راگەیاندنی عەرەبی و دروستکردنی هاوسۆزی لەگەڵ تیرۆر



جێی لێوردبوونەویە بەشێک لە راگەیاندنی عەرەبی ، بە تایبەتی هەندێ کەناڵی ئاسمانی پڕ بینەر، لە کاتی روماڵکردنی روداوەکانی کوردستان وعیراق و جەنگ لە دژی تیرۆریستان ، لە جیاتی بەکارهێنانی ووشەی تیرۆریست یان داعش ، دەستەواژەی (ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی)بەکار دەهێنن یان بە (جەنگاوەرانی دەوڵەتی ئیسلامی) ناویان دەبەن . 

بۆ ملیۆنان بینەری عەرەب زمانی موسوڵمان لە سەرتاسەری جیهان کە ئاگاداری رووداوەکان نین و کاریان شیکردنەوەی رووداوەکان نیە و تەنها هەواڵەکان بە شیوەیەکی سادەیی وەردەگرن ، بیانەوێت یان نا ، رۆژانە لە رێی هەواڵی داڕێژراوی بەم شێوەیە ، ئاراستە دەکرێن و لە هۆش و بیریان ئەو بۆچوونە دروست دەکرێت کە جەنگێک لە ئارادایە و جەنگەکەش ئایینیە ، لایەنێکی جەنگەکە دەوڵەتی ئیسلامە و لەسەر زەوی خەلافەتە و بەرامبەرەکەشیان خاوەنی هەر کێشەیەک بن بە بێ ناوهێنانیش ئەوا بریتی دەبن لە گومڕاکان و ناحەزان و دوژمنانی دەوڵەتی ئیسلام . بێگومان جەنگیش کە بەرگی ئایینی بە بەردا دەکرێت ، عاتیفەی ئایینی دەجوڵێنێت ، بە تایبەتی لە لای ئەو زۆرینەیەی کە ئاگایان لە ووردەکاریەکان نیە ،بۆیە بەرەو لایەنگیری کێشەیەک ئاراستە دەکرێن کە بەرەو توندڕەوی و بەرگریکردن لە تیرۆریان دەبات . 

ئەم جۆرە روماڵکردنە هیچ جیاوازیەک ناکات لە نێوان ئەو جەنگەی لە سوریا روودەدات و ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کوردستان و ئەو شەڕەی کە لە چەند ناوچەیەکی تری عیراق دەگوزەرێت ، لە ڕوانگەی ئەو میدیایانە هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر کوردستان و کۆمەڵکوژی ئێزیدیەکان و کۆچپێکردنی کریستیانەکان و گەمارۆدانی شیعەکان شێوەی هەمان ئەو جەنگەیە کە لە سوریا بەڕێوە دەچێت . ئەم جۆرە روماڵکردنە بە هەر بیانوویەکی گواستنەوەی راستیەکان بێت یان پیشەیی بوون ، ئەنجامەکەی هاوسۆزی لەگەڵ تیرۆریستان دروست دەکات و هانی هەرزەکار و گەنجان دەدات کە بەرەو تووندڕەوی و چەک هەڵگرتن بڕۆن. 

هەندێک دەوڵەتی عەرەبی ، بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە بە برەو دان و پشتگیری بزووتنەوە تووندڕەوەکان تۆمەتبار دەکرێن و لە پشت ئەم میدیا فراوانەی عەرەبین ، لەم هێرش و پەلامارەی تیرۆریستان بۆ سەر کوردستان و هەوڵی جینۆسایدکردنی خەڵکی سڤیل و بێ دەرەتان ، نەوەک وەکو هەموو ووڵاتانی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی ئامادەی هاوکاری و بەتەنگەوە هاتنی مرۆیی نەبوون ، تەنانەت بە ووشەیەکیش نیگەرانی و هاوسۆزی خۆیان نیشان نەدا لەگەڵ خەڵکی کوردستان . 

پاساوەکەی نووسەرە دیارەکەی عەربیش کە دۆستی کێشەی کوردە ، جێ ی خۆی ناکاتەوە لە ناو دڵمان کاتێ رووبەڕووی گلەیی بەرپرسێکی کورد دەبێتەوە لە بێدەنگیان بەرامبەر هێرشەکانی سەر کوردستان کە وەڵام دەداتەوە و دەڵێت نابێ بەرپرسە کوردەکان ئەو گلەییە لەڕادەبەدەرە بکەن چونکە ووڵاتە عەرەبەکان خاوەن ئەجێندای فراوان بوون نین لە کوردستان وەک هەندێ ووڵاتی تر، بەو مانایەی کە دەبێت بێ دەنگیان بە ئاسایی وەربگیرێت و وەک ئەوەی کە سەرکردەکانی کوردستان نەزانن نیەتی بەرامبەرەکانیان بخوێننەوە . 

بەڵام لەو جەنگەی کە کوردستانی تێوەگلێنرا، نە بێ دەنگی ووڵاتە عەرەبەکان و نە بێ دەنگی ووڵاتی تریش کە بە دۆستی نزیکمان دەزانین بە ئاسایی وەرناگیرێت .



Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە