گومان لە نەتەوە بوون.. ئەزمەی رۆشنبیرانی گۆڕان

رۆشنبیر خوێندنەوەی تایبەت و جیهانبینیەکی جیا و دیدگایێکی روونی بۆ کۆمەڵگا و دەوروبەری هەیە، ئاراستەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگا شیتەڵ و شرۆڤە دەکات. هەندێ جار ناکۆکە لەگەڵ دەسەڵات و حیزبەکانی، هەندێ جار بەشێکە لە دەسەڵات و حیزبەکانی، دەگمەنیشن ئەوانەی کە دەتوانن لەسەر هێڵی بێلایەنی بمێننەوە و رووداوەکان لە روانگەی بێلایەنیەوە هەڵسەنگێنن و بنووسنەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، جیاواز لە سیاسیەکان کە هەندێ جار دووچاری هەڵچوون و گرژی دەبن، یا لە هەندێ ساتەوەختە ناخۆشەکاندا تووشی نائومێدی دەبن، رۆشنبیران بەوە ناسراون کە هەمیشە چرای بیریان گەشاوەیە، نەخشە رێگایان هەیە و نائومێد نابن. لە زۆر کاتدا بە رەخنە و خوێندنەوەی تازە، بە پێشنیازی بونیادنەرانە رێچکەی هەڵەکان راست دەکەنەوە، لە کەسانی ئاسایی دووربین ترن و ئاسۆی روانینیان گشتگیرە. بۆ پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵگا کاردەکەن و دوورن لە گرژکردنی کەشی گشتی و قوڵکردنەوەی جیاوازیەکان.
جێگای داخە ماوەیەکە بەشێک لە رۆشنبیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو چوونەتەوە قاوغی بزووتنەوەکەیان و ئەوانیش چەشنی هەندێک لە سیاسیەکانیان دووچاری گرفتی ناوچەیی بوون هاتوون، لەکاتێکدا وەزیفە رۆشنبیریەکەیان وا دەخوازێت کە نەوەک تەنها کوردستانیانە بەڵکو بۆ مرۆڤایەتیش بیربکەنەوە. بە داخەوە ئەم رەوتە هەر بە ناوچەیی بوون ناوەستن بەڵکو گومان لەسەر نەتەوە بوونی (کورد) دروست دەکەن و بوونی (کورد) وەک نەتەوە رەت دەکەنەوە. بۆ نمونەش " نووسینەکەی بەڕێزان رێبین هەردی و ئاراس فەتاح بە ناوی – کورد بوون لە دوای ١٢ی ئۆکتۆبەرەوە - رۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ٥٠٠ ی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ ".
خوێندنەوەی لەم جۆرە نەوەک لەلایەن کوردستانیانەوە، بەڵکو لە لایەن نووسەران و دەزگا میریەکانی ووڵاتانی تریشەوە کە دەکرێت، بە زانینی پاڵنەرەکانیان و مەترسیان لە فرە نەتەوەیی ووڵاتەکانیان و هەوڵیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی نەتەوەی سەردەست، هێشتا بە ئاسایی وەرناگیرێت. نموونەی زۆر هەبوون و هەن کە حکومەتە جۆراوجۆرەکان زۆر هەوڵی لەم جۆرەیان هەبووە و هەیە، تەنها بە نووسین و لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی کتێب و رۆژنامە بە زاراوەی جیا نەوەستاون، بەڵکو هەوڵی شۆرینەوەی مێشکی نەوەکانیشیان داوە و لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتاییەوە ئەوەیان لە مێشکی منداڵان دەچاند کە ئەوەی لە عیراق بژیێت عەرەبە و ئەوەی لە سوریا بژیێت عەرەبە و ئەوەی لە تورکیا بژیێت تورکە و ئەوەی لە ئێران بژیێت ئێرانیە. ئەگەر ئەمە کاری خەڵکی تر بێت و لە بەرامبەردا بە درێژایی ساڵان بە جۆرەها شێوە بەرگری کرابێت و هەوڵی پاراستنی شوناس و ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی درا بێت، ئایا جێی پرسیار و گازاندە و گلەیی زۆر نابێت کە هاوڵاتیەکی کوردستانی، کورد زمانێک، هاونیشتمانێک، قەڵەمێکی کوردی نووس، لە ئەنجامی کار و کاردانەوەیەکی سیاسی، بگاتە ئەو جۆرە لە هەڵچوون و کۆنترۆل نەمان کە گومان لە نەتەوە بوونی (کورد) بکات و پێیان وابێت کە کورد یەک گەل و یەک نەتەوە نیە و بۆیە نابێت لە یەک چوارچێوەی سیاسی جێی بێتەوە، وە گومانی ئەوە دروست بکات کە جیاوازیەکان ئەوەندە زۆرن رەوابتی هاوبەش کۆمان ناکاتەوە و بە درێژایی مێژوو لە سەنگەری دژی یەکتری بووین. چەند بەڕێزێکی تریش پێشتر قسەیان لەوە دەکرد کە هەولێربە پایتەختی خۆیان نازانن و پێیان وایە سلێمانی غەدری لێکراوە و بە بەشێکی جیای دەزانن و جیای دەکەنەوە.
تێدەگەین بەشێک لە ئەرکە حیزبیە رۆشنبیرییەکەیان جوانکردنی سیمای بزووتنەوەکەیانە لە چاوی خەڵکدا، جوانکردنێک بە وێناکردنی کۆمەڵگایەکی نمونەیی لە کاتی دەنگ دان بە سیاسەتەکانی ئەوان. لە هەمان کاتیش ناشیرین کردنی رکابەرەکانە، بەڵام ئەم ناشیرینکردنە هەموو سنوورەکانی بەزاندووە لە بە دێوکردنی رکابەرەکان و وەسفکردنیان وەک هێزەکانی چاخەکانی ناوەڕاست کە دەیانەوێت کۆمەڵگای کوردستان بگێڕنەوە سەردەمەکانی تاریکی و نەمانی توانای پێکەوە ژیان لە گەڵیدا.
ئەم جۆرە لە کار و بەرهەمەی بەشێکی رۆشنبیران و دەزگاکانی راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، دەرکەوتەکانی بەشێوەیەک لە شێوەکان لە سەر بەشێكی ئەندامانیان بە دیار کەوتووە، جۆرێک لە فاشیەت بەرهەم هاتووە کە جگە لەخۆیان هیچ رەنگێکی تر نابینن، جگە لە دەنگی خۆیان هیچ دەنگێکی تر نابیستن و ئەوەی لەگەڵ بلندگۆکانیان چەپڵە لێنەدات واتە پاشکۆی خەڵکی ترە. رکابەرەکان بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان شوێنی نابێتەوە و دەبێ بسوتێت و نەمێنێ و بەردباران بکرێت.
هەرچەند گومانم هەیە، بەڵام هیوادارم ئەو بەڕێزانە چاوێک بە تەرزی روانین و بڕواکانیان بخشێننەوە، خۆیان لەو هەڵچوون و نائومێدیە رزگار بکەن کە لە ئەنجامی کاردانەوەیەکی سیاسی تووشی هاتوون، کار و کاردانەوە سیاسیەکان هەر جۆر و هەر چۆنێک بن بواری ئەوەی تێدا هەبووە و هەیە کە پرۆسەی سیاسی لەو گرژیە دەرچێت و روو لە رێگا چارە بکاتەوە، جا کات زۆر بخایەنێت یان کەم. بەڵام ئەوەی کە وەک رەخنە دەمێنێتەوە و ناسڕدرێتەوە و لە لایەن ئەو بەڕێزانە پێویستی بە پێداهاتنەوە و چارەسەرە سێ بابەتە، یەکەمیان، بەم شێوازە نووسینە دەبنە داهێنەر و سەرمەشقی ئەو سەرچاوانەی کە لێکۆڵیار و مێژوونوسان وەک سەرچاوەی کوردستانی مامڵەی لەگەڵ دەکەن، بە هێنانەوەی نمونە کە لە ناو کورد خۆیان و بە قەڵەمی نووسەرانیان گومانیان لە نەتەوە بوونی خۆیان هەیە. دووەمیان، سلێمانی وەک هەموو شارەکانی ترهی هەمووانە، شارێکە تەنها یەک ناسنامە هەڵناگرێت، سلێمانی گەورەیە و لە چوارچێوەی حەز و وویستی کادیرانی بزووتنەوەیەکی سیاسی بچووک ناکرێتەوە. سێیەمیان، بریندارکردنی هەست و کبریای هەر تاکێکی کوردستانی و کوردە کە قەڵەمی خۆماڵی بەم شێوەیە ئاو لە ئاشێک دەکات بۆ نائومێدی و پەرتەوازەیی و بڕوا بەخۆنەمانی نەتەوەیی، کارکردنە لە پرۆژەیەک گومان لە یەکپارچەیی گەل و نەتەوە بوونمان دروست دەکات. 

لە رۆژنامەی هەولێر ژمارە ٢٢٤٣ رۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە.

هەروەها لە ماڵپەڕی kdp.info لەم لینکە بڵاوکراوەتەوە
http://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=85018#.VjY9wyX0io0.google_plusone_share

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە