پێکەوەژیان، کوردستان بۆ هەمووان



لە یادی ٦٨ ساڵەی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان


رووداو و گۆڕانکارییە دیارەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان هەندێ جار لەگەڵ یادی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان یه‌کده‌گرێته‌وه‌، کە ئەم یادەش خۆی لە خۆیدا یەکێکە لە گرنگترین رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی. 

زۆر جار ئەم رووداو و گۆڕانکارییانە و رۆڵی پارتی تێیاندا ئەوەندە گرنگ و کاریگەر بووە کە بارودۆخی کوردستان لە دوای ئەم رووداو و گۆڕانکارییانە زۆر جیاواز بووە لەگەڵ پێش خۆی و رێڕەو و ئاڕاستەکەی بەرەو ئاسۆی گەشتر رۆیشتووە. 

ئەم یادەی ١٦ی ئابیش کە بیرەوەریی ٦٨ مین ساڵەی دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، هاوکاتە لەگەڵ هەندێ رووداو، کە ئەمجارەش پارتی رۆڵی سەره‌کییان تێدا دەگێڕێت و بێگومانین کاریگەرییەکانی ئەم رووداوانە لەسەر ئاییندەی ووڵاتەکەمان ئاڕاستەیەکی باشتر وه‌رده‌گرێت.

ئێستا کوردستان لە جیاتی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و لە نێو کوردستانیش بە تایبەتتر پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرکردایەتیی شەڕ دەکات لەگەڵ تیرۆریزم، لەگەڵ گەورەترین هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی و ژیان لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیدا . 

ئەم شەڕەی کە ئەمڕۆ لەدژی تیرۆر سەرکردایەتی دەکرێت، شەڕێکی ئاسایی نییە و بە کەرەستەی ئاساییش ناکرێت، شەڕێک نییە لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستی ناوخۆیی کە تەنیا پشتیان به‌ ئیمکانیاتی ناوخۆیی به‌ستبێت . بەڵکو شەڕێکە لەگەڵ هێزێکی تیرۆریستیی نێودەوڵەتی کە قوڵاییان لە زۆر ووڵاتی جیهاندا هەیە هەم لە شێوەی پێکهاتەیان و هەم لە جۆری ئیمکانیات و بنیادە ماددییەکەیاندا . شەڕێکە لەگەڵ شێوە دەوڵەتێکی تیرۆریستی کە پانتاییەکی فراوانی جوگرافیی سنووربڕی هەیە، لەو پانتاییە جوگرافییەدا دامەزراوەی ستراتیژی گەورە و ژێرخان هەیە، شار و شارۆچکەی گەورە و ژمارەی زۆری دانیشتوان هەیە، سەرچاوەی ووزە و سامانی سروشتیی بەرفراوانی کۆنترۆل کردووە، بەردەوامیشە لە هەڕەشە و ویستی فراوان بوون لە ناوچەکەدا.
ئەمانە هەمووی وایکردووە کە ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە چوارچێوەی شەڕێکی دیاریکراوی ناوچەیی دەربچێت و ببێتە جەنگێک کە هەموو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیی سەرقاڵ کردووە بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی و زاڵبوون بەسەر مەترسییەکانیدا، چونکە رۆژ لە دوای رۆژ دەرهاویشتە ترسناکەکانی دیارتر دەبێت.

ئەم رووداوانە، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی دامەزرانی پارتی، چەند بابەتێکی گرنگی بۆ دەرخستین:

یەکەم: سەرکردایەتی کردنی جەنگ لە دژی تیرۆری جیهانی و لە جیاتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، شانازییەکە و به‌ ئێمه‌ بڕاوه‌ کە ده‌کرێ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خزمەتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگای شارستانی بکەین.

دووەم: بە کردەیی جێبەجێکردن و قووڵکردنەوەی چەمکی پێکەوەژیان و کوردستان بۆ هەمووان، بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئاینزا و مەزهەبەکان و بوونە پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو هەڕەشەلێکراوان لە سەرتاسەری عێراق و ناوچەکەدا.

سیێەم: بە دیارکەوتن و بەرجەستە بوونی بەرهەمی ئەو دیپلۆماسیەتەی کە جەنابی (سەرۆک بارزانی)سەرکردایەتیی دەکات لە پەیوەندی لەگەڵ ووڵاتانی جیهان و هاتنە سەرهێڵی ووڵاتە زلهێز و بڕیار بە دەستەکان و گرەنتیکردنی هاوکاریکردنی کوردستان و پاراستنی ئەزموونە دیموکراتییەکەی.

جگە لەو رۆڵە بەرچاوەی کە لەم رووداوانە گێڕاوێتی، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئایندەش ئەرکی گرانتر و زیاتری دەکەوێتە سەرشان، تایبەت دوای ئەوەی کە ناوچە داگیرکراوەکانی ئێستا ئازاد دەکرێن و برا ئێزدی و کریستیان و تورکمان و شەبەک و پێهاتەکانی تردەگەڕێنەوە بۆ جێ و ڕێی خۆیان، ئەویش بە دابینکردنەوەی ژیانێکی ئارام بۆیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و سڕینەوە و سارێژکردنی سەربەرزانەی شوێنەواری رووداوەکان و بە نێودەوڵەتیکردنی جینۆساید و کوشتار و کۆچپێکردنە بە زۆرەی کە دووچاری هاتن.


لە رۆژنامەی هەولێر ژمارە  ١٩٦٠ لە ١٧ ی ئابی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە
http://www.hawler.in/article5132-506.htm

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە