لەگەڵ شیعر



-١-
ئەستەمە لە ژینگەیەک پەروەردە بیت و کاریگەری دەوربەرەکەت بەسەرەوە نەبێت ، کارت لێ نەکا و شوێنەواری لەسەر کەسایەتیت جێ نەهێڵێت.

لە منداڵیەوە سەرسام وکارلێکراو بووم بە شیعر ، بە خوێندنەوەی ، بەنووسینەوەی، بە نوسینی ، بە دیوانی شاعیران ، بە شێوەی خۆشنووسی ناونیشانی بەرگەکان ، بە وێنەی سەر بەرگی دیوانەکان ، بە وینەی شاعیران کە لە گۆڤارەکان بڵاو دەکرانەوە، یان ئەو قەڵەمکێشانەی بە قەڵەمی هونەرمەند بەدیع باباجان لەناو دیوانەکان کێشرابوون ، کە لێیانم دەڕوانی و لێیان وورد دەبوومەوە هەستم دەکرد شاعیر مرۆڤی ئاسایی نین، زیاتر لە کەسایەتی ناو ئەفسانەکان دەچن.

ئەم خولیایە بۆ شیعر لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە تەمەنم شەش ساڵان بوو ، لە ساڵی ١٩٧٦ پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم ، کاتێ باوکم یەکەم شیعری خۆی پێ لەبەر کردم ، شیعری (نەورۆز و بەهار) ئەو دەرگایە بوو کە باوکم لەسەر جیهانی شیعر بۆی کردمەوە ، لەو رۆژەوە تا ئێستا شیعر بۆتە بەشێک لە هەست و نەستم، بەشێکە لە خوێندنەوە و ناو بە ناو نووسینم ، جار بە جار دادەبڕێین ، بەڵام لەکاتەکانی دابڕانیش ئەو پەیوەندیە کۆنەی کە هەمانە بە هانام دێ و جاربەجارێ لە ژاوەژاوی دەوروبەر دامدەبڕێنێ .. 

لە لاوێتی ی، وەک زۆر لە هاوتەمەنەکانم دەیەها شەو(تاریک و روون)، (شەونامەی شاعیرێکی تینوو)،(ناڵەی جودایی)،(شەو نیە خەونتان پێوە نەبینم)،(تریفەی هەڵبەست)،(کەژاوەی گریان)،(رازی تەنیایی)،(ملوانکەی شین)،(ئاوێنە بچکۆڵانەکان)،(ژووان)،(قەڵەمێکی ردێن سپی) و دەیان پەڕتوکە شیعری تر، رۆژیان لەگەڵ دەکردینەوە، یان لە ژێر سەرینەکانمان ئارامیان بە خەونەکانمان دەبەخشی.

شیعر سیحرێکی سەیری هەبوو، دڵنیام ئێستاش ئەم سیحرە بەردەوامە، کە لەدەرگای دڵی دایت، دڵت داگیر دەکا و تا کۆتایی لەگەڵتە. گرنگ نیە یەکەم لە دەرگا دانی دڵت شیعری دڵداریە یا سیاسی، گرنگ ئەوەیە کە لە هەر بەرگێک و بە هەر سیمایەک هات، بۆ داگیرکردنی بیر و هەست و ئەندێشەتە. داگیرکەرێک بڕوای بە مقاوەمەت و بە گژداهاتنەوە نیە، لەگەڵ زەمەن رەگ و ریشەکانی توندتر دەبن.
شیعر بڕوای بە گۆڕانەکانی رۆژگار نیە، لەسەردەمی موناجاتی تەنیاییەوە لەگەڵ مانگ و لە دیار چراوە، تا سەردەمی نامەی نهێنی دڵداران و بۆ ئێستای سەردەمی فەیسبووک و ڤایبەر، شیعر شیعرە.
شیعر بڕوای بە تەمەن نیە، سەیرەکەی لەوەدایە تا تەمەن هەڵدەکشێت شیعر گەنجتر و ناسک تر و جوانتر خۆی دەنوێنێت.

شیعر ئاوێنەیەکی سەیرە، لەهەر زەمەنێ نوسرا بێت ، وا تێدەگەی بۆ ئێستایە، سەیرتریش ئەوەیە وا تێدەگەی کە بۆ ئەو چرکە ساتەیە کە خۆتی تیا دەبینیتەوە.

-درێژەی دەبێت-

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە