"چەند سەرنجێک دەربارەی میدیا"






• میدیا بۆتە بەشێکی ژیان، بەشێکی پێویست بۆ وەرگرتنی زانیاری و ئاگایی، لەهەمان کاتیش زیان بەخش کە لە ئەنجامدانی چالاکی مرۆڤانەی ترمان دەکات.
• بە پێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوکرابوەوە، بەسەربردنی هەر کاتژمێرێک لە تەماشاکردنی تیڤی یەکسانە بە بیست و دوو دەقیقە لە کۆی گشتی تەمەنی مرۆڤ، تا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە تەماشاکردنی شەش کاتژمێر رۆژانە بۆ تیڤی و دیڤیدی و یاریە ڤیدیۆییەکان لە کۆی گشتیدا پێنج ساڵ لە تەمەنی مرۆڤ دەبات.
• میدیا لە سەر بەرهەمی فیکر و عەقڵی دەستەبژێر برەو و درێژەی هەیە. لە کوردستانێکی پێنج ملیۆن کەسیی، هەبوونی زیاتر لە ٢٠ کەناڵی ئاسمانی و ٧٠ کەناڵی لۆکال و دەیان رۆژنامە و گۆڤاری رۆژانە و هەفتانە، جێ ی رامان و پرسیار نیە؟ پرسیار لەوەی ئایا ئەو ژمارە دەستەبژێرەی لە کوردستان هەیە دەتوانێت رووپۆشی ئەم هەموو میدیایە بکات؟ ئەگەر هەیە ئایا لە سەرقاڵی کاری رۆژانە و بەڕێوەبردن و بەردەوامی دەرچوون لە میدیا چەند کات هەیە بۆ خوێندنەوە و بۆ نوێکردنەوە و بۆ ئیدامە دانی ئەو عەقڵانەی کە بەردەوام ئیستیهلاک دەکرێن؟ ئایا بەشێکی ئەو قسانەی کە بەردەوام گوێمان لێ دەبێتەوە لە لێدانەوە و دووبارەکردنەوەی هەمان چەمک و دەستەواژەکان هەر جارەی بە ئاواز و تۆنێکی دەنگ بەڵام بەهەمان دەم و چاوەکان، شتێکمان پێ ناڵێت؟
• میدیای کوردستان جۆرێک سیاسی بەرهەم هێناوە کە موجامەلە دەکات، لەگەڵ ئاراستەی شەقام دەڕوات، زیاتر کار بۆ دەرکەوتن و ناوبانگ دەکات. لە کاتێکدا کاری سیاسیەکان ئەوەیە ئاراستەی شەقام و کۆمەڵگا بکەن.
• ئەو کۆچ و رۆیشتنەی کە ئێستا روو دەدات بەشێک لە هۆکارەکانی میدیای کوردستانە. بەشێکیان هانی کۆچی لاوان دەدەن لە بە دۆزەخکردنی وڵات و بڵاوکردنەوەی نائومیدی و بێ بەهاکردنی هەموو ئەو پرەنسیپانەی کە گەنج بە وڵات دەبەستێتەوە. بەشێکی تریشیان هانی کۆچ دەدەن بە ریکلام کردنیان لە نیشاندانی ئاسانی رێگاکانی کۆچ و شێواز و خاڵەکانی پەڕینەوە و جۆرەکانی پێشوازی و شێوازی گوزەران، تەنانەت بە قسەکردن لەگەڵ قاچاخچیەکان کە بە گرەنتی خەڵک دەگەیەننە ئەو بەهەشتەی مەبەستیانە.


Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە