خواستسازی، پاڵنەرێک بۆ کاری رێکخراوەیی


یەكێك لە پاڵنەر و نهێنییەكانی كاری رێكخراوەیی، خواست(طموح)ە، خواستی بەرەوپێش چوون و رەخسانی هەلی لەبار و چوون یەك بۆ ئارەزوومەند و خۆبەخشانی كاری رێكخراوەیی بۆ پێگەیشتن و پێشكەوتن و شارەزابوون و سەركەوتن بەسەر پلەكانی ناو ئۆرگانەكان و دەرەویدا.

راستە خواست سیفەتێكی مرۆڤە، رادەی ئە م خواستە لە كەسێك بۆ كەسێكی تر جیاوازە، زۆربەی ئەوانەش كە كاری رێكخراوەیی دەكەن و ئارەزوویانە لەم بوارە پێش بكەون، رادەی بەرچاویان لەخواستی بەرەپێش چوون تێدایە، بەڵام خواستی تاكەكان بە تەنها بەس نییە بۆ پێشكەوتن بەسەر پلە و پەیژەكانی كاری ریكخراوەیی و سیاسی، چونكە ئەم خواستە لایەنێكی هاوكێشەکەیە، لایەكەی تری هاوكێشەكە پەیوەستە بە خودی ڕێكخراوەكان و بونیاد و پێكهاتە و فەلسەفە و روانینیان بۆ پرۆسەی (خواست دروستکردن) خواستسازی لای ئەندامەكانیان، پەیوەستە بە شێوازی دروستكردنی هەلی یەكسان و رەخساندنی ژینگەی لەبار و وەكیەك بۆ ئەو تاكانەی كە لەیەك ڕیزن، تا بتوانن زیاتر بەهرە و تواناکانیان بەدیار بخەن و زیاتر ئامادەكراو بن.

ئەوە نادیدە ناگیرێت کە كاری ڕێكخراوەیی كارێكی مرڤانەیە، مرۆڤیش بونەوەرێكە مەحكوومی هەستەكانێتی. لە هەندێ كاتدا هەست و خۆشەویستی و نزیكی و مەیلداری و لایەنگیری و شێوازی مامەڵەكردنی تاكەكان لەگەڵ سەرووتر، كاریگەری دروستدەكەن لەسەر چۆنیەتی ڕەخساندنی هەل و پشتگیریكردن و دەرگا بۆ كردنەوەكان. ئایا ئەم شێواز و ئاڕاستەیە دروستە؟ بەپێی هەموو پرەنسیپە زانستییەکان، نەخێر دروست نییە، بەڵام ناشتوانرێت بنبڕ بکرێت، چونکە مرۆڤ کارەکتەرە تێیدا.
هەندێ جار دەکرێت سنووردار بکرێت و هەندێ جاریش زۆر بە بەربڵاوی پیادە دەکرێت، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا ئاراستەکە هەڵەیە و وەستان و بەخۆداهاتنەوەی دەوێت، بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگا و ژینگانەی کە توانای بەرهەمهێنانی رێکخراوی تازەیان هەیە و، ئەم رێکخراوە تازانەیش شێوازی تازە بۆ دروستکردنی خواستی سیاسی و رێکخراوەیی لای تاکەکانی کۆمەڵ دروست دەکەن، بۆیە گرنگە، پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێكخراوەكانی سەر بە پارتی، لەم بوارەدا چاو بەو میكانیزمە بخشێننەوە كە لەم قۆناغە و لەدهاتوودا فۆرمەلەی دروستکردنی خواستەكانی ئەندامانیان دەكات.

رێكخراوەكانی لاوان و قوتابیان دەبێت لە پێشەوەی ئەو رێكخراوانە بن كە بتوانن رەنگدانەوەی خواستی توێژی بەرفراوانی گەنجانی كوردستان بن لەناو ریزەكانیان. پێویستە كادرە باڵاكانی ئەم رێكخراوانە هاندەر و رێگا خۆشكەربن بۆ هاتنە پێشی نەوەی تازە، دەبێ دەرگاكانیان بەڕوودا واڵا بكەن و ئاسانكارییان بۆبكەن و پیێانبگەیه‌نن. گرنگە ئەم کادیرە باڵایانە بالانس رابگرن لە نێوان خواستەکانی خۆیان و خواستی دەیان و سەدان گەنج، کە بە هیواوە بۆ داهاتوو دەڕوانن. ئاستی بەرزی بەرپرسیارێتی ئەو کاتانەیە کە کادیرە باڵاکان لە خۆبووردووانە بەرژەوەندیی رێکخراوەکانیان لە پێشەوەی خواستەکانی خۆیان دابنێن. هەڵەیە گەنجێك دەیان ساڵ لەڕیزی چاوەڕوانیی سەركەوتنی رێكخراوەییدا بەبێ هوودە تەمەن بەڕێ بكات.

خواست، وەك قۆناغەكانی تەمەنی مرۆڤ سنووردارە، رێکخراوی هۆشیار هەوڵدەدات خواستی گونجاو لەتەمەنی گونجاو بۆ ئەندامانی بەرهەمبهێنێ. ئەگەر خواست لەتەمەنی گونجاو نەگەیشتە بەرهەم، دڵساردی و بێباكی و دووركەوتنەوە بەرهەم دەهێنێت.

لە ژمارە ٢٠٨٠ی رۆژنامەی (هەولێر) رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە.

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە