رووبەڕووبونەوەی پشێوی


نووسینی: جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا 
وەرگێڕانی: ساسان عەونی

جەند ساڵێک، دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم، لەو کاتەی کە پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسی واژۆ کرا، هاری ترومان، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی سادە دەستەواژەیەکی دەربڕی و گوتی: "هەر کاتێک ووڵاتانی کۆمەڵگای ئەتڵەسی توانیان بە شێوەیەکی پتەوتر بەیەکەوە کار بۆ ئاشتی بکەن، ئەوا بۆ هەموو خەڵک باشترە، جا لە هەر کوێیەکی دونیا بن".

ئەو دەیان ساڵەی کە تێپەڕین، ڕاستیی گوتەکانی ترومانیان سەلماند. لەگەڵ بەهێز بوون و فراوان بوونی پەیوەندیی نێوان ئەتڵەسی، دیموکراتیەت، گەشەسەندن و سەقامگیری، لە ئەوروپا و ووڵاتە یەکگرتووەکان و هەموو لایەکی جیهان پەرەی سەند.

هەرچەند ئێستا پەیوەندیی نێوان ئەتڵەسی نە کەم هێزتر وە نە کەم به‌ بایەخترە لە جاران، بەڵام گومانیشی تێدا نییە کە لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازداین بۆ هاوبەشەکانمان و ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر دەبینەوە. لە ڕاستیشدا دوو لەو تاقیکردنەوانە شایانی بایەخ پێدانێکی تایبەتن، چونکە تاقیکردنەوەن بۆ یاسای نێودەوڵەتی و میکانیزمە فرە لایەنەکان و ئەو سیستەمە جیهانییەی کە حەفتا ساڵی ڕابردوومان لە کارکردن بۆ بنیادنان و چاککردنی بەسەر برد.

روونە، تاقیکردنەوەی یەکەممان ئۆکراینایە، ڕوسیا دیمەنی ئاسایشی لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا دووچاری مەترسی کرد، یەکەم بە داگیرکردنی ناشەرعییانەی بۆ نیمچە دووڕگەی قرم، ئێستاش بە هەوڵە ئاشکراکانی بۆ نانەوەی پشێوی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا.

ئەم ڕەوشە وای کرد کە سەردانی ئۆکراینا بکەمەوە و، دیداری سەرۆک و سەرۆکوەزیر و وەزیری دەرەوە بکەم، لەهەمان کاتیش ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی فەرەنسا سەردانی پایتەختی ئۆکراینا و دواتریش سەردانی مۆسکۆیان کرد، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی بۆ کاراکردنی پلانێک کە ڕێ لە تەشەنەکردنی زیاتری ڕەوشەکە بگرێت. ئێمە هەموومان هاوڕاین کە ئەم ڕووبەرووبونەوەیە بە هێزی سەربازی کۆتایی نایەت، بەڵکو تەنها دیبلۆماسیەتە کە دەتوانێ کۆتایی پی بهێنێت.

هەرچەند ئەم هەڵوێستەش درێژە بکێشێت، جگە لە بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ڕوسیا و وەکیلەکانی، هیچ بژاردەیەکی تر لەبەردەم جیهان نییە. ووڵاتە یەکگرتوەکان، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هاوپەیمانەکان و هاوبەشەکانمان یەکڕیز دەوەستین لە پشتگیری کردنی ئۆکراینا و لە بەرگری کردن لەو پرەنسیپە بنەڕەتییەی، کە بریتییە لە بوارنەدان بە گۆڕینی سنووری نێودەوڵەتی بەزەبری هێز، جا لە ئەوروپا بێت یان لەهەر جێیەکی تر. سەبارەت بەم بڕوایەش هیچ جۆرە ناکۆکییەک لە نێوانماندا نییە.

تاقیکردنەوەی دووەممان لە تووندڕەوییەکی پڕ توندوتیژی کورتدەکرێتەوە. ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە ڕێکخراوی داعش بڵاویکردەوە و تێیدا فڕۆکەوانە ئوردنییە دیلەکە بووە قوربانی، هاتنەخوارەوەی مۆراڵه‌ بۆ ئاستێکی زۆر نزم. ماوەی پێشووتریش نەتەوە یەکگرتوەکان هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە ئەو گرووپە منداڵان لە خاچ دەدەن و زیندەبەچاڵیان دەکەن و گەنجە بیرکۆڵەکان وەک خۆکوژ بەکاردێنن.

داعش لە نێو توندڕۆکان تەنها نییە، مانگی ڕابردوو بەرپرسە پاکستانییەکان هەندێ وێنەی قوتابخانەی سەربازییان لە پیشاوەر نیشان داین، کە بزووتنەوەی تاڵیبان ١٤٥ کەسیان کووشتوە و لە نێویاندا ١٣٢کوژراو منداڵ بوون، هۆڵی کۆبوونەوەی قوتابخانەکە "کە پڕبوو لە قوتابی و بە گوێڕایەڵییەوە لەسەر کورسییەکانیان دانیشتوون" کراوەتە هۆڵی ئیعدام کردن، خوێن پژان و چاویلکەی شکاو و کتێبی قوتابخانە و جلی دڕاو و لاشەی منداڵانی بێ گیان پەرش و بڵاو ببوونه‌وه‌. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە ویستبووی قوتابیەکانی بپارێزێت، کاتێکیش بکوژەکان ڕێگرییان لێکردبوو گوتبووی من دایکیانم، ئەمەش دوا وشەکانی ئەویش بوو.

جیهان لە بەرامبەر ئەم توندڕەوییە لە هەر کوێیەک بێت ناتوانێت لاواز بێت و، هەرگیز لاواز نابێت. جا لە ناوچەکانی کەنار بێت، یان لە نایجیریا، یان لە عێراق و یا لە سووریا. ئێستاش ژمارەی هاوپەیمانێتی نێو دەوڵەتیی کە لە دژی داعش دەجەنگێت، لە شەست ئەندامی کارا زیاتر بووە.

لە مانگی سێپتێمبەرەوە ٧٠٠ کیلۆمەتر دووجا زەویمان ئازادکردووە، توانیومانە ئەو کۆمەڵەیە لە بەکارهێنانی ٢٠٠ دامەزراوی نەوت و گاز بێبەش بکەین، کە داهاتی بۆیان دەهێنا. هەروا توانیومانە کە پەیکەرەی سەرکردایەتیان لە کار بخەین و ئامێرەکانی بانگەشەکردنیان سنووردار بکەین، هەروا نیوەی سەرکرایەتییەکەیان لەناو ببەین و داهاتیان کەم بکەینەوە و تۆڕەکانی پشتگیرییان تێک بشکێنین و ئەندامەکانیان پەرته‌وازه‌ بکەین.

با لێرەدا سەرنج بدەینە شاری (کۆبانێ)، کە لەسەر سنووری تورکیا و سوریایە، ئەم شارە دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر زیاتر لە ٣٠٠ گوندی دەوروبەریدا گرت، هەڕەشەی ئیبادەکردنی لەسەر بوو. نەوەک تەنها ئەوەندە، چەکدارە توندڕۆکان توانیان دەست بەسەر ڕووبەری فراوان لە ناو شارەکەشدا بگرن، ئەوان و زۆر لە دەزگا میدیاییە جیهانییەکان مەزەندەی سەرکەوتنێکی ئاسانیان دەکرد، بەڵام بە هۆی هاوکاریی دیبلۆماسی لە نێوان هاوبەشە هاوپەیمانەکان و گورزە ئاسمانییە ئامانج دارەکان و پشتگیریی سەر زەوی لە لایەن هێزە کوردییە عێراقییەکانەوە، توانیمان سەرکەوین لە وەدەرنانی چەکدارەکان بۆ دەرەوەی شار، دوای ئەوەی نزیکەی ١٠٠٠ چەکداریان لەدەست دا.

بەزاندنی داعش تەنها سەرەتایەکە، تێکۆشان لە دژی توندڕۆکان تەنها بە شەڕ کۆتایی نایەت، بەڵکو لە پۆلەکانی خوێندن و شوێنەکانی کار و پەرستگاکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان و شەقامە ئاوەدانەکان و هۆڵە حکوومییەکان دەبێت. ئەو کاتە یەکلا دەبێتەوە کە توانیمان تەجنیدی ئیرهابییەکان بوەستێنین، چارەسەری دەمارگیری و نائومێدیی ئابووری و کەنارگیرکردن بکەین، کە هۆکارن بۆ دروستکردنی بۆشاییەک کە توندرەوی پڕی دەکاتەوە. هەروەها دروستکردنی جێگرەوەی لەبار و هەستپێکراو و بە توانا بۆ توندڕەوی لەو وڵاتانەی تێیدا کە بڵاوە.

لەم ساڵانەی دواییدا وا باو بوو، کە تەماشای ئەگەری لەم شێوەیەمان بکردبوایە بە لووتبەرزییەوە لەبارەی لێک هەڵوەشانەوەی سیستەمی جیهانی قسەمان دەکرد، کە من بە هەموو شێوەیەک ناکۆکم لەگەڵ ئەم بۆچوونە. لە ڕاستیدا من بە پێچەوانەوە دەیبینم، من وا دەبینم کە ووڵاتان دانوستان دەکەن لەسەر ڕێککەوتنی بازرگانیی نوێ و دوور مەودا، هەروا جیهان دەبینم هاوکاریی یەکدەکەن بۆ کۆتایی هێنان بە ئیبۆلا، کارکردن دەبینم بۆ چارەسەری ئاشتییانەی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران، هاریکاری دەبینم بۆ گەیشن بە ڕێککەوتنێکی جیهانی سەبارەت گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و، سنووردانان بۆ کێشەکان لە شوێنی وەک کۆماری ئەفریقیای ناوەند و کۆلۆمبیا و کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی.

راستە لە کاتێکی پڕ زەحمەتی دەژین، بەڵام دەبینم دەوڵەتان لە هەموو لایەکی دونیا سەردەکەون لە دانانی سنوور بۆ هەژاری، لە باشترکردنی سەرپەرشتیی تەندروستیی دایکان، لە هاوکاریی خۆراک بەخشین بە منداڵان، لە فراوانکردنی توانای گەیشتن بە خوێندنی بنەڕەتی، لە زیادکردنی کۆی ناوەندی تەمەنی مرۆڤ. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە بووژاونەوە –یان لەڕێی بووژانەوەن- ئێستا لە هەموو کاتێکی تر زیاترن. هەرچەندە توندڕەویی توندوتیژی هەڕەشە دەسەپێنێت، بەڵام ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی توندوتیژی گیانیان لەدەست داوە، لەسەردەمی نوێدا لە نزمترین ئاستدایە. ئەمانەش هەمووی بەهۆی بە هێزیی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە بووە. ئێمە تەنها پێویستیمان بەوەیە کە هاوکار بین بۆ گەیاندنی ئەو واقیعە بەو شوێنانەی کە وا هەست دەکەین ملیۆنان میل لێمانەوە دوورن.

ئێمە بەختەوەرین کە لە وەچەی داهێنەرانین، کاریگەرین، کەسانێکین کۆیلایەتی، تاعون، خراپیی باری ئابووری، جەنگی جیهانی و حوکمی شموولیمان بەزاند، وەچەی کەسانێکین باکیان بە ڕووبەرووبونەوەی مەزن نییە و لە تاقیکردنەوەکاندا شکستیان نەهێناوە.

ئێستاش کاتی ڕۆڵ بینینی ئێمەیە . ئەو ئەگەرانەی ڕووبەڕووی دەبینەوە، ئامادەکاری، پلاندانان و یەکڕیزیی لێمان دەوێت بۆ بەرگریکردن لە داهاتووی پێکەوەییمان دژ بە ئیرهابی کۆنەپەرست و خۆسەپاندن.
تا ئێستاش ڕووی ئایندە لەو بەها جیهانییانەیە کە خۆی لە شارستانێتی، عەقڵ و سەروەریی یاسا دەبینێتەوە.


سەرچاوە: پرۆجێکت سەندیکیت

لە ژمارە (٢٠٨٥)ی رۆژنامەی (هەولێر) رۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە