کۆنفرانسی زانستی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان


"خەباتی ئافرەت جۆشدەرەوە و وزەی خەباتی نەتەوەییمانە" ناونیشانی ئەوکۆنفرانسە زانستیەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بوو لەسەر رۆڵی ئافرەت لە شۆڕش و سەرهەلدان و کاریگەریەککانی شەڕ لەسەر ئافرەت،لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا ئەم ووتارەمان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد:
ئامادەبووانی بەڕێز..
ئەم کاتەتان باش..
بە ناوی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەستخۆشی لە یەکیتی ئافرەتانی کوردستان و هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین کە بەشدار و هاوکار و کارئاسانیان کردووە بۆ سازدانی ئەم کۆنفرانسە زانستیە تایبەتمەندە بە لێکۆڵینەوە لە رۆڵی ئافرەت وەکو بەشێکی کارا لە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی و رۆڵ و پێگەی ئەو بەشە کاریگەرەی کۆمەڵگا لە شۆڕش و سەرهەڵدان و بزوتنەوە سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکان.

جێێ ئاماژە پێدانە کە ئەم کۆنفرانسە زانستیە تەواوکەری زنجیرەیەک کاری باش و بەرچاوی یەکێتی ئافرەتانە کە لەم ماوەیەدا ئەنجامیان داوە و مانایەکی واتاداریشی هەیە کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان ساز دەکرێت، کە ئەوەش پەیامێکی گرنگی ئافرەتانە کە پێمان دەڵێت بە لێکۆڵینەوەی زانستی رووبەڕووی تووندوتیژی و جیاوازی و تەهمیش و خۆزاڵکردن دەبنەوە.

بەڕێزان..
کارکردنی بەردەوامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە بوار و کایە هەستیارەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان، برەودان بە پراکتیزەکردنی دیموکراتیەت و دادپەروەری، بەرەنگاری تووندوتیژی و وەستان لە دژی جیاوازی و جیاوازیی رەگەزی، کارکردن بۆ ئازادی بیروڕا و دەربڕین و کارکردن لە پێناو رەخساندنی هەل و دەرفەتی یەکسان، کارکردن بۆ بەشداری و نوێنەرایتیەکی شایانی ئافرەتان لە هەموو بوارەکان، جێی ستایش و پشتگیری کردنی بەردەوامە بە تایبەتیش لە لایەن ئەو ناوەندانەی کە بایەخ بە کارکردن دەدەن لەم بوارانە، کە ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام پشتگیری لە یەکێتی ئافرەتان دەکەین بۆ ئەم کارانەیان و پشتگیری لەهەر هەوڵێکی هاوشێوە دەکەین کە چالاکوانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لەم بوارانە دەیدەن، دڵنیاشین کە هەموو ئەو هەوڵانە کاریگەری باش لەسەر پرۆسەی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان دروست دەکەن و دەبنە فاکتەری بەهێزی بنەبڕکردنی هەندێ دیاردەی کۆمەڵایەتی نادروست کە دەمێکە کۆمەڵگاکەمان دووچاری هاتووە. بۆیە هیوادارین، بۆ ئەوەی بەرهەمی کارەکان زیاتر بێت، بە پێی پلان، چواچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی رێکخراوەکان و چالاکوانانی مافی ئافرەتان هەبێت، کار بەیەکەوە بکەن، پرۆژە بەیەکەوە ئەنجام بدەن، بە یەکەوە داکۆکی لە مافەکان بکەن، کە بێگومانین هەم کاریگەری و هەم ئەنجامیشی باشتر دەبێت.

بەڕێزان ..
جێی سەرنجە کە بەشێکی لێکۆڵینەوەکانی ئەم کۆنفرانسە تایبەتە بە کاریگەریەکانی شەڕ لەسەر ئافرەت، کە بابەتێکە جێی هەڵوێست لەسەرکردنە بە تایبەتیش کە ئێستا هەرێمی کوردستان لە جیاتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە جەنگێکی کراوە دایە لەگەڵ تیرۆریستان، کە لەم پێناوەش زیاتر لە ١٢٠٠ شەهید و ٧٠٠٠ برینداری هەیە، واتە لێکۆڵینەوە لە ئاسەوارەکانی شەڕ لەسەر زیاتر لە ٨٢٠٠ خێزان کە باوک یان مێرد یان کوڕ یا کەسێکی خێزانەکەی لەدەست داوە یان کەم ئەندام بووە، بە واتایەکی تر لێکۆڵینەوە لە گرانایی جەنگ لەسەر شانی ئەو ژمارە زۆرەی ئافرەتانی کوردستان کە جگە لە کاریگەریە دەروونیەکان، کاریگەری سەرپەرشتی خێزان و کارکردن و پەروەردەکردنی منداڵیشی لەسەرە. بۆیە ئەگەر لەم کۆنفرانسەش نەکرا کە لێکۆڵینەوەی زانستیی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر بکەن، هیوادارین ببێتە پرۆژە و هەر ناوەندێکی تایبەت بە ئافرەتان بە هاوکاری توێژەر و ئەکادیمیەکان لە ئاییندەدا بە ئامادەکاری باشەوە جێ بە جێی بکەن و لەگەڵ نەهامەتیی ئافرەتانی ئێزدی لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی بەرچاو و زانستیانەی بۆ بدرێت.

هیوادارین رۆڵی ئافرەت وەک کۆڵەگەی راگرتنی خێزان لە پەروەردەکردن بە بەهاکانی نیشتمان پەروەری و مرۆڤ دۆستی، ژیان وویستن و خۆشەویستی، لێبوردەیی و پێکەوەژیان، جیاوازی نەکردن و بروا بە خۆبوون، کاری زیاتری زانستیانەی ئێوەی بەڕێزی لەسەر بکرێت بۆ ئاییندەی کۆمەڵگایەک کە بروای بە یەکسانی هەبێت، بۆ ئاییندەی کۆمەڵگاکەمان بە نەمانی ئەو بەربەستانەی کە دێتە پێش رۆڵبینینی ئافرەت، ئەویش بە بەلاوەنانی کەشە کۆمەڵایەتیە نادروستەکان، بە بڕوا بوون و کارکردنمان بۆ کۆمەڵگایەکی پڕ یەکسانی و بێ جیاوازی، کارکردنمان بەیەکەوە بۆ بەهای هاوبەش و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هاوبەش و بڕوا و متمانە بە یەکتری.

دروود بۆ شەهیدانی بەدەست هێنانی مافەکانی ئافرەتان..
دروود بۆ شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد..
بە هیوای سەرکەوتنتان..
زۆر سوپاس

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە