جیھان چاوەرێی چیە؟


ھێشتا جیھان لە سەرسامی تەقاندنەوەی پەیکەرەکانی بوزا لە ئاداری ٢٠٠١ لە ناوچەی بامیانی ئەفغانستان "کە لەلایەن تاڵیبان و رێکخراوی قاعیدەی ھاوپەیمانی ئەنجامدرا" بە ئاگا نەهاتبۆوە کە شەش مانگ دواتر ھێرشەکانی ١١ ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ یان بۆسەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دا ، ئەوسا جیھان درکی بە ھەڕەشە و مەترسی ئەو رێکخراوانە کرد و تێگەیشت کە بوونی ناوچەی ئازاد بۆ چالاکی و نەشونماکردنی ئەم رێکخراوانە چ کارەساتێک بۆ میللەتان و بۆ جیھان دروست دەکات. ھەر بۆیەش ئەمریکا و زۆر لەوڵاتانی رۆژئاوا و جیھان بەشداربوون لە دروست کردنی ھاوپەیمانیەکی جیھانی و راگەیاندنی شەڕ لەدژی تیرۆر لە سەرتاسەری جیھان.

ماوەی دوو مانگە کۆپیەکی تووندڕەوتر لە قاعیدە بەناوی داعش بەشێکی بەرچاو لە خاکی عێراق و چەند شارێکی گەورەی کۆنترۆڵ کردووە ، نمونەیەکی تایبەتی حوکمڕانی ھاوشێوەی تاڵیبان و ھێشتا توند ڕەوتریش پیادە دەکات ، ھەر لە سەپاندنی ھەندێک یاسای سەیر و سەمەرە تا چۆڵکردنی موسڵ لە پێکھاتەیەکی گەورەو سەرەکی ناو ئەوشارە کە کریستیانەکانن و دانانی مۆڵەت بۆ چۆڵکردنی ئه م شارە لە کورد و تا گەیشتە ڕادەی تەقاندنەوەی مەزارە پیرۆزەکانی پێغەمبەران و مەزارو کڵێسا و شوێنە پیرۆزە کانی ئایین و مەزھەبەکان . ھەروەھا سەپاندنی ھەندێک یاسای دژ بەئینسانیەت بەسەر ھەموو ئافرەتانی سنووری حوکمڕانیان. ئەم کردارانەش ھەمووی لەبەر چاو و لەبەر دەمی ڕای گشتی جیھان زۆر بە بێدەنگی و بەبێ بایەخی تێپەڕ دەبێت ، مایەی سەرسوڕمانە کە وەستانی پێویستی لەسەر نەکراوە. ڕاستە لەم کاتەدا جیھان بە رووداوی خستنە خوارەوەی فڕۆکە مالیزیەکە لە ئۆکرانیا و ھێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە سەرقاڵە ، بەڵام پێم وایە ناوەندەکانی بڕیار لە جیھان و ئەومیدیایانەی کە ڕای گشتی دروست دەکەن دەبوو ئەولەویاتیان بۆ رووداوەکانی عێراق بوایە. ناکرێت ئەم رووداوانە بە پێشەکی و پێشینە بۆ روودانی کارەساتی گەورەتر نەخوێنینەوە ، چونکە وەک (پرەنسیپ) ھیچ جیاوازیەک لە نێوان تەقاندنەوەی پەیکەری بوزا و تەقاندنەوەی مەزاری پێغەمبەر یونس و مەزارەکانی تر نیە . ئەگەر تەقاندنەوەی پەیکەری بوزا ١١ی سێپتێمبەری بەدواداھات، ھیوادارم دوای تەقاندنەوەی مەزاری پێغەمبەران و مەزارە پیرۆزەکانی تر ھیچ کارەساتێکی تر بەسەر مرۆڤایەتیدا نەیەت.

لە وێبسایتی (خەندان) لە رۆژی ٢٧ی تەمموزی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە





27 july 2014

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە