دەربارەی کۆیلە و کۆیلایەتی

لە فەرهەنگی سیاسی کوردستان و لە ئەنجامی ململانێ ی نێوان هێزە سیاسیەکان، بە تایبەتیش لەم پەنجا ساڵەی دواییدا، چ لە کاتی ململانێ سیاسیەکانی نێوان لایەنەکان، یاخود لە کاتی بەریەککەوتنەکان، بەردەوام هەندێ چەمک و دەستەواژە لە دژی یەکتری بەکارهاتوون. ئەم چەمک و دەستەواژانە بە شێوەیەک داڕێژراون کە ئامانج لێ ی دژایەتیکردن و کەمکردنەوەی سەنگ و قورسایی یەکتری و وێناکردنێک بووە بە ئاراستەی سنوردانان بۆ رادەی میللیی بوون و کەمکردنەوەی پاڵپشتی جەماوەر لەو هێزە سیاسیانەی کە ئەم چەمک و دەستەواژانەیان بەرامبەر بەکار هاتووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک کارەکتەرێکی سەرەکی و گرنگی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان هەندێک جار لایەنێکی ئەم ململانێیانە بووە، ئەم دەستەواژە و چەمکانە لە چوارچێوەی شەڕی راگەیاندن بەردەوام و زۆر بە چڕی لە دژی بەکارهاتوون، بێگومان پارتیش لەدژی نەیارەکانی هەمان شێوازی بەکارهێناوە، بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت ئەوا زۆر کەمتربووە لەو رادەیەی کە بە بەردەوامی و بە بەرنامە بۆ کێشراوی لە دژی بەکارهاتووە و بەکاردەهێنرێت.
ئەگەر جاران ئامرازی هێرشەکان تەنها ئۆرگانە رەسمیەکان بوون لە بڵاوکراوە و ئێزگە و تەلەفزیۆن، ئەوا ئێستا دوای هاتنە ئارای نێت و سۆسیال میدیا و رۆژنامەگەری پارە واسڵکراو، بەرەکانی ئەم هێرش و جوێندان و ناوزڕاندنە بە شێوەیەک پەرەی سەندوە کە هەندیک کەس و دەزگای میدیایی، پرۆفێشنالیان تێدا وەرگرتووە و تایبەتمەند کراون بۆ دژایەتیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەردەمێکە کەسانێک و قەڵەم بەدەستانێک هەن کە لە کارگەکانی جوێن بەشینەوەدا بەردەوام جۆرەها ناتۆرە، بە تایبەتیش ووشەی (کۆیلە) و (کۆیلەبوون) بەرامبەر کادرانی پارتی و ئەو دەنگ و قەڵەمانەی پارتی بەکاردەهێنن کە بەرگری لە حیزبەکەیان دەکەن و تۆمەتەکانی ناحەزان رەتدەکەنەوە و راستیەکان بۆ خەڵک ئاشکرا دەکەن. تەنانەت هەندێ جار ئەم تەجاوزانە لە پارتیش رەت دەدەن و هێرشەکە دەکرێتە سەر خەڵکی ئەو شارانەش کە ناکەونە ژێر کاریگەری هوتاف و مەکینەکانی راگەیاندنیان.
هەرچەند دڵنیام کە بەشێکی زۆر لەو کەس و دەزگایانەی ئەو جۆرە قسە و دەستەواژانە بەرامبەرکادرانی پارتی بەکار دەهێنن لەسەر خۆیان جێبەجێ دەبێت، بەڵام گرنگیشە ئەوە بزانرێت کە ئەو کەس و لایەنانە دووچاری لەخۆگۆڕان و لێشێوانێکی وا هاتوون پێیان وایە خۆیان زۆر ئازادن و خەڵکی تر بێ ئیرادە و کۆیلەیە، بێ ئاگان و هەست پێ ناکەن، یاخود لەو ئاستە نین درک بکەن کە لووتکەی کۆیلە بوون ئەو ساتانەیە کە خەڵکی تر بە کۆیلە بزانیت.
کادر و دەنگ و قەڵەمەکانی پارتی بێ دوو دڵی، بە ئیرادەوە، بە بڕوا بەخۆبوونەوە، بە ناو و وێنە و دەنگ و رەنگیانەوە، بێ پەروا و ئازادانە بەرگری لە حیزبەکەیان و رێبازەکەیان دەکەن کە بۆ بنیاتنانی ئاییندەی کوردستان و نیشتمانی پێکەوە ژیانە. بەڵام دەپرسین ئەوانەی کە بە ناوی ئازاد بوونەوە رۆژانە لە کارخانەکانی جوێن لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان کاردەکەن لە خزمەتی چ ئەجێندا و "کۆیلە"ی کام تاقم و چ جۆرە کەسانێکن؟
خەڵکی هوشیاری کوردستان جیاوازیەکان دەبێنێت، لە کاتی پێویستیش دەزانێت چۆن بڕیار دەدات، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە دڵنیایە، رووی لە داهاتووە، گرێی دەروونی نیە، کاردەکات و خزمەتی ئێستا و داهاتووی خەڵکی کوردستان دەکات.


لە رۆژنامەی هەولیر ژمارە(٢٢٣٤)ی ١٨ تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە
http://www.hawler.in/article6528-506.htm

#Kurdistan

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە