شەڕی تیرۆر و ریکلام



هێرشی گروپێکی تیرۆریستان بۆ چەند شوێنێکی هەڵبژاردەی شاری کەرکوک ، دەبێت نەک تەنها خەمخۆران لە پرسی ئاسایش و سەقامگیری لە کوردستان و دەزگاکانی ، بەڵکو هەموو دام و دەزگاکانی حکومەت و راگەیاندنەکان و کەسانی پسپۆڕیش بخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێ لە شەڕی دژ بە تیرۆر . ئەم هێرشانە و هێرشەکانی پێشتر ئاماژەن کە پڕوشکەکانی ئاگری بارودۆخی شێواوی وڵاتانی دەوروبەر و عیراق لە جاران زیاتر بەر باری ئاسایشی دەڤەرەکەمان دەکەوێت و چۆنایەتی ئەو کردەوە تیرۆریستیانە هەموو لایەک دەخاتە بەردەم ئەو بەرپرسیارێتیەی کە رووبەڕووبەنەوەی تیرۆر بە ریکلام و دەرکەوتنی سەر ساشەی تەلەفزیۆن و ململانێ ی یەکتری ناکرێت ، بەڵکو بە هەبوونی زانیاری پێش وەخت وهەماهەنگی و پلانی دیراسەکراو و لێدانی پێش وەخت و پوچەڵکردنەوەی کردارەکان دەکرێت پێش ئەنجام دانی . گومان لە قارەمانێتی ئەفسەر و پێشمەرگەکانی پۆلیس و ئاسایش نیە کە لە دوای روخانی رژێمەوە شەڕی دەستەویەخە دەکەن لەگەڵ تیرۆر لە کەرکوک و دەوروبەری و لەم پێناوەشدا قوربانی زۆر گەورەیان داوە ، بە سنگی رووت رێ لە خۆکوژان دەگرن ، بە تفەنگ بەرامبەر ئۆتۆمبیلی مینڕێژ دەوەستن ، بەڵام هەماهەنگی نەکردن " جا هەر کەس لێ ی بەرپرس بێت " فرسەت دەداتە تیرۆریستان کە گورزی توند بوەشێنن و ژمارەی قوربانیەکان زیاد بکات.  هەماهەنگی کردن ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییە ، ئەرکێکی مرۆڤ دۆستانەیە کە بکرێت ، ئەم هەماهەنگیە دەبێت لەسەرەوەی بەرژەوەندیە حیزبی و لایەنگیریەکان بێت . ناکرێت خوێنی خەڵکی کەرکوک بەهەموو پێکهاتەکانیەوە لەبەردەم هەماهەنگی نەکردنی هەموو دام و دەزگاکانی ئەم شارە لە خۆڕا بڕژێنرێت.

لەگەڵ ریزم بۆ ئەو کەناڵانەی کە بە پرۆفێشناڵی روماڵی پێکدادانەکانیان کرد ، بەڵام زۆر بەداخەوەم  کە هەندێکیان خەریکی پەیدا کردنی ژمارەی زیاتری بینەر بوون و زۆر بە خەم ساردی وێنەی تەرمی کەوتووی شەهیدەکانیان بە بێنازی لە قەراغی شەقاماکان پەخش دەکرد و ناویان دەنان کوژراو ! 

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە