چاوپێکەوتن لەگەڵ گۆڤاری (لڤین) ژمارە (٢٤٥) لە ١٧ ی ئەیلولی ٢٠١٣



لڤین:بانگەشەى هەڵبژاردنەکان لەکوردستان بەگشتى وە لەهەولێر و دهۆک چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ا
ساسان عەونى: یەک لەجوانیەکانى پڕۆسەى هەڵبژاردن ، بانگەشەى هەڵبژاردنە کەتێیدا هەموو لایەنەکان جگە لە ناساندنى کەسایەتى کاندیدەکانیان  بیر و ڕا و بەرنامەکانى خۆیان دەخەنەڕوو، ئەوەى تێبینیم کردووە لەهەولێر و دەوروبەرى بەشێوازێکى جوان و مۆدێرن و ڕێک و پێک هەڵمەتەکانى بانگەشە بەڕێوە دەچێت، وەکو پارتیش ڕێنماییمان ئەوەیە کە ئەندامان و لایەنگرانى پارتى کەشى ئارامى بانگەشەى هەڵبژاردن بپارێزن ، وە بانگەشەى هەڵبژاردن نەکەنە هۆکار بۆ بێزارکردنى هاوڵاتیان

لڤین:بەڵام هەندێک لایەن لەوانە یەکێتى گلەیى ئەوەدەکەن پۆستەرەکانیان لەشارى هەولێر لێدەکرێتەوە؟
ساسان عەونى: پێم وایە ئەوە شتێکى بەرنامە بۆ داڕێژراو نیە، وە هەموو لایەنەکان بەپارتیشەوە بەردەوام پۆستەرەکانیان دەدڕێت و لێدەکرێتەوە،ئیشى خەڵکێکە هەندێکجار گەنج و هەرزەکارن ئەو کارانە دەکەن،بۆ خۆم کاندیدى پارتیم و پۆستەرەکانیشم لێکراونەتەوە و دڕێنراوە ئەوە دەستێکى سیاسى نیە بەئەندازەى ئەوەى کارێکى عەفەوییە و خەڵک دەیکات ، ئەم بابەتەش تەنها لە هەولێر نیە و لەزۆر شوێن هەیە، ئەوە کۆیە زۆربەى پۆستەرەکانى من یا دڕێنراوە یان پۆستەرى لایەنێکى ترى لەسەر دراوە

لڤین:هەندێک توند و تیژى بەدى دەکرێت و ئەنجامدراوە لەشارى سلێمانى لەمیانى بانگەشەى هەڵبژاردنەکان،ئایا ئەو توند و تیژییانە لەهەولێر هەیە؟
ساسان عەونى:هەتا ئێستا ئەو تێبینیەم نەکردووە،وە هێزەکانى پۆلیس و ئاسایش لەئامادەباشى تەواودان،وە ئەمنیەت و سەلامەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکان دەپارێزن

لڤین:پێتان وایە بۆچى ئەو توند و تیژییانە لەسلێمانى ئەنجام دەدرێت؟
ساسان عەونى:لەوانەیە نەتوانم لێرەوە شیکردنەوەى دروست بکەم،بەڵام ئەگەر بمانەوێت بەزانستیانە تەماشاى بکەین لەوانەیە پەیوەست بێت بەحاڵەتى نەفسى ئەندام و لایەنگرانى حیزبە سیاسیەکان وە کاندیدەکان لەوێ، لەوانەیە گومانى لایەنێک لە دابەزینى ئاستى جەماوەرى یان هەوڵى لایەنێکى تر بۆ هێشتنەوەى وورەى جەماوەرەکەى بە ئاستێکى بەرز و هەوڵى کارتێکردن لە خەڵکى تر ئاراستەى بانگەشەکان بەو لایەدا بگۆڕێت  واتە بەئاڕاستەیەکى توند و تیژى ببەن، بەڵام بە گشتى دەبێت لایەنەکان کۆنترۆلى جەماوەریان بکەن و بوارى توند و تیژى نەدەن

لڤین:واتە ئێوەش لەگەڵ ئەو ڕایەدان کەهەندێک دەڵێن ململانێ توندەکەى هەڵبژاردن لەسلێمانیە و لەسەر ئەو شارەیە؟
ساسان عەونى:ئاماژەکان واپیشان دەدەن کەململانێى هەڵبژاردن لەسلێمانى توندە.

لڤین:پارتى لەکوێى ئەو ململانێ توندەى سلێمانیدایە؟
ساسان عەونى:پارتى بە بەرپرسیارێتى و بەپێى بەرنامە و پڕۆگرامى بانگەشەى خۆى کارەکانى دەکات وە تائێستاش نەبۆتە لایەن لە ئاڵۆزبوون یان شێواندنى بارودۆخ

لڤین:بۆچى ئەو ململانێیە لەهەولێر و دهۆک نیە و هەست بەجۆرێک لەساردى دەکرێت لەهەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى هەولێر و دهۆک؟
ساسان عەونى: هەڵمەتى هەڵبژاردن بەو پەڕى گەرم و گوڕی لە هەولێر و دهۆک بەڕێوە دەچێت و ساردى تێدا نیە هەروەک چۆن ئاژاوە و توند و تیژى تێدا نیە ، نابێت ئەوەش نادیدە بگرین کە سروشتى کۆمەڵایەتى ناوچەکانى کوردستان جیاوازن ، ئەوەى گرنگە ئازادى کار و بانگەشە بۆ هەموان فەراهەمکراوە و حیزب و لایەنە سیاسیەکان ئەوەى لەتوانایاندا هەبێت کردویانە،هەروەهامەرج نیە نمونەى بانگەشەى شارێک لە شوێنى تر کۆپى بکرێت

لڤین:بۆچى پارتى بەشێک نیە لەو ململانێ توندەى لەنێوان لایەنەکان هەیە بەتایبەت لەشارى سلێمانى؟
ساسان عەونى:پارتى حیزبێکى سەرتاسەرییە،ڕەگ و ڕیشاڵى لەهەموو شوێن و ناوچەکانى کوردستان هەیە،وە جەماوەر و دەنگدەرێکى بێ شوماریشى لەسلێمانى هەیە،سلێمانى وەکو هەرناوچەیەکى دى کوردستان جەماوەر و دەنگدەرى پارتى تێدایە و زۆر بەچڕى و زۆر بەهێزیش کارى تێدا دەکەین وە ئەمجارەش لەژمارەى دەنگەکانمان دەردەکەوێت

لڤین:زۆر بەهێز و زۆر بەچڕى کار لەسلێمانى دەکات پارتى وەک خۆت لەوەڵامەکەتدا ئاماژەت پێکرد،واتە پارتى بەرنامەیەکى تایبەتى هەیە بۆ سلێمانى بۆ ئەوەى ڕێژەى دەنگەکانى بەرزبکاتەوە؟
ساسان عەونى:بەرنامەى پارتى لەهەڵبژاردنەکان لەهەموو شوێنێک دیارە بەڕەچاوکردنى تایبەتمەندى شوێنێک لەگەڵ شوێنێکى تر لەسلێمانیش بەهەمان شێوە

لڤین:واتە هەڵبژاردنى ئەمجارە وەک هەڵبژاردنى پەرلەمانى عیراق نابێت کە نەتانتوانى کورسیەک بەدەست بهێنن لەسلێمانى؟
ساسان عەونى:لەوانەیە هەندێک هەڵەى تەکنیکى لەدانانى زۆرى ژمارەى کاندیدەکان واى کردبێت کە جارى پێشوو دەنگەکانمان پەرت ببێت،ئەمجارە هەڵبژاردنەکە جودایە و بەلیستى نیمچە کراوەیە کوردستان یەک بازنەیە خەڵک دەنگ دەدات بەلیستى حیزب و لەناو لیستى حیزبیش دەنگ بەکاندیدێکى دیارى کراو دەدات

لڤین:واتە ئەمجارە لەسلێمانى ڕێژەى دەنگەکانتان چۆن دەبێت؟
ساسان عەونى: بەرز دەبێتەوە.

لڤین:هەندێکجار قسەى نافەڕمى دەبیسترێت لەلایەن هەندێ کادیرى یەکێتى و بەشێکى دیکە کەدەڵێن توند و تیژییەکانى سلێمانى لایەنێکى سیاسى دەسەڵات لەپشتیەوەتى،مەعلومە دەسەڵاتى سەرەکى لاى پارتى و یەکێتیە،واتە بەجۆرێک لەجۆرەکان ئێوە تۆمەتبار دەکرێن بەوەى لەپشت ئەو توند و تیژییانەوە بن وەڵامى ئێوە بۆ ئەو تۆمەتانە چیە؟
ساسان عەونى:ئەوە قسەیەکە هیچ بنەمایەکى ڕاست و دروستى نییە، لەبەر ئەوەى مەعلومە دەزگا ئەمنیەکان و پۆلیس واتە ئەو دەزگایانەى هێمنى و ئاسایشى سلێمانى دەپارێزن چۆن بەڕێوەدەچن

لڤین:یەکێتى دەڵێت ئەمجارە لەهەولێر موفاجەئە دەکەن،ئایا ئێوە چاوەڕێ دەکەن یەکێتى موفاجەئە بکات لەهەولێر؟
ساسان عەونى:نەخێر، دەنگدەرى هەموو لایەنەکان و ڕێژەى دەنگەکانیان دیارە،بەڕێژەیەکى دیارى کراو بەرزبونەوە و نزمبونەوە لەڕێژەى دەنگەکان ڕوودەدات،بەڵام موفاجەئە لەهەولێر نابێت

لڤین:ئەى پارتى لەسلێمانى موفاجەئە دەکات؟
ساسان عەونى:ئێمە پێشبینیمان وایە دەنگەکانمان لەکوردستان بەگشتى زیاد دەکات،لەسلێمانى و هەولێریش دەنگمان زیاد دەکات،لەوانەیە دەنگەکانى یەکێتیش زیاد بکات بەڵام نەک بەو ئەندازەیەى ببێتە هۆى دروستبونى موفاجەئە بۆ ئێمە،لەبەر ئەوەى ئەو دەنگانەى یەکێتى بوون و جارەکەى دیکە بۆ گۆڕان ڕۆیشتبوون ئیحتیمالە بەشێکیان بۆ یەکێتى بێنەوە

لڤین:پێتان وایە یەکێتى تائێستاش هێزى دووەمە لەکوردستان و دەتوانێت بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هێزى دووەم بێت؟
ساسان عەونى:با چاوەرێ بکەین تا هەڵبژاردن .

لڤین:ڕکابەرى سەرەکى پارتى لەهەولێر و بادینان کێیە؟
ساسان عەونى: لەبادینان هیچ لایەنێک مونافیسى پارتى نیە،سەبارەت بەهەولێریش هەموو لایەنەکان مونافیسى یەکترن بەڵام ئێمە(پارتى)هێزى ژمارە یەکین

لڤین:ئەى لەسلێمانى چۆنى دەبینن کێ ڕکابەرى کێیە؟
ساسان عەونى:سلێمانیش وەک هەر شارێکى تر ململانێ ى تێدایە و حیزبەکان لە هەوڵى بەردەوامى زۆرکردنى جەماوەر و دەنگ دەریانن

لڤین:ئێوە لەسلێمانى هێزى چەندەمن؟
ساسان عەونى: لە کوردستان ئێمە هێزى ژمارە یەکین .

لڤین:لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بەگشتى ڕکابەرى پارتى کێیە؟
ساسان عەونى:بە پێ ى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى پێشوو یەکێتى هێزى دووەمە

لڤین:بەڵام گۆڕان و خودى نەوشیروان مستەفا لەچاوپێکەوتنەکانیاندا لەقسەکانیان ئەوە دەخەنەڕوو کە بزوتنەوەى گۆڕان ڕکابەرى سەرەکى پارتى دیموکراتى کوردستانە؟
ساسان عەونى:ئەوە بۆ بەرزکردنەوەى ورەى ئەندامان و هەوادارانى گۆڕانە وادەڵێن ئەگەرنا باش دەزانن کە وانیە،ئێمە ڕکابەرى گۆڕان نین چونکە ئێمە هێزى ژمارە یەکین،گۆڕان خۆى چ بۆچونێکى هەیە ئازادە، لەبیرمان نەچێت ئەوە بانگەشەى هەڵبژاردنە و رێ لەکەس ناگیرێت قسە بکات،ئەنجامى هەڵبژاردنەکانیش راستیەکان بەدیاردەخات

لڤین:ئایا ئەمجارە لەگەڵ یەکێتى حکومەت پێکدەهێننەوە؟
ساسان عەونى:لەوبارەوە لێدوانى بەڕێز سکرتێرى مەکتەبى سیاسى پارتیمان هەیە.کە ڕایگەیاند،هاوپەیمانى ئێمە یەکێتیە

لڤین:لەئێستادا لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن باس لەبەشدارى کردنى فراوانى خۆیان دەکەن لەحکومەتى ئایندە،ڕاى پارتى لەوبارەوە چیە؟
ساسان عەونى: وەکو پرەنسیپ پارتى بەردەوام لەگەڵ بەشدارى هەموو هێزە سیاسیەکان بووە لە حکومەت ، لەساڵى2009ش دەرگاى حکومەتى هەرێم واڵابوو بۆ هەموو لایەنە سیاسیەکان کەبەشدارى حکومەت بکەن . بۆ ئەم جارەش پرەنسیپەکە نەگۆڕاوە بەڵام پێم وایە جارێ زووە قسە لەوبارەوە بکەین

لڤین:ئەمجارەش ئەو دەرگایە واڵا دەکەن؟
ساسان عەونى:با چاوەڕێى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بکەین.

لڤین:پارتى ئەمجارە ئاسانکارى زیاتر ناکات بۆ ئەوەى لایەنەکان بەشدار پێبکات لەحکومەت لەڕێگەى قبوڵکردنى مەرجى زیاترى ئەو لایەنانە؟
ساسان عەونى:وەک پرەنسیپ باسم کرد بەڵام با چاوەڕێى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بکەین.

لڤین:لەهەڵبژاردنەکانى ڕابردوو پارتى بەئەنجامدانى ساختەکارى تۆمەتبار دەکرا،ئەگەر ئەمجارەش هەمان تۆمەتتان ئاڕاستەکرا هەڵوێستى ئێوە چى دەبێت؟
ساسان عەونى:ئەوە یەکەم بوختانێکى گەورەیە،دووەمیش تۆمەتێکە بنەماى نیە و دەیانەوێت بەو قسانە لەقەبارەى دەنگ و متمانەى خەڵک بەپارتى کەم بکەنەوە،ئەوە تۆمەتێکى ناڕەوایە کەدەڵێن لەفڵانە شوێن هەڵبژاردن بەپاکى بەڕێوە ناچێت بەڵام لەشوێنەکانى تر بەپاکى بەڕێوە دەچێت،کوردستان یەک ووڵاتە و هەموومان یەکترى دەناسین .لەبابەتى ئەو ڕێ و شوێنانەى کە کۆمسیۆن بۆ چاودێرى کردنى هەڵبژاردنەکان لەبنکەکان دایناوە کۆمەڵە پێوەرێکى توندن کە کەس ناتوانێ تەجاوزى ئەو پێوەرانە بکات،ئەگەر شتێک لەکوردستان بکرێت لەهەموو شوێنەکان وەک یەک دەکرێت نەوەک تەنها لەژێر دەسەڵاتى پارتى ،نە ئێمە بەو جۆرە ناشرینین،نەخەڵکیش وەها فریشتەیە،ناکرێت جوانى ئەزمونێکى دیموکراتى وەک هەڵبژاردن بەو تۆمەتانە لەنرخى کەمبکەینەوە،وەک وتم کۆمسیۆن پێوەرى توندى داناوە،هەروەها هەموو لایەنە سیاسیەکان نوێنەرییان لەهەموو بنکەکانى دەنگداندا هەیە و دەتوانن پێشێلکارییەکان تۆماربکەن، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان چاودێرى هەڵبژاردن دەکەن،بانگهێشتى زۆر وڵات و زۆر ڕێکخراوى نێودەوڵەتى کراوە تا نوێنەرى خۆیان بنێرن بۆ کوردستان بۆ ئەوەى چاودێرى کردنى هەڵبژاردنەکان بکەن،بۆیە تۆمەت هەڵبەستنى فڵان سێبەرى حیزب بایەخى نابێت ئەگەر ئەو لایەنانەى چاودێرى دەکەن ئاماژە بەسەرکەوتنى پڕۆسەى هەڵبژاردن بکەن

لڤین:ڕاى ئێوە چیە لەسەر ئەو ڕەخنانەى ئاڕاستەتان دەکرێت لەبارەى نەسڕینەوەى ناوى مردووان لەتۆمارى دەنگدەران و دروستکردنى فۆڕمى خۆراک بۆ هاوڵاتیە کوردەکانى ڕۆژئاوا؟
ساسان عەونى:مردوو تەنها لەهەولێر و دهۆک نیە،تۆمارى مردووان لەسەر تاسەرى کوردستانە و دامەزراوە حکومیەکان لەنەسڕینەوەى ناوى مردوووان لەتۆمارى دەنگدەران  ئەگەر هەبێت بەرپرسن و پارتى تێیدا بەرپرسیار نیە ،وە دەنگۆى دروستکردنى فۆڕمى خۆراک مایەى پێکەنینە،ئەم قسانە تەنها بەهۆى ئەوەیە لەڕێژەى دەنگەکانمان دەترسن.ئێمە هێزى یەکەمین لەکورستان،دێرینترین حیزبى کوردستانین و تەمەنمان 67ساڵە،بەردەوام لەگەنجبونەوە و نوێبونەوەداین  پشت بەخوا لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام دەبین،پێمان وایە ئەو سیاسەتەى پارتى گرتویەتیە بەر بۆ خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان ئەنجامى باش و بەرچاوى هەیە. زۆر تەرکیزکردن لەسەر ساختەکارى هەڵبژاردن بنەماى ڕاستى نیە و هەوڵدانى دروستکردنى ڕاى پێش وەختەیە بەرامبەر سەرکەوتنى پارتى،ئەو حیزبانە و لایەنەکانى تریش دەزانن کە لایەنگران و هێز و جەماوەرى پارتى چەندە،هەروەها دەزانن کە پارتى چ خزمەتگوزارییەکى پێشکەش بە خەڵک کردووە و دڵنیان کەمتمانەى خەڵکى کوردستان بەدەست دەهێنێتەوە، بۆیە ئەوە دەچێتە چوارچێوەى شەڕێکى دەرونى پێش وەختەى ئامادەکراو

لڤین:ئەوەى خۆت ناوت نا شەڕى دەرونى ئامادەکراو بەرامبەرتان،چ کاریگەرییەکى لەسەر پارتى دروستکردووە؟
ساسان عەونى:کاریگەرى لەسەر پارتى نیە بەڵام لەوانەیە کاریگەرى لەسەر خەڵکى تر هەبێت وەک ئەو جەماوەرە بێ لایەنەى کە لەوانەیە دەنگ بەپارتى بدەن 

لڤین:هەندێک لەبەرپرسانى پارتى دەڵێن پارتى لەم هەڵبژاردنەدا 40-45کورسى دەهێنێت،بەشێک لەچاودێرانیش پێیان وایە پارتى لە35کورسى زیاتر ناهێنێت،ئەگەر لە40کورسى کەمترتان هێنا ئایا هەست دەکەن شکستان هێناوە؟

ساسان عەونى:با چاوەڕێى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بکەین.
لڤین:خولى داهاتووى پەرلەمان چۆن دەبینى پێت وایە ئەم خولە خولێکى چالاک دەبێت؟
ساسان عەونى: پێم وایە هەموو خولەکانى پەرلەمان چالاک بوون و بەپێى توانا و پێویستى یاساى گرنگ دەرکراون،بەبۆچونى من چالاکى پەرلەمانى ئەوەنیە چەند بتڵە ئاوى تێدا دەهاوێژرێت یاخود چەند مێزى تێدا دەکوترێتەوە

لڤین:هەندێکجار باس لەمەترسى ئەوەدەکرێت کوردستان بەرەو حوکمى بنەماڵەیى دەچێت وەک پارتى وەڵامتان چیە؟
ساسان عەونى:لەناو پارتیدا بەشانازییەوە سەروەرى بنەماڵەى بارزانیمان لەسەرووى حیزبەکەى خۆمان پێ قبوڵە ،بەڵام ئەگەر خەڵکێک باس لەو بابەتە دەکات وەماوەیەکى زۆر دەهۆڵى ئەوەیان لێ دەدا کە ئەوان دژى حوکمى بنەماڵەیین لەکوردستان و لەناو حیزبەکان ، دەرچوو کەخۆیان جیابونەوە حوکمى بنەماڵە لەناو حیزبەکانى ئەواندایە نەک شوێنى تر، فڵان بەڕێز بەرپرس و زاواکان دەمڕاست و کوڕەکان هەمەکارە ،خەڵکى تر کوان؟ئەوگەنجانە چییان لێهات کە قاعیدەیان ئومێدى پێیان بوو بۆ داهاتووى بزوتنەوەکەیان ؟

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە