"پێگەی سیاسی ئافرەتان لە نێوان واقیع و خواستدا"

بە بۆنەی ٨ی مارس، رۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان
تەوەری گۆڤاری گوڵان ( ژنان لە واقیعی سیاسی ئەمڕۆی کوردستاندا چ پێگەیەکیان هەیە؟ )
"پێگەی سیاسی ئافرەتان لە نێوان واقیع و خواستدا"

بە شیوەیەکی گشتی، کارکردنی ژن لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جیاوازی کەلتورەکانیەوە چۆن سەختە و بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگاکانی رۆژئاوا لە دواوەیە، ئەوا بە هەمان ئەندازە و زیاتریش کارکردن و خۆسەلماندنیان لە ناو دونیای سیاسەت بێ گرفت و بێ بەربەست نیە.

کۆمەڵگای کوردستان وەک یەکێک لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، کێشەی هاوبەشی لەگەڵ هەموو کۆمەڵگا نەریتیەکانی تر هەیە، لەپاڵ ئەوەشدا، ئەگەرچی بە شێوەیەکی هێواشیش بێت، بەڵام بزوتنەوە و رەوتە کۆمەڵایەتی و هەوڵە تاکە کەسیەکانی دەیانەوێت بە ئاراستەی کرانەوە و باشترکردنی هەندێ واقیعی کۆمەڵایەتی بڕۆن، کە ئەویش مەحکومە بە زۆر داب و نەریت و بۆماوەی هاوبەش، بەشێوەیەک هەر هەوڵێکی تازەگەری، بەبەردەوامی سنووردار دەکرێت و بوار نادرێت بە ئاسانی تێپەڕێت.

لە ئێستادا، لە نێوان ئەم دوو رەوتەدا، پێگەی ژن لە واقیعی سیاسی کوردستاندا لە شوێنێکی جێگیر نیە، لە هەڵکشان و داکشانی بەردەوامدایە، لە نێوان هەوڵەکانی ژێردەست کردن و کەوی کردن لە لایەک و سەرکێشی و ئازادی و هەوڵی لێبڕاوانە بۆ خۆ سەلماندن و زیاتر کاریگەری دروستکردن لە لایەکی ترەوە، لە پێشبڕکێدایە. ئەگەرچی ئەم پێگەیە لە ئێستادا لەو ئاستە نیە کە شوێن وویستی ئافرەتان خۆیان و لایەنگرانیان بێت، بەڵام بەردەوام بوونی رەوتەکان بە گوڕ و تینی ئێستا ئەو ئومێدە دەدات کە لە ئاییندەدا لە شوێنێکی باشتر بن.
ئەو رایەی کە دەڵێت "حزبەکانی کوردستان کەمترین بەشداری بە ژن دەکەن" بە بڕوای من رایەکی دروستە ئەگەرچی تاڵە، هەرچەندە رادەی ئەم بەشداریە لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر جیاوازە، بەڵام دەکرێت بۆهەڵسەنگاندنی پێگەی ئافرەت لە واقیعی سیاسیدا تەنها پشت نەبەسترێت بەو بنەمایەی کە پێوەر لەسەر ژمارەی ئەو ئافرەتانە دەکات کە کاری حزبایەتی و سیاسەت دەکەن وەکو کادر و سەرکردە، یان ئەوانەی کە کاری پەرلەمانی و حکومی دەکەن. بەڵکو دەکرێت هەڵسەنگاندنی پێگەی ژن، جگە لەوانەی کە باسکران، بە بەشداریشیان لە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان و رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مامۆستایانی زانکۆ و تەنانەت هەموو ئەو هەوڵە تاکە کەسیانەش بپێورێت کە لە بواری رۆشنبیری ومیدیا و کایەکانی تری کاری کۆمەڵایەتی کاردەکەن.
ئەو حزب و رەوتە سیاسیانەی کە روو لە ئاییندەن و مەبەستیان مانەوە و زامن کردنی پێگەی جەماوەریە، ناکرێت خوێندنەوەی دروست تریان بۆ رۆڵ و کارایی ژن نەبێت لە کۆمەڵگا. بارەکە دەخوازێت کە حزبە سیاسیەکان کراوەتر بن لەگەڵ ئەدا و رۆڵی ئافرەت لە ریزەکانیان، هەروها داڕشتنەوەی روانین و ستراتیژ بۆ رۆڵی ژن لە ناو ریزەکانیان و کارکردنی شێلگیرانە بۆ دەرباز بوون لە رۆڵپێدان بە ژن تەنها بۆ رواڵەت و نمایش، بەڵکو راهاتن لەگەڵ فەرهەنگێک کە ژنان بتوانن لە شوێنەکانی بڕیار بن لە هەر ئاستێک، ئەویش بە متمانە کردن و هاندانی توانا راستەقینەکان، ئەو توانایانەی بە کار و داهێنانەکانیان دەتوانن نەوەک تەنها رۆڵ لە سەرکەوتنی حزبەکان بگێڕن، بەڵکو ئاراستەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا بگۆڕن.


* لە گۆڤاری (گوڵان) لە تەوەری ( ژنان لە واقیعی سیاسی ئەمڕۆی کوردستاندا چ پێگەیەکیان هەیە؟ ) لە ژمارە ١٠٦٥ ی رۆژی ٧ ی مارسی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە