌نگ و كورسیی هه‌یه‌ له‌پارێزگای سلێمانی، ئه‌مه‌ هۆی چییه‌؟ 

ساسان عه‌ونی: پارتی و سلێمانی لێكدانابڕێن، پارتی ره‌گ و ریشاڵێكی قوڵی له‌ سلێمانی هه‌یه‌، ده‌نگده‌ر و لایه‌نگریی زۆر له‌سنووریی پارێزگای سلێمانی هه‌ن كه‌ كار بۆ پارتی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئاسه‌واره‌كانی پێشووتری بارودۆخی كوردستان تاراده‌یه‌ك ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتی له‌سنووریی سلێمانی، به‌ڵام پارتی زۆر به‌جدی كاری له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كردووه‌و ئه‌مجاره‌ پێشبینی ده‌كه‌ین كه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانمان جیاوازی به‌رچاو به‌خۆوه‌ ببینێت. 
پرس: ‌یه‌كێك له‌و‌ مه‌سه‌لانه‌ی‌ كه‌ حزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و به‌ یه‌كێتیشه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، مه‌سه‌له‌ی ناوی مردووان و ناوی دووباره‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانه‌، هه‌مووان په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ پارتی درێژ ده‌كه‌ن و والێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ به‌ته‌نیا پارتی ره‌خنه‌ی له‌ تۆماره‌كه‌ نییه‌. روونكردنه‌وه‌ی ئێوه‌ چییه‌ له‌سه‌ر تۆماری ده‌نگده‌ران و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ له‌و باره‌وه‌ ئاراسته‌ی پارتی ده‌كرێن؟ 

ساسان عه‌ونی: ئێمه‌ به‌رگری له‌و بابه‌ته‌ ناكه‌ین، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ راست و دروستی لیستی تۆماری ده‌نگه‌رانین، ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌ وه‌زاره‌تی بارزرگانی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، گرفتی سه‌ره‌كیش نه‌بوونی ژمێرییه‌كی راست و دروسته‌ له‌ عێراق و كوردستان، ئه‌وه‌ كێشه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی به‌ پارتییه‌وه‌ نییه‌. 

پرس: له‌كانی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ كردن، ئایا یه‌كێتی و پارتی وه‌ك دوو هێزی هاوپه‌یمان هه‌ماهه‌نگی ئێعلامیان ده‌بێت یاخود ده‌كه‌ونه‌ شه‌ڕی ئێعلامی دژیی یه‌كتر؟ 
ساسان عه‌ونی: راگه‌یاندنی ئێمه‌ راگه‌یاندنێكی مولته‌زیمه‌، ئیلتیزامێكی نه‌ته‌و‌ه‌یی، نیشتمانی هه‌یه‌ كه‌ له‌خزمه‌تی سه‌قامگیری پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستانه‌. مافی هه‌ر حزبێكیشه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ بۆخۆی بكات و كاندیده‌كانی خۆی به‌‌ خه‌ڵك بناسێنێ و زۆرترین ده‌نگیان بۆ كۆبكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ست بێ به‌پارتییه‌وه‌ پێموانییه‌ كه‌ پارتی ده‌ستپێشخه‌ربێ له‌هیچ جۆره‌ گرژ كردنێكی باری راگه‌یاندن. سه‌باره‌ت به‌هه‌ماهه‌نگی نیوان پارتی و یه‌كێتیش، له‌وانه‌یه‌ جارێ كاتی نه‌هاتبێ، هه‌ر كات پێویست بكات له‌وانه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوولا ته‌نسیق و راوێژیان هه‌بێ له‌گه‌ڵ یه‌كتر. 
پرس: به‌سه‌ر‌په‌رشتی سه‌رۆك بارزانی، ئێستا ئاماده‌كاریی ده‌كرێ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌ به‌شداری نوێنه‌رانی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان و...هتد. به‌رای ئێوه‌ گرنگترین ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ چین كه‌ له كۆنگره‌كه‌دا وتووێژیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێ، یاخود چۆن ده‌روانیته‌ ده‌رنجام و راسپاره‌كانی كۆنگره‌كه‌؟ 

ساسان عه‌ونی: دره‌نجامی كۆنگره‌ هه‌ر چییه‌ك بێ، گرنگترین ده‌رنجامی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یامێكی ئاشتیانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌سه‌رجه‌م كوردستان بۆ هه‌موو دنیا، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كه‌ ئیمه‌ له‌دنیادا خه‌ریكه‌ ده‌بینه‌ تاكه‌ میلله‌تی به‌ ژماره‌ زۆریی بێده‌وڵه‌ت. وه‌ك بزوتنه‌وه‌ سیاسیه‌كانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر مێزی گفتو‌گۆ دابنشین و په‌یامی ئاشتیانه‌ی خۆمان بده‌ینه‌ هه‌موو دنیا، هه‌روه‌ها كار بكه‌ین بۆ دارشتنی ستراتژییه‌ك بۆ كاردن له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌ك و له‌نیوان پارچه‌كانیشدا. 

پرس: ده‌وترێ راجیایی و ناكۆكی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاییه‌كان هه‌یه‌ و له‌ئێستاوه‌ شیمانه‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی گۆنگره‌ ده‌كرێ، ئایا به‌رێزتان پێتانوایه‌ كۆنگره‌ بتوانێ جیاوازی و ناكۆكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات؟ 

ساسان عه‌ونی: ئاساییه‌ دوای چه‌ندین ساڵ خیلاف له‌نێوان هێزه‌كانی یه‌ك پارچه‌ یان له‌نیوان پارچه‌كانیش له‌گه‌ڵ یه‌كتری ئه‌و جۆره‌ نیقاشانه‌ هه‌بێ، هه‌بوونی نیقاش مانای شیمانه‌ كردنی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ فه‌شه‌ل ده‌هێنێ یان ناگه‌ینه‌ ئه‌نجامێكی دیار و باش. 

پرس: له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پرسی رۆژئاوای كوردستان، لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ڵێن پارتی ناكۆكی له‌گه‌ڵ "په‌یه‌ده‌" و له‌سه‌ر پرسی باڵاده‌ستی له‌ رۆژاوای كوردستان ململانێ و ناكۆكیتان هه‌یه‌. ئایا ئێوه‌ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌ چۆنه‌ و تاچه‌ند ناكۆكیتان هه‌یه‌؟ 

ساسان عه‌ونی: ئێمه‌ ململانێ و ناكۆكیمان نییه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی سیاسی پارچه‌كانی تر، به‌چاوی رێزه‌وه‌ ته‌ماشای هه‌مووان ده‌كه‌ین و تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر پاره‌چه‌یه‌ك له‌ پارچه‌كانی كوردستان له‌به‌رچاو ده‌گرین. دڵنیاشین له‌‌په‌یڕه‌وان و خۆشه‌ویستی رێبازی بارزانی، نه‌ك هه‌ر له‌ باشووریی كوردستان به‌ڵكو له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان، به‌ڵام له‌هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان كه‌خه‌ڵكی كوردستان خه‌بات ده‌كات بۆ ئازادی و دیموكراسی، ناكرێ هیچ لایه‌نێك به‌ته‌نیا بیه‌وێ خۆی فه‌رز بكات و ته‌همیشی ئه‌حزاب و بیروبۆچوونی لایه‌نه‌كانی تر بكات. 

پرس: له‌وه‌ته‌ی ئۆپۆزسیۆن دروست بووه‌، به‌تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ كوردستان، زۆرترین ره‌خنه‌ و رووی ده‌میان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌. بۆچی پارتی بۆته‌ ئامانجی ئۆپۆزسیۆن و ئۆپۆزسیۆن چی له‌پارتی ده‌وێت؟ 

ساسان عه‌ونی: به‌ئامانج گرتنی پارتی له‌ لایه‌ن هێزو ئه‌حراب و شوێنه‌كانی تره‌وه‌، ده‌لاله‌ت له‌ گه‌وره‌یی و كاریگه‌ری پارتی ده‌كات به‌ ‌سه‌ر دروستكردنی رووداوه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ حزبێكی گه‌وره‌ی وه‌ك پارتی كه‌ كاریگه‌ری گه‌وره‌و دیار‌ و ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی روداوه‌كان هێرشی جیاجیای بكرێته‌سه‌ر. سه‌باره‌ت به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه‌ نه‌ریتی حزبه‌كه‌‌ ئه‌وه‌یه كه‌ به‌رده‌وام له‌ كه‌ناڵه‌كانی خۆی و ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی كه‌ وه‌كو سێبه‌ر ده‌عمیان ده‌كات، هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر پارتی.‌ 
پرس: له‌سنووری هه‌ندێك لق له‌رێگه‌ی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كاندیده‌كان بۆ ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان ده‌ست نیشانكران، به‌ڵام دواتر ناوی هه‌ندێك له‌ده‌رچووان له‌لیسته‌كه‌دا ده‌رهات و مه‌كته‌بی سیاسی كه‌سانی تری خستنه‌ جێگا. ئایا هه‌ڵبژاردنی كاندیدانی پارتی له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك بوو؟ 

ساسان عه‌ونی: كۆمه‌ڵێك مێكانیزم هه‌بوون، له‌وانه‌ له‌لا‌یه‌ن سه‌ركردایه‌ییه‌وه‌ ئازادی درایه‌ لقه‌كان كه‌ به چ شێوازێك خۆیان به‌باشی ده‌زانن كاندیده‌كانی په‌رله‌مان ده‌ست نیشان بكه‌ن، له‌هه‌ندێك شوێن پێیانوابوو به‌هه‌ڵبژاردن بكرێ باشتره‌، به‌ڵام له‌هه‌ندێك شوێنی تر‌ به‌ كۆده‌نگی لیژنه‌ی حزبی كاندیده‌كان ده‌ست نیشان كران، شتێكی سروشتیشه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ هه‌ندێك گۆڕانكاری له‌ لیستی ناوه‌كاندا بكرێ به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكانێك كه‌م بكرێنه‌وه‌ یان خه‌ڵكانێك زیاد بكرێ. 
پرس: له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق، پارتی كاندیده‌كانی به‌سه‌ر لقه‌كان دابه‌ش كرد، ئایا بۆ ئه‌مجاره‌ چۆنییه‌تی بانگه‌شه‌ كردن یه‌ك بازنه‌یی ده‌بێ یان ناوچه‌یی، واته‌ كاندیده‌كان به‌سه‌ر سنور و ناوچه‌كانی خۆیاندا دابه‌ش ده‌كرێن؟ 
ساسان عه‌ونی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان یه‌ك بازنه‌یه،‌ بۆیه‌ بانگه‌شه‌كردنه‌كه‌ سه‌رتاسه‌ری ده‌بێ، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ لقێك له‌ سنوورێكی دیاریكراو بۆ كار كردنی زیاتر بۆ ده‌رچوونی كاندیده‌كانی هه‌ندێك دابه‌شبوونی ناوخۆیی له‌ناو كاندیده‌كانی بكات. كه‌واته‌ رێ له‌وه‌ ناگیرێ كه‌ لقێك كاندیده‌كانی خۆی به‌سه‌ر ناوچه‌كانی دا دابه‌ش بكات. 
پرس: ئێستا به‌شێوه‌ی رێكه‌وتن پۆسته‌ سیادییه‌كان له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی دابه‌شكراون، به‌ڵام مادام ئه‌مجاره‌ به‌لیستی جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، رێژه‌ی كورسییه‌كانتان جیاواز ده‌بێ، ئایا دابه‌شكردنی پۆسته‌ سیادییه‌كانی حكومه‌تی داهاتوو له‌سه‌ر بنه‌مای كورسی ده‌بێ یان هه‌ر نیوه‌ به‌ نیوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌؟ 
ساسان عه‌ونی: ئێمه‌ و یه‌كێتی هاوپه‌یمانین و رێكه‌وتنی ستراتیژی له‌نیوانماندایه‌. هه‌ر كارێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی سه‌قامگیری سیاسیی كوردستان و به‌ره‌و پیشبردنی ئه‌زموونی حكومڕانی كوردستان بێ، ده‌یگرینه‌به‌ر. 
پرس: قسه‌ و باس زۆر له‌ سه‌ر دواخستن و داوكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كراو ده‌كرێ، ئایا هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی له‌باره‌ی هه‌ڵبژادنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانه‌وه‌ چییه‌؟ 
ساسان عه‌ونی: دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان كارێكی باش نییه‌، پارتی پێی باشه‌ له‌كات و ساتی خۆیدا بكرێ. 

پرس: دوا پرسیارمان ئه‌وه‌بی، به‌رێزتان كاندیدن بۆ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و ناوتان له‌سه‌هره‌تا‌ی لیسته‌كه‌دایه‌. ئایا ئه‌وه‌ حه‌زی خۆتان بووه‌ یان حزبكاندیدی كردوون؟ 
حزب هه‌ر ئه‌ركێكیمان پێبسپێرێ وه‌ك كادیرێكی ئه‌و حزبه‌ دڵسۆزانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، دیاره‌ پارتی پێی باشبووه‌ بۆیه‌ كاندید كراووم.‌ 


لە ژمارە ١٨٥ ی رۆژنامەی پرس تایبەت بە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە ٢٠ ی ئابی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە