بارزانی هەڕەشەیە ؟


دەستور و ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرسێکە و وەک بابەتێکی گرنگی پەیوەست بە ئاییندە و سیستەمی سیاسی کوردستان، جگە لە پەرلەمان و حیزبەکان و بژاردە سیاسیەکە، میدیا و رۆشنبیران و زۆر ناوەندی تر پێیەوە سەرقاڵن. ئەم پرسە بە شێوەیەک لێکدانەوە و شرۆڤەی بۆ دەکرێت کە زیاتر لە دوو تەوەردا کۆدەبێتەوە، یەکەمیان ئەوانەن کە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو پرسە، روانین و بیروڕاکانیان دەخەنە روو، سەرەڕای ئەو تێبینی و را تایبەتانەی کە هەیانە، مرۆڤ هاوڕا بێت لەگەڵیان یان نا، ریز لە بۆچوون و راکانیان دەگرێت و دەکرێت خوێندنەوەی بونیادنەرانەی بۆ بکات. دووەمیان ئەوانەن کە سەرەڕای ئەو دەمامکانەی کە دەیپۆشن بەڵام لە چرکە ساتێکدا خۆیان لەبیر دەکەن و ناتوانن رقی شاراوەیان بە دیار نەخەن و لە لۆجیک و هەڵسەنگاندنی بابەتیانە دوور نەکەونەوە. 

قسە کردن لەسەر ئەم پرسە، لای هەندێک لایەن و میدیا و کەسایەتی و دەستی نهێنی، زۆر لە پێش وادەی خۆی وروژێنرا، هۆکارەکەش سەخڵەت بوونیان بوو لە رۆڵی سەرۆک بارزانی، سەخڵەت بوون بوو لە رۆڵ و لە پێگەیەک کە دیمەنی رووداوە ناوخۆیی و ئیقلیمیەکانی داپۆشی. بە لێکدانەوەی ئەوان سنوردارکردنی ئەو رۆڵە گرنگە بوو کە سەرۆک بارزانی لەم ماوەیەدا گێڕای، بە تایبەتی لە دوو بواردا، یەکەمیان سەرکردایەتیکردنی بەرەکانی جەنگ و ژیان لەناو پێشمەرگە و سەرپەرشتی سەرکەوتنەکان و تێکشکاندنی دوژمن، دووەمیان سەرکردایەتیکردنی ئەو دیبلۆماسیەتە بوو کە لە ماوەیەکی کورتدا بەرەیەکی نێودەوڵەتی بۆ هاوکاری کوردستان پێک هێنا و هەولێر بووە ئەو ناوەندەی کە سەرۆک و بڕیاردەرەکانی دونیا روویان تێکرد. ئەم دوو بابەتە ئەگەرچی بووە مایەی دڵخۆشی و بڕوا بەخۆبوونی خەڵکی کوردستان و شانازی بە سەرۆکەکەیان، بەلام لە هەمان کاتیش مایەی دڵەڕاوکێ وترس بوو بۆ ئەوانەی کە ناتوانن لە بەرژەوەندیەکانیان دوورتر ببینن. بۆیە ئەم پرسەیان کردە دەروازەی هێرشێکی بەرنامە داڕێژراو.

ئەگەر رووداوەکانی چەند ساڵی رابردوو بێنینەوە بەرچاوی خۆمان، ئەم جۆرە هێرشە بەردەوام کراوەتە سەر سەرۆک بارزانی، هێرشێک کە زۆر لایەن و کەسایەتی و میدیای پارە واسڵکراو بە بەرنامە کاریان لەسەر کردووە، بە تایبەتیش لە دوای ئەوەی سەرۆک بارزانی لە هەڵبژرادنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ راستەوخۆ %٧٠ ی خەڵک متمانەیان پێکرد و دەنگیان پێی‌دا. ئەم رێژە بەرچاوەی دەنگ بۆ زۆر لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی جێ‌ی هەڵوەستە لەسەر کردن بوو، بە تایبەتی ئەوانەی کە نایانەویت خەڵکی کوردستان ئەم جۆرە کۆدەنگیەیان لە سەر سەرکردەیەک هەبێت، بۆیە لە دوای ئەو قۆناغە بەرنامەڕێژتر و چڕ تر بەرنامەکانیان درێژە پێدا.

ئێستاش بە هەمان نەفەس و هەمان درێژەپێدان، هەندێ دەنگ بۆچوونی ئەوەندە لێڵ دەردەبڕن کە مایەی بەزەییە، مایەی بەزەییە چونکە ئەو دەنگانە باش دەزانن کە سەرکردەیەک کە رۆڵی سەرەکی بینی بێت لە گۆڕان لەقۆناغی شۆڕشگێڕی بۆ قۆناغی دامەزراوەیی و داوای هەڵبژاردن و بڕیاردانی میللەتی کردبێت لەسەر دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، کەسایەتیەک کە سیمبولی بەرگری و پێشمەرگایەتی و جێگای ریزلێگرتنی نێودەوڵەتی بێت، کەسایەتیەک کە زامنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بڕوا بەخۆبوونی نیشتمانی بێت، سەرکردەیەک سەرقافڵەی میللەتەکەی بێت بەرەو سەربەخۆیی، نەوەک هەڕەشە نیە، بەڵکو زامنی دڵنیایی و یەکڕیزی و پێکەوەیی و سەرکەوتن و بەردەوامبوونە و ئەم کاروانەش بەردەوام دەبێت.

ئەم بابەتە لە رۆژنامەی هەولێر ژمارە ٢١١٤ ی رۆژی ١٣ی نیسانی ٢٠١٥ بلاوکراوەتەوە 



Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە