ناکرێ ٢٣ی حوزەیران سێبەری لە سەر رووداوەکانی داهاتوو نەبێت .. پارتی هەمیشە بۆ سازان ئامادەیە


وشە/هەولێر
ساسان عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو دۆخەی ئێستە لە هەرێمی کوردستان لە بارەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم هاتووەتە ئاراوە، رای دەگەیەنێ کە هەمیشە دەرگەی پارتی کراوەبووە بۆ سازان، بەڵام ئەوەیش ناشارێتەوە کە بارودۆخەکە بارگاوی کراوە و هەندێک لایەن نواندنێکیان کرد کە لە ئاست هەستیاری بارودۆخی سیاسی کوردستان نەبوو. ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، ئەو لایەنانە پرسێکی گەورەی نیشتمانییان قۆستەوە بۆ خۆنیشاندان و دوواندنی بنکەی جەمواری حزبەکانیان.
عەونی کە هاوکات بەرپرسی رێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە لەو دیمانە تایبەتەدا لەگەڵ "وشە" دووپاتی دەکاتەوە، هێزەکانی دەرەکی کار دەکەن بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە بەشێکی ئەجێنداکانیان لەو ململانێیەی لە رۆژهەلاتی ناوەراست بەڕێوەدەچێت. لە هەندێ جاردا لە هەڵوێستی هەندێک هێز و لایەنی سیاسی کوردستان، ئەو لایەنگیریە رەنگ دەداتەوە.
پارتی هه‌میشه‌ بۆ سازان ئاماده‌یه‌
ناکرێ ٢٣ی حوزەیران سێبەری لە سەر رووداوەکانی داهاتوو نەبێت


  • تێڕوانینی پارتی چییە بۆ ئەم دۆخەی بە هۆی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم لە کوردستان هاتۆتە ئاراوە؟
بارودۆخەکە بارگاوی کراوە، نمایشێک لە لایەن هەندێ لایەن کرا کە لە ئاست هەستیاری بارودۆخی سیاسی کوردستان نەبوو وە پێویستیش نەبوو، کارێک و مناوەرەیەک بوو کە پرسێکی گەورەی نیشتمانیان قۆستەوە بۆ خۆنیشاندان و دوواندنی بنکەی جەماوەری حیزبەکانیان، بێئەوەی بەرژەوەندی باڵا و دۆخ و دەروونی گشتی میللەت و بارودۆخە هەستیارەکە لەبەرچاو بگرن. ئەگینا روونە هەموو پرسە چارەنووسسازەکانی کوردستان دەبێت لە رێی تەوافق بێت و هەر بە تەوافق بووە، هەموو دامەزاوەکانی ووڵات لە ڕێی تەوافق بنیاتنراون و دامەزراون، بۆ پرسێکی وەها گرنگ کە تەوافق وەلا دەنرێت و یاری بە زۆرینەی پەرلەمانی دەکرێت بێگومان خەلەل دەخاتە پرۆسەی سیاسی کوردستان، چونکە ئەم بابەتە تەنها خوێندنەوەیەکی ئاسایی پرۆژە یاسایەکی ئاسایی نەبووکە بەبێ پارتی بکرێت، بەڵکو پرسێکە پێش هەموو لایەنەکان مافی سروشتی پارتیە کە قسەی تێدا هەبێت، یەکەم لەبەر ئەوەی بابەتێکی هەستیاری نیشتمانیە کە دەبێت رای پارتی تێدا بێت وەک گەورەترین حیزبی کوردستان، دووەم لەبەرئەوەی قسە لەسەر پۆستێکە کە ئەویش لە بەشی پارتی بووە و لە بەشی پارتیش دەمێنێتەوە، سێیەمیش بارودۆخی کوردستان لەبەر شەڕی تیرۆر و ئەو شەڕە ئابووریەی کە حکومەتی عیراق لەگەڵمان دەیکات، دەبووا لایەنەکان بە حیکمەت تر و ووردتر و دووربینانە تر و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە باڵاکان کاریان لەو بابەتە کردبا وپرسێکی وەها گرنگی نیشتمانی لە کاتێکی وا هەستیاردا نەخرێتە ناو گەمەی سیاسی لایەنەکان.
  • ئایا پارتی ئامادەیە دەست لە هەندێک لە مەرجەکانی هەڵبگرێت لە پێناو سازان لەگەڵ لایەنەکان؟ بۆ نموونە هەندێک دەسەلاتی سەرۆکی هەرێم کەم بکرێتەوە لە بەرامبەردا لایەنەکان رازی بن سەرۆک لە ناو خەڵک بێتە هەڵبژاردن؟
سازان و کارکردنی پێکەوەیی پرەنسیپی سەرەکی پارتیە، ئەوە هەر پارتی بووە کە بەردەوام پەیڕەوی لە سازانی نێوان لایەنەکان کردووە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە رێکەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکیتی شێوەیەک لە سازان بوو بۆ ئیدارەکردنی کوردستان، دوای هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ هەندێ لایەن خۆیان پێیان باش بوو معارەزە بن و دژایەتی هەموو شت بکەن. لە دوای ٢٠١٣ش گەورەترین دەرگا دەرگای پارتی بووە کە بۆ سازان لەسەر پشت بووە. ئەگەر ئەو هەڵوێستانەی پارتی نەبووا لەم رووەوە، زانراوە کە ئەو خاڵانەی بۆ هەریەک لە سەرۆککۆماری عیراق و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانی کوردستان و زۆر لە وەزارەت و پۆست و پلە ئیداریەکانی تری عیراق و کوردستان بە بێ نەرمی نواندی پارتی و هەندێ جار بەخشین لە بەشی خۆی و لە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، ئەم کارانە سەری نەدەگرت. کە باسی ئەم بابەتانەش دەکەین مەبەستمان نیە کە وەک تانە لێدان بیت لە لایەنەکانی تر، چونکە بە بڕواوە کردومانە و لە پێناو بەرژەوندیەکی گەورەتر بووە، بەڵکو مەبەستمان لێی روونکردنەوەی هەڵوێستی پارتیە بۆ خەڵک. پێشتریش و ئێستاش پارتی بە گەورەیی و بەرپرسیارێتیەوە هەڵس و کەوتی کردووە و دەکات، بەرپرسیارێتی سەرشانی پارتی گەورەترە و خەڵکیش ئەوە دەزانێت، بۆیەشە لەو هێرشە بەرنامەکراوانەش دەگەین کە بەردەوام پارتی و رەمزەکانی پارتی و کوردستان دەکاتە ئامانج. لایەنەکان زۆر هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەم بابەتە بە شەخسی بکەن و بۆ خەڵک وای وێنا دەکەن، ئەو وێناکردن و پاڵنەر و نیگەرانیانەش لە لامان زانراون کە زیاتر روویان لە سەرۆک بارزانیە، هێز و لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی هەن نایانەویت کە کوردستان مەرجەعی سیاسی هەبێت و پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان بەردەوام بێت و لە بەرژەوەندیان نیە، دەشزانن کە ئەم پرسە و مەرجەعیەتە کەسێکی کاریزما و خاوەن بڕیار و گوێ لێگیراوی ناوخۆیی و دەرەکی پێویستە بۆ گەیشتنە ئاکام کە ئەویش کەسایەتیی بارزانییە، بۆیە هەموو وەسیلەیەک بەکار دەهێنن بۆ سنووردار کردنی هەوڵەکانی، لە کاتێکدا ئەمە پرسێکی هەستیاری نیشتمانیە و بۆ هەموو کوردستانە و نابیت دەرفەت لەدەست بدەین. ئێمە سوورین لەسەر سیاسەت و هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان و لەژێر هیچ فشارێکی ناوخۆیی و دەرەکی دەستبەرداری بەرژەوەندیە باڵاکانی کوردستان نابین، کە رۆژانە خوێنی گەنجەکانمان لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ تیرۆر بست بە بستی خاکی کوردستان ئاودێر دەکات.
  • پێتان وایە ئەو کۆبونەوەیەی لە پەرلەمان کرا، گەلەکۆمە بوو لە پارتی؟ ئەگەر وایە، ئەو خواستە بە کوردستانی دەزانن یان هی ووڵاتانی دەرەوەیە؟
بە رای من تێکەڵەیەک بوو لە زۆر شت. بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە پارتی سەرکردایەتی کردووە، لە ناوەراستی شەستەکان کەرت بوونی تێکەوت، ئەو کەرت بوونە روونە هۆکارەکانی چ بوون و بە چ ئاراستەیەکدا گوزەری کرد و ئەنجامەکەی چی لێهاتەوە ، بەڵام ئەوەی جێی باسمانە کۆمەڵێک کەس لەناو جەرگی ئەم کەرت بوونە بە دژایەتی پارتی و رێبەرێتی بارزانی نەمر و دواتریش سەرۆک مەسعود بارزانی گۆشکران، ئەو کەسانە بەشێکیان تا ئێستاش لەسەر شانۆی سیاسی کوردستان ماون و بە رەنگی جیا جیا رۆڵ دەگێڕن و پێم وا نیە لەو نەهجەی ئەو کاتیان گۆڕانکاریەکی ئەوتۆیان بەسەر هاتبێت، چونکە بەردەوام لە هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی هاوشێوەی خۆیانن لە ناو نەوەی تازە و بۆ ئەم بابەتە هەموو وەسیەلەیەکی کارتێکردن بە ناو و بە پەردەی جیا جیا بەکار دەهێنن، ئەم خواستە لە زۆر کاتدا لە گەڵ بەرژەوەندی و ئەجندای تری دەرەکیش یەکدەگرێتەوە. چونکە هەندێ جار دژایەتیکردنی پارتی بە ئەندازەیەک پەرە دەسێنێت کە لە ململانێی ئاسایی نێوان حیزبەکان لە پرۆسەی سیاسیدا دەردەچێت و خوێندنەوەی سایکۆلۆژی و مێژوویی پێویستە بۆ تێگەیشتن لە پاڵنەر و هاندەرەکانی. وە ئەگەر مەبەست لەو هەوڵە یان هەر هەوڵێکی تر گەلەکۆمە بێت لە پارتی و مەبەست لە هەیبەتدانی پارتی بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە ئاسانی تێناپەڕێت. بە ئەندازەیەکیش بەرپرسیارێتی دەکەویتە ئەستۆی پارتی کاتێک رەزامەندی نواند لە نەخستنە ریفراندۆمی پرۆژەی دەستوور و بە گرتنە بەری مەبدەئی تەوافق لەگەڵ لایەنەکان. 
سەبارەت بەو بەشەی پرسیارەکەشت کە ئایا ئەم بابەتە خواستێکی کوردستانیە یان دەرەکی، ئێمە لە ناوچەیەک دەژین لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کە هەژموون و بەرژەوەندی و ململانێی هێز و لایەنی دەرەکی تێدایە، ئەو هێز و لایەنە دەرەکیانە کاردەکەن کە کوردستان ببێتە بەشێکی ئەجنداکانیان لەو ململانێیەی کە لە رۆژهەلآتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچێت. لە هەندێ جاردا لە هەڵوێستی هەندێ هێز و لایەنی سیاسی کوردستان ئەو لایەنگیریە رەنگدەداتەوە. بەڵام سەراڕی ئەوانەش نەدەبووا دامەزراوەیەکی وەک پەرلەمان بەم شێوەیە ئیستیغلال بکرێت و لە بێلایەنی خۆی وەک دامەزراوەیەکی یاسادانانی کوردستان دابماڵرێت و ببنە بەشێک لەو یاریە، کە ئەوە خاڵێکی ناتەندروستە بۆ پەرلەمانی کوردستان و بۆ ئاییندەی بڕوای خەڵک بەم دامەزراوەیە. گرنگ ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان نابێتە لایەنگیری یاریکەرە ئیقلیمیەکان و بەرژەوەندی کوردستان لە سەرووی هەر بەرژەوەندیەک دادەنیت.
  • بۆچوونی کۆنکرێتی پارتی چیە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؟
سەرۆکایەتی کوردستان بەرزترین و دیارترین پۆستی سیادی کوردستانە، نیشانەی شکۆ و هەست بە شانازایکردنی تاکەکانی ووڵاتە، ئەم پۆستە پۆستێکی نیشتمانیە، پۆستێکە بۆ نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەکانی کوردستانە و نابیت بخرێتە نێو یاری و سازشی نێوان لایەنە سیاسیەکان. پۆستێک کە پەیوەست بێت بە ئاییندەی ووڵات و نیشتمان دەبیت هەموو هاولاتیان و هاونیشتمانیان رایان لەسەری هەبێت و ئەوان هەڵیببژێرن، ئەگەر پرسەکە دیموکراسیەتە، نابێت ئەو مافە لە هاولاتیان زەوت بکرێت و حیزبەکان خۆیان بکەن بە جێگرەوەی هاولاتیان، دەبیت بگەڕێینەوە بۆ رای هاونیشتمانیان و ئەوان بڕیار بدەن کە کێ دەکەنە سەرۆکی خۆیان. بۆیە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگیری لەسەر هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێم دەکەین لە لایەن هاولاتیانەوە.
پێویستیشە خەڵکی خۆمان هۆشیار بن کە ئەزموون لە ووڵاتێکی نزیکی وەک لوبنان وەربگرین کە لەبەر یاری ئیقلیمی ماوەی زیاتر لە ساڵیکە پۆستی سەرۆکی ووڵات کە لە بەشی مەسیحیەکانە، بەتاڵە و پەرلەمان ناتوانێ سەرۆکێکی تازە هەڵبژێرێت. بۆیە ناکرێ ئەم دەستەڵاتە لە تاکەکانی ووڵات بسەنرێتەوە و تەسلیم بە وویست و ئارەزوو و بەرژەوەندیەکانی گروپە سیاسیەکانی بکەین.
  • ئەو لایەنانەی بەشداری کۆبونەوەکەی ٢٣ی حوزەیرانی پەرلەمان بوون، کامیان چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ پارتی لە یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، شیوعی ، و بزووتنەوە؟

لە سیاسەتدا چاوەروان نەکراوی نیە و هەمیشە هەموو ئەگەرەکان کراوەن. حزببێکی وەک پارتی غافڵگیر ناکرێ و بە دڵنیاییەوە ئاگاداری زۆر لە نهێنیەکان هەیە، بەلام دەبوا پەیوەندی دۆستانە و هاوپەیمانی و یەکڕیزی لەبەرچاو گیرا بان. کە لەبەر چاو نەگیرا ئەم رووداوە نابیتە کۆتایی دونیا و فرسەتێکی باشە بۆ خوێندنەوەی نیەت وهەڵوێستی هەر لایەنێک بەرامبەر بە پارتی. گرنگ ئەوە بوو سەرەڕای هەموو کارتەکانی کە لە دەستی پارتین بەڵام پارتی ئەم هەنگاوەی بەرامبەر هیچ هێزێکی سیاسی نەناوە، بەڵکو ئەم هەنگاوە لەلایەن لایەنەکانی ترەوە گیرایە بەر و نیەتێکیان نیشانی خەڵک دا کە ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت چی بەرامبەر پارتی دەکەن، بۆیە لە ئاییندە نابیت گلەیی لە هەڵوێستەکانی پارتی بکرێت.

  • ئەو کۆبونەوەیە پێوەندییەکانی پارتی و لایەنەکان بۆ داهاتوو ناخۆش دەکات یان وەک رووداوێکی ئاسایی تێدەپەڕێت و پێوەندیتان ئاسایی دەبێت؟

وەک ئاماژەم پێدا پارتی بە بەرپرسیاریتیەوە هەڵس و کەوت دەکات و بەرژەوەندی کوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندیەکانی ترە. پێوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان بەردەوام دەبێت و لەگەڵ مەبدەئی سازانداین، وە هەموو رێگا دیموکراسیەکان دەگرینە بەر بۆ دروستکردنەوەی کۆدەنگی نیشتمانی و پاراستنی یەکڕیزی ناوماڵی کوردستان، بەڵام بە بڕوای من ناکرێ ئەم بابەتە سێبەری بەسەر رووداوەکانی داهاتووەوە دیار نەبێت، بە تایبەتیش ئەگەر ئەم هەڵوێستانە بەردەوام بن.
  • با بچینە سەر تایبەتمەندی کاری خۆت، رێکخراوەکانی قوتابییان و لاوان و ئافرەتان بۆچی رۆڵیان کەمە لە رووداوەکاندا؟
بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنەکانمان بە ئاراستەی گونجاو بڕوات وا باشە بۆ هەر بابەتێک پێوەری گونجاومان هەبێت. خۆم پێم وانیە کە رۆڵی ئەم رێکخراوانە لە رووداوەکان کەمە، بەلام بەو مانایەش نا کە ناتوانن لەوە زیاتر بەرهەمیان هەبێت. ماوەی ساڵیک زیاترە کوردستان دووچاری دوو جۆرە هەڕەشە بۆتەوە، کە یەکێکیان شەڕی تیرۆرە و ئەوی تریشیان شەڕێکی ئابووریە. سەرەڕای نەبوونی داهات و هاوکاری بۆ ئەم رێکخراوانە بەلام بەشێکی زۆری ئەندام و کادری ئەم رێکخراوانە وەکو پێشمەرگەی خۆبەخش شانبەشانی پێشمەرگە لە سەنگەردا بوون و تا ئێستاش بەردەوامن، هەروەها لە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری و پشتگیری بۆ ئاوارەکان و بۆ پێشمەرگە بەردەوام رۆڵی باڵایان گێڕاوە. لە چالاکی و جموجۆڵی رۆشنبیری و هۆشیاری بەردەوام کاردەکەن، لەبواری وەرزش رۆڵی شایانی باس دەگێڕن. لە بەرگریکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابیان کاری جدی دەکەن، لە لێکۆڵینەوە لە کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانیەکان و دۆزینەوەی چارەسەری زۆر لە پێشەوەن، لە قووڵکردنەوەی تێگەیشتن لە کاری مەدەنی و رۆڵگێڕان وەکو رێکخراوی مەدەنی و بەرگریکردن لە توێژەکانیان لە هەوڵ و کۆششی بەردەوام دان، لە ناو رێکخراوی جیهانی گەنجان رۆڵیان هەیە و دەنگیان هەیە و جێگری سەرۆک ئەندامێکی کارایانە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا چاوەڕونیمان هەیە باشتر بن؟ بە دڵنیاییەوە ئەم چاوەڕوانیەمان لێیان هەیە.
بەڵام دەبێت ئەو راستیە لەبەرچاوبگرین کە بەهۆی پێشکەوتنە خێراکانی کۆمەڵگا و کرانەوەی دنیا، بەردەوام ئەرکی تازە و روانینی تازە بۆ کاری رێکخراوەیی دێتە پێشەوە، کە ئەمەش جەدەلێک دروست دەکات لە جۆر و رادەی ئەو چاوەڕوانیەی لەو رێکخراوانە دەکرێت. بۆیە ئەرکی خودی ئەو رێکخراوانەیە کە خۆیان لەگەڵ سەردەم نوێ بکەنەوە و لە ئاستی گۆڕانکاری و چاوەروانیەکان دا بن. ئێمەش بەردەوام بەو ئاراستەیە هانیان دەدەین و رێنماییان دەکەین.

  • پێتان وایە کە سەردەمی کاری رێکخراوەیی تەواو بووە یان خۆیان ناچالاکن؟
سەردەمی کاری رێکخراوەیی تەواو نابێت، چونکە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەردەوام پێویستی بەجۆرێک لە رێکخستن و خۆڕێکخستنەوە و داڕشتنەوە هەیە بۆ شێوەیەک لە ئۆرگان کە جیا بێت لەگەڵ دام و دەزگا فەرمیەکان. توێژەکانی کۆمەڵگا بەردەوام پێویستیان بە نوێنەرایەتی هەیە بۆ گەیاندنی دەنگیان و بەرگریکردن لە بەرژەوەندیەکانیان. تا مرۆڤ بمێنێت، بەرژەوەندی دەمێنێت، تا بەرژەوەندیش بمێنێت کاری رێکخراوەیی ئەو دەروازەیە دەبێت کە توێژەکان جموجۆڵی لە چوارچێوەدا دەکەن. بۆیە دەکرێت گفتوگۆمان لەسەر رادەی چالاکی و جۆری چالاکی و بەرهەمداری چالاکیەکان بێت.

  • لە رێکخراوە جەماوەییەکانی پارتیدا بەردەوام هەست بە بوونی کوتلەکاری دەکرێ لە ناو قوتابییان بە تایبەت، هۆی ئەمە چییە؟
کاری رێکخراوەیی کارێکە مرۆڤ تێیدا کارەکتەرە، لە نێوان مرۆڤەکانیش بیرکردنەوەی جیا و دنیابینی جیا و روانینی جیا هەیە بۆ چۆنیەتی ئەنجام دانی کاری رێکخراوەیی، هەروەها بەرژەوەندی جیاوازیش هەیە. ئەم بەرژەوەندیانە دەکرێت زیاتر لە حەزی تاکەکان پێناسە بکرێت بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتن بە پلەکانی ناو رێکخراوەکەدا. بۆیە دەبێت لامان ئاسایی بێت لە کاتی لێکچونی دنیابینی کەسەکان و نزیک بوونی بەرژەوندیەکان دەستەگەری دروست بێت، بە تایبەتیش لە یەکێتیەکانی قوتابیان کە سەرەتا و دەستپیکی گەنجانە بۆ کاری رێکخراوەیی و ئەزموونی پێش وەختەی تێدا نیە، هەروەها تەمەنی قوتابی تەمنێکی پڕ ئینێرژی و بزاوت و جموجۆڵە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە رەوایی بدرێت بەو دیاردەیە، نەخێر دەبێت رێکخراو بەردەوام لە خۆپاککردنەوە بێت بۆدەرباز بوون لەم تەنگژەیە. ئەمە لایەنێکی، لە لایەکەی ترەوە هەبوونی گرفت و چارەسەرنەکردنی لە کاتی خۆی،لە داهاتوودا کاتی زیاتری دەوێت بۆچارەسەری و لە ساتێکی دیاریکراو کۆتایی پێنایەت و پێویستی بە کات هەیە بۆ نەهێشتنی رەگ و ریشەکانی ئەم دیاردەیە، وە ئەم بابەتە ئیهمال نەکراوە و بەبەردەوامی هەوڵی چارەسەری بۆ دراوە. گرنگ ئەوەیە کە پارتی ئازادییەکی زۆری بۆ ئەم رێکخراوانە دەستەبەر کردووە و ریز لە بڕیار و کار و چالاکیەکانیان دەگرێت و رێنمایی کردنیان تەنها لە چوارچێوەی بەرژەوەندیە گشتیەکان دەبێت.

  • رێکخراوە جەماوەرییەکان پێشتر زۆر کاریگەر بوون و لە رووداوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی تایبەت بە کورد چالاکیان هەبوو، ئێستە ئەمە نەماوە و بوونەتە رێکخراوی نووسینگەنشین، هۆی ئەمە چییە؟
سەردەمەکان جیاوازن و هەر سەردەمێک کەرەستە و پێداویستی و جۆری تایبەتی کار و پلانی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ نمونە جاران بڵاوکراوەکانی ئەم رێکخراوانە شوێنی بڵاوکردنەوە و نووسین و داهێنان و چالاکیەکانی تاکەکان بوون و لەو رێگایەوە بە خەڵک دەناسێنران، کەچی ئێستا هەر تاکیک دەتوانێت خاوەنی زیاتر لە میدیایەکی کۆمەڵایەتی بێت و رۆژانە را دەربڕێت و رای هەبێت و کاریگەری لەسەر دروستکردن و ئاراستەکردنی رووداوەکان هەبێت. شۆڕشی زانیاری و کۆمیونیکەیشن کاری لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگا کردووە بە رێکخراوەکانیشەوە، بۆیە ئەم رێکخراوانەش دەبێت بەردەوام لە نوێبوونەوە دابن بۆ ئەوەی دانەبڕێن.

  • چ بەرنامەیەکتان هەیە بۆ چالاککردنەوەی ئەو رێکخراوانە؟
چالاککردنی زیاتری ئەم رێکخراوانە لە نوێبونەوەیان دایە بە بەردەوامی، نوێبونەوەیەک کە کارەکتەری کاریگەر و لێزان و خاوەن لێزانین و جیهانبینی سەردەمیانە شوێنەکانی بڕیار و سەرکردایەتی ئەم رێکخراوانە بگرن. ئێمە بەردەوام رێنوێنیان دەکەین بە ئاراستەی ئینتیما و هەستی نیشتمان پەروەری و ووڵاتپاریزی و خۆشەویستی خاک و نیشتمان کار بکەن، لەسەر ریزگرتنی پێکەوەژیان و فرەیی کۆمەڵگای کوردستان و قبوڵکردنی یەکتری و لێبوردەیی، لە ریزگرتن لە مافەکانی ئافرەت. هانیان دەدەین بۆپەرەپێدانی گیانی کاری خۆبەخشانە لە کاری ڕێکخراوەیی و کایەکانی تری کاری کۆمەڵایەتی، هەروەها پەرپێدان و پراکتیک کردنی بیری ژینگە پارێزی و ئاگادار بوون لە سروشتی کوردستان و بە فیڕۆ نەدانی سامانە سروشتیەکان. ئاراستەیان دەکەین بۆ فێربوونی بەردەوام و قوڵ بوونەوە بە ناو زانست و سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیا، کارکردن لەسەر کەسێتی و زانستی بوونی قوتابیان و لاوان بۆ بەدەست هێنانی لێزانی (مەهارات)ی زیاتر لە هەموو بوارەکان، هەروەها راهێنانی زیاتریان بۆ کارکردن وەک رێکخراوەی کۆمەڵگای مەدەنی و کارکردن لەسەر هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە مەترسیەکان و بەشداری کردن وەک کۆمەڵەکانی فشار بۆ سنوردانان لە بەرامبەر دیاردە نەخوازراوەکان. راهێنان و ئاراستەکردنیان بۆ پیادەکردنی پرەنسیپە دیموکراسیەکان لە ژیانی ناوخۆیی رێکخراوەیی و دەرەوەیدا. ئەمانە و زۆر بواری تر هێڵەکانی کارکردنمانن بۆ بەردەوامی چالاکی ئەم رێکخراوانە.

* رۆژنامەی "وشە" ژمارە "١٠٠" لە ١ی تەمموزی ٢٠١٥
لینکی رۆژنامەکە:
http://wishe.net/dreja.aspx?=hewal&jmare=21611&Jor=5


Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە