ئێمە حیزبی کار و کردارین


چاوپێکەوتن لەگەڵ رۆژنامەی باس ژمارە ١٥٨ لە ١٧ ئەیلولی ٢٠١٣ 

·       تۆ وەکو پاڵێوراوی ژمارە (٥)ی پارتی دیموکراتی کوردستان تەرکیزت لە بەرنامەی هەڵبژاردن لەسەر چیە ؟
کارنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردن کارنامەیەکی گشتگیری هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردستانە ، هەموو ئەم بوارانە لە بیست و یەک بڕگەو سەردێری سەرەکی کۆکراونەتەوە ، ئەرکی سەر شانی منە کە هەوڵ بدەم لەهەموو ئەم بوارانە بەرنامەی حیزبەکەم بە خەڵک ئاشنا بکەم بە پێ ی جیاوازی بایەخ و گرنگیان بۆ توێژ و کەرتە جیاجیاکان .
·       ئەگەر گەیشتیە پەرلەمان چ بەرنامەیەکت هەیە کە دەتەوێت کاری بۆ بکەیت؟
چوارچێوەی سەرەکی کارکردنمان بەرنامەی پارتیە کە پێشکەشی خەڵکمان کردووە و بەڵێنی جێ بە جێکردنیمان داوە ، بە خەڵکی کوردستانیش دەڵێین کە دڵنیا بن پارتی دەتوانێت ئەم بەرنامە و بەڵێنانەی کە دەیدات جێ بە جێ ی بکات ، پارتی حیزبی تەنها قسەکردنی بێ بەرپرسیارێتی و بەڵێنی بێ بنەما نیە ، پارتی حیزبی کار و کردارە ، شەست و حەوت ساڵە خەڵکی کوردستان پارتیان تاقی کردۆتەوە و لەهەموو ئەم تاقیکردنەوانە بە سەرکەوتوویی دەرچوە . هەوڵ دەدەم زیاتر تەرکیز لەسەر بواری پەیداکردنی فرسەتی کار بکەم بۆ گەنجان و دەرچوان ، بواری نیشتەجێ بوونی گەنجان و بەرزکردنەوەی داهاتیان  و هەموو ئەم کارانەی کە دەبنە مایەی زیاتری خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ خەڵک .
·       رێژەی جەماوەری تۆ لە چ ناوچەیەکە و چ چینێک زیاتر دەنگت پێ دەدەن؟
بە هۆی ئەو بەرپرسیارێتیانەی کە ئێستا و پێشتر هەمبووە وەک کادیرێک و ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی کە کارەکانم زیاتر لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بووە ، بۆیە چاوەڕێ ی دەنگ لە هەموو شوێنەکانی کوردستان و لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکەم ، بەڵام بە تەئکید رێژە زیاترەکەی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەبێت .
·       تۆ دڵنیاییت هەیە کە خۆت و پارتەکەت رێژەی زۆری دەنگەکان ببەنەوە؟
دڵنیام کە پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبی ژمارە یەکی کوردستانە و هەر وا دەمێنێتەوە وئەمجارەش رێژەی هەرە زۆری متمانە و دەنگی خەڵک بۆ ئەو دەبێت.
·       پارتی لە هەولێر هەموو کاندیدەکانی دەردەچن ؟ یان پارتی رکابەری لە هەولێر هەیە ؟
ململانێ ی دەنگ لە نێوان حیزبەکان هەیە و هەر لایەک بۆ خۆی بەشێکی دەنگەکان دەبات ، بە هۆی زۆری ژمارەی کاندیدەکانمان و دیاریکراوی رێژەی دەنگدەر چاوەڕوان دەکرێت کە بەشێکی بەرچاو لەکاندیدەکانمان بەسەر بکەون .
·       لە بانگەشەی هەڵبژاردن بووە تۆ یان کاندیدەکانی تری پارتی ململانێتان هەبووبێت ؟
ململانێ ی ئێمە لە ناو لیستی پارتی نیە ، ململانێ ی ئێمە لەگەڵ لیستەکانی ترە و هەموو کاندیدەکان سەرکەوتنی لیستی ١١٠ ئامانجی سەرەکی کارکردنمانە ، ئەم بابەتە شەخسی نیە ، ململانێ یە لەسەر پێگەی هەر حیزبێک لەسەر نەخشەی سیاسی لە داهاتووی کوردستاندا ، بۆیە کارێک ناکەین کە بچوکترین توانا لە ململانێ ی ناوخۆدا سەرف ببێت ، دەبێت هەموو تواناکان بۆ لیستی ١١٠ بە کار بێنین . هەموو کاندیدەکانی لیستەکەمان هەڤاڵ و برادەر و خۆشەویستی یەکترین ، لە قوتابخانەیەک فێری ئاکاری کوردایەتی کراوین کە لێ ی لانادەین .
·       قوتابیان و لاوان وەکو نمونەی سەرکردە سەیرت دەکەن ، ئایا ئەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
بە هۆی ئەوەی کە یەکەم سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووم بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیاتر لە دوای راپەرین هەوڵمان دا جیلیک پەروەردە بکەین کە لە داهاتوودا بتوانێت بە سەرکەوتوویی لە هەموو کایەکان رۆڵ ببینن و سەرکردایەتی بکەن ، ئێستا زۆرێک لەو هەڤاڵانە لە شوێنی گرنگی ئیداری و پارتایەتی و رۆشنبیری و رۆژنامەوانی شوێنی بەرچاویان هەیە . کارکردن بۆ گۆڕینی کەسەکان بەرەو باشتر و دروست کردنی کاریگەری لەسەریان وا دەکات کە لە داهاتوودا بە چاوی ریزەوە تەماشابکرێیت . لە دوای کۆنگرەی سێزدەمینی پارتیش کە بەرپرسیارێتی دەستەی رێکخراوە جەماوەریەکانم وەرگرت هەوڵم داوە بە هەمان پرەنسیپی پەروەردەکردن و ئاراستەکردن بەرەو باشتر و دروستکردنی تاکی سەرکردەی بڕوا بە خۆ بوو کاربکەین .
·       دوور لە سیاسەت ، دەکرێ بزانین چی دەخوێنیتەوە و زۆر گوێ لە چی دەگری و خەریکی چیتر دەبیت ؟
ئارەزوو زۆرن ، بەڵام کات کەمە ، خوێندنەوەکانم زیاتر لە بواری بەڕیوەبردن و سیاسەت و ئابووری چڕ کردۆتەوە ، ناو بە ناو خوێندنەوەی شیعریش فەرامۆش ناکەم ، زۆر ئاشنای دەنگی هونەرمەندان عەدنان کەریم و کامکاران و میکاییل و زیاد ئەسعەد و هانی و کانی م و بەردەوام گوێیان لێ دەگرم . حەز بە دروستکردنی هێلکاری و وێنەگرتنی فۆتۆگرافی دەکەم .بایەخ بە میدیای ئەلکترۆنی و کۆمەڵایەتی دەدەم و بە دوا داچونی پەرەسەندنەکانی دەکەم .  

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە