فەرەنسا.. لە نێوان جۆرج بیکۆ و فرانسوا هۆلاند ٩٨ ساڵ و دوو هەڵویستی جیاواز


لە ساڵی ١٩١٦ جۆرج بیکۆ، کە مەندوبی سامیی فەرەنسا بوو، لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی ڕێککەوتن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دابەش بکەن. لەسەر نەخشە و بە قەڵەمێک بە بێ ئاگاداری و پرسی میللەتانی ناوچەکە چەند کیانێکیان دروست کرد . ئەم دابەشکردنە، ئەگەرچی تا ئێستا ئاشتی وسەقامگیریی بۆ میللەتانی ناوچەکە و ڕۆژهەلاتی ناوەراست بە شێوەیەکی تەواو نەهێناوە، بەڵام بۆ کورد هەر لەسەرەتاوە نەهامەتی بوو، کە نیشتمانەکەی وه‌ها پارچە پارچەکرا یەکگرتنەوەی ئاسان نەبێت، وەک میللەتیش کرایە پاشکۆی میللەتانی سەردەست لە ناو کیانە تازەکان، لەو ساوە تا ئێستا و لەسەردەمی جودا جودا خەڵکی کوردستان بە خوێن و ژیان، باجی گرانی ئەم دابەشبوونە دەدەن .

بەڵام ئەوەی جێی هەڵوەستە لەسەر کردنە، لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا فەره‌نسا دوو جار هەوڵی داوە قەرەبووی زوڵمە مێژوویەکەی بکاتەوە، ئەگەر بە هانا هاتنی کۆڕەوی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ زیاتر وەک کارێکی مرۆیی تەماشا دەکرا و، دروستکردنی نەوای ئارام و ناوچەی دژە فڕین، وەک پێشنیارێکی فەرەنسا و سەرۆک (میتران)، بۆ بە هاناوە هاتنی میللەتێک بوو بۆ مانەوە، بەڵام ئەنجامەکەی بووە هۆی پاراستن و کوردستانی کرده‌ ناوچەیەکی ئارام و، سەرکەوتنی ئیرادەی کوردستانیان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی١٩٩٢ و دروستکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی وه‌دیهێنا. 
ئەمجارەش کە کوردستان و ئەزموونەکەی ڕوو بە ڕووی دڕندەترین هێرشی تیرۆریستانی نێودەوڵەتی بوونەوە، فەرەنسا لە یەکەمین ئەو وڵاتانە بوو کە بە هانای خەڵکی کوردستانەوە هات و، جارێکی تر سەلماندییەوە کە لەو کاتە تەنگانەی کوردستان پێویستی بە هاوکارییە،ئەوا فەرەنسا دۆستێکی جێی باوەڕە!

هاوکارییە مرۆیی و سەربازی و دیپلۆماسییەکانی فەرەنسا و، لە ئان وساتی گونجاودا ڕۆڵی هەبوو لە بە هێزبوونی بڕوا و متمانەی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان کە لە ته‌نگانه‌دا تەنها نین، بە تایبەتیش لەو شەڕەی کە دەیکەن، شەڕێک نییە تەنها بۆ بەرگری بێت لە خاکی کوردستان و میللەتەکانی، بەڵکو شەڕێکە لە جیاتی هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتییە.

هەرچەندە فەرەنسا لەم ساڵانەی دواییدا لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی کوردستان بووە و، بەردەوام وەک سەرۆکی ووڵاتان لە ئەلیزێ پێشوازیی لە سەرۆک بارزانی کردووە. بەڵام ئەمجارە تەنها بەوەندە نەوەستا، فەرەنسا ویستی دۆستایەتی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بگەینێتە ئاستێک و بە شێوەیەک دایبڕێژێتەوە کە لە مێژووی کوردستاندا تۆمار بکرێت و سەرۆکەکەی ببێتە یەکەم سەرۆکی وڵاتێکی زلهێزی دونیا کە سەردانی کوردستان بکات و، بەو سەردانیکردنەی مێژوویەکی تازە بۆ دۆستایەتی و هاوکاری لە نێوان فەرەنسا و کوردستان دابڕێژێت. 

دڵنیام هەموو ئەو کەسانەی تەنها لە ڕێی بیرمەند و نووسەرە مەزنەکانی فەرنسا و پرەنسیپەکانی شۆڕشی فەرەنسا بۆ ئازادی و یەکسانی موعجیبی فەرەنسا بوون، ئەوا ئێستا، دوای شەکانەوەی ئاڵاکەیان لە تەک ئاڵای کوردستان و خوێندنەوەی سروودی نیشتمانییان لەگەڵ سروودی نیشتمانیمان و وەستانی سەرۆکەکەیان لە تەک سەرۆکەکەمان لە سەر خاکی کوردستان، ئێستا زیاتر موعجیبی فەرەنسا دەبن.

لە ژمارە  ١٩٨٠ی ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٤ رۆژنامەی هەولێر بڵاوکراوەتەوە http://www.hawler.in/article5237-506.htm

http://www.calameo.com/read/00008479315ff4358aa8a

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە