بەرپرسیارێتی و راگەیاندن

ئەمڕۆ و لەم چەند رۆژەی دواییدا، دەیان رۆڵەی قارەمانی کوردستان لە بەرەکانی پارێزگاری لە خاکی کوردستان شەهید بوون . دڵنیام هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە ئێستا و بەردەوام لەسەنگەرەکانی بەرگری دان شەهیدبوونیان بۆ خۆیان داناوە ، نەئەوانەی کە شەهید بوون چاوەڕێ ی ستایش بوون لە پێشکەشکردنی گیانیان ، نە ئەوانەی کە چاوەڕێشن گیان ببەخشن بە منەتەوە گیان دەبەخشن و چاوەڕێ ی ستایشن ، بەڵام ئایا دەزگاکانی راگەیاندن بە تایبەتیش کەناڵە تەلەڤزیۆنیەکان چ ئیلتیزام و بەرپرسیارێتیەکیان لەسەر شانە بەرامبەر ئەم گیان بەخشین و رزگارکردنەی ناوچە داگیرکراوەکان بە خوێن و بە قوربانی رۆڵەکانی ئەم میللەتە ؟ 

ئایا دەکرێت کە هێشتا خوێنی شەهیدەکانمان بەسەر شەقام و شۆستەکانی جەلەولا و سەعدیە و زوممار و رەبیعە و بەسەر خاکی تەللوەردا وشک نەبۆتەوە ، بە ناوی مێزگرد و گفتوگۆ سەرکەوتنەکان کەم بایەخبکرێن و مەعنەویاتی خەڵکی کوردستان بهێنرێتە خوارەوە؟ سەرکەوتنی گەورەی کوردستان و ئازادکردنی شارەکانمان لە بەر چاوی خەڵکی خۆمان و دونیا بچووک بکرێتەوە و بگوترێت ئەمە سەرکەوتن و دەستەکەوتی حیزبیە ؟ ئەم بچووک کردنەوە و کەم بایەخکردنە لە خزمەتی کێ و چ ئەجێندایەکە ؟ ئەگەر دەگوترێت ئازادیە لە راگەیاندن ، لە کام سووچی ئەم دونیا بەرفراوان و لە کام وولاتی هەرە دیموکراسیدا کە لە حاڵەتی شەڕ دابێت بوار دەدرێت دەزگا خۆماڵیەکان بکرێنە ئامرازی شکاندنی وورە ؟ ئایا پرۆسەی دروستکردنی ئەستێرەی راگەیاندن دەبێت لەسەر حیسابی کەم بایەخکردنی خوێنی رۆڵەکانی ئەم میللەتە و سەرکەوتنەکانی بێت ؟ ئایا بەرامبەرکردنی ئەجێندا و بەرژەوەندی خەڵکی تر دەبێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندیە کوردستانیەکان بێت ؟

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە