دەرباەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و چاکسازی

لەم دیمانە تایبەتەی (باس)دا، ساسان عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، قسە لەسەر پرسگەلی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و چاکسازییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات. 


(باس) پارتى چۆن خۆى بۆ راپرسى ئامادەکردووە؟ 
ساسان عەونی: كاركردن و خۆ ئاماده‌كردن بۆ هه‌ر بابه‌تێك، له‌سه‌ره‌تادا پێویستی به‌ بڕوابوون هه‌یه‌ به ‌راستی و ڕه‌وایی ئه‌و بابه‌ته‌، دوای گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ ئه‌وسا ده‌كرێتە بەرنامە و کاری بۆ دەکرێت. راپرسی، وه‌ك بابه‌تێكی چاره‌نووسساز، وه‌ك بابه‌تێك كه‌ خاڵی گۆڕانكاری وه‌چه‌رخان ده‌بێت له‌ داهاتووی كوردستان، ماوه‌یێكی درێژه‌ دوای ژێرپێخستنی بنه‌ماكانی شه‌راكه‌ت و كارنه‌كردن بەو ستوونانه‌ی كه‌ عێراقی تازه‌ی له‌سه‌ر دروست كرایه‌وه‌ و بێ ئومێدبوون له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و به‌لاوه‌نانی ده‌ستوور، لەلایەن سەرۆک بارزانی باسی لێوەکرا و له‌نێو خۆی پارتیدا باسی لێوه‌ده‌كرێت. 
بێگومان كاركردن و ئاماده‌كردنی زهنیەتی خه‌ڵكی كوردستان و جه‌ماوه‌ری پارتیه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ گرنگه‌، بابه‌تی ئاوا چاره‌نووسساز به‌ تەئكید له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا جێ به‌جێ ناكرێت، به‌ڵكو ئاماده‌كاری پێش وه‌خت و راھێنانی خه‌ڵكی ده‌وێت له‌رووی ئاماده‌یی ده‌روونی و قه‌ناعه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ ڕوو له‌ هه‌ڵنانی هه‌نگاوێكی دروست ده‌كه‌ن. باسکردن و شیکردنەوەی ئەم بابەتە لە راگەیاندن و کۆڕ و کۆبونەوەکان و ئەنجامدانی کۆنفرانس و چاپکردنی کتێب و لێکۆڵینەوە بەشێکی ئەو کارانەن و دەکرێن. له‌گه‌ڵ به‌روه‌وپێش چوونی پرسه‌كه‌ و هاتنه‌ پێشی قوناغی دیکە، پلان و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی له‌ناو هه‌موو ئۆرگانه‌كان ده‌گیرێته‌به‌ر. 


(باس) پشتیوانى پارتى و رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانى تاچه‌ند كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ئه‌و پرسه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌نجامى راپرسیه‌كه‌ش ؟
ساسان عەونی: پارتی حیزبێكی گه‌وره‌ی كوردستانە، گه‌ورەیە‌ به‌ڕێبازه‌كه‌ی، گه‌ورەیە‌ به ‌رابردوو و تێكوشان و قوربانیه‌كانی، گه‌ورەیە‌ به‌ بوونی روئیا و ستراتیژ بۆ داهاتووی ووڵات، گه‌ورەیە به ‌ژماره‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگر، گه‌وره‌یە به متمانه‌ی جەماوەر و ده‌نگده‌ری كوردستان، به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ پشتگیریكردنی پارتی به‌و قورسیاییه‌ی كه‌ هەیه‌تی كاریگه‌ری زۆر باشی ده‌بێت بۆ سه‌ركه‌وتن و سه‌رخستنی ئه‌و پرسه و ئەنجامەکانی‌. 

(باس) ئەی پرسی دانپێدانانی ووڵاتان؟ 
ساسان عەونی: ئه‌م پرسە پەیامێکی ئاشتیانەیە، به‌یانكردنی ئیراده‌ و وویستی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ ده‌ست نیشانكردنی چاره‌ونووس و شێوه‌ی ژیانی داهاتوویان، پیاده‌كرنی مافێكی سروشتی و شه‌رعیه‌ كه‌دوای 100 ساڵ له‌ فه‌رزكردن و ئاخنین له‌ قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستكرد و شێوه‌ژیانێكی به‌زۆر، خه‌ڵكی كوردستان به‌ ئاشتیانه‌ و له‌ڕێی راپرسی وه‌ڵامی ئه‌م زوڵمه‌ مێژووییه‌ بداته‌وه و رای خۆی بڵێت کە چی دەوێت.‌ گه‌یاندنی ئه‌م نامه‌یه‌، به‌یانكردنی ئه‌م ئیراده‌یه‌ بۆ ناوخۆ و ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگای نیوده‌وڵه‌تیش كارێكی گرنگه‌. ناكرێت له‌ترسی نه‌بوونی پشتیوانی بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ و دان پێنه‌نان به‌ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م پرسه‌ دوابخه‌ین و ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌هاوێین.
پرسی له‌م بابه‌ته‌ و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی وا هه‌ستیار به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و له ڕێ ی ده‌نگدانی خه‌ڵكه‌وه‌، بێگومان ده‌بێته‌ جیێ بایه‌خ و ریزگرتن و پشتگیریکردنی وڵاتانی دیموكرات و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و رێز له‌ ئه‌نجامه‌كانی ده‌گیرێت. لەم ‌سه‌رده‌مە نه‌بووه‌ پرۆسه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ ئه‌نجام درابێت و رێز له‌ ئه‌نجامه‌كانی نه‌گیرابێت. 

(باس) باشە سه‌ربه‌خۆیی ئابوورى و دیاریكردنى سنوور و بوونى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ پێشه‌وه‌ى شه‌ڕى تیرۆر تاچه‌ند كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌نجامى راپرسى ده‌بێ به‌ (به‌ڵێ) دەبێ‌؟ 
ساسان عەونی: بێگومان ئه‌وانه‌ هه‌مووی متمانه‌ و دڵنیاییه‌كی زۆرتری بۆ خه‌ڵكی كوردستان دروست كردووه‌، به‌ڵام به‌بڕوای من هێشتا پێویستی به‌ هه‌وڵی زیاتری بژارده‌ سیاسی و رۆشنبیریه‌كە و میدیا و ئه‌و ده‌زگایانه‌ هه‌یه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر دروستكردنی رای گشتی ده‌كه‌ن. نابێ كاریگه‌ری ئه‌و میدیا و ده‌زگایانه‌ش نادیده‌ بگیرێت كه‌ به‌ ئاراسته‌ی دژی ئه‌م ره‌وته‌ كار له‌سه‌ر نائومێد كردنی خه‌ڵك و نه‌مانی ئینتما و بڵاوكردنه‌وه‌ی بێ هیوایی و ره‌شبینی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ له‌پێناو چی و بۆ ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن! به‌ڵام هه‌ر په‌یوه‌ست به‌ پرسیاره‌كه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ پێویستی به‌پلانی زانستنی گونجاو تره‌، ئالیه‌ته‌كانی ده‌ربازبوونه‌ لەوقه‌یرانە دارییه‌ی‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك‌ دروست كردووه‌ و پرسیاری گرنگی لای خه‌ڵك وروژاندووه‌. 

(باس) ئەی ناكۆكیه‌ سیاسیه‌ ناوخۆییه‌كان نابێتە لەمپەر‌؟ بۆچى گۆڕان ئاشتناكه‌نه‌وه‌ و نایخەنەوە ناو پرۆسه‌ى سیاسى ؟ 
ساسان عەونی: ناكۆكی سیاسی نەوه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگاش دروست ده‌كات، به‌ تایبه‌تی له‌ كوردستان، كه‌ ژیانی سیاسی و كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر تێكه‌ڵاوه‌ و سیاسه‌ت بۆته‌ كاری هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و ته‌نها كاری بژارده‌یه‌ك نیه‌، بۆیه‌ له‌م جۆره‌ كۆمه‌ڵگایه‌ هه‌بوونی ناكۆكی سیاسی کار‌دانه‌وه‌ له‌سه‌ر پرس و بابه‌تی تریش دروست ده‌كات.
به‌ڵام له‌وه‌ی كه‌ئایا پارتی له‌م بابه‌ته‌ به‌رپرسیاره‌، پێم وانیه‌ ته‌نها پارتی له‌م بابه‌ته به‌رپرسیاربێت، پارتی به‌ڕێژه‌یه‌ك به‌رپرسیاره‌ له‌م بابه‌ته‌ و بۆ ئه‌مه‌ش روئیا و بینین و روونكردنه‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌ و نایشارێته‌وه‌ و به‌رپرسیارێتیش هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی دیکەش به‌رێژه‌ی خۆیان و زیاتر هۆكار و به‌رپرسیارن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان له‌ قه‌باره‌ی خۆیان و زیاتر كار له‌سه‌ر قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی نا ئارامی ده‌كه‌ن، ئه‌م ناكۆكیه‌ سیاسه‌ له‌دوای 23ی حوزه‌یرانه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، ئاشكراشه‌‌ كه‌ 23ی حوزه‌یران چ پیلانێك بوو له‌دژی پارتی و ژێرپێنانی ئەو ته‌وافقە سیاسیەی کە پەرلەمان و حکومەتی پێ دروستکرابوو، بۆیه‌ وه‌كو پارتی ئه‌م گرێبه‌سته‌ سیاسیه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه‌ی كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی گرژی و ناكۆكیه‌كانی كوردستان بوون. 
جگە لەوەش لایه‌نی سیاسی هه‌یه‌ كه‌سوود له‌ ناكۆكی نێوان دوو لایه‌نی دیکە وه‌رده‌گرێت، لایه‌نی دیکەیش هه‌یه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ و جیهانبینی خۆی له‌سه‌ر گرژی و ناكۆكی و ناسه‌قامیگری شه‌قامی كوردستان و گوتاری دژ بوون بونیاد ناوه‌ و ناتوانێ له‌و نه‌هجه‌ی ده‌ربازی ببێت، ئه‌وانه‌ هه‌مووی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان هه‌یه‌.
وه‌كو پارتی پێشتریش ئه‌وه‌مان راگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیکە ئاماده‌ی دانیشتن و گفتوگۆی بێ مەرجین و بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش هه‌نگاوی كرده‌ییمان هه‌بووه‌. به‌ڵام لایه‌نی دیکە له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك كه‌ نه‌توانێت هه‌نگاوی هاوشێوه‌ی پارتی بنێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ئه‌وان خۆیان به‌رپرسیارن. هیوادارین هه‌موو هێزه‌ سیاسیەکان رۆڵی خۆیان ببنین بۆ ده‌ربازبوون له‌و چه‌ق به‌ستووییەی کە‌ هه‌یه‌.

(باس) ئه‌گه‌ر كورد له‌و ده‌رفه‌ته‌دا كه‌ پشتیوانى هاوپه‌یمانیه‌كى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ بۆ شه‌ڕى تیرۆر كه‌ڵك وه‌رنه‌گرێ پێتانوایه‌ كه‌ دواجار زیانێكى گه‌وره‌ بكات و پرسى سه‌ربه‌خۆیی بۆ زه‌مه‌نێكى دوور دوابخات؟
ساسان عەونی: پرسیاره‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستان لە ئێستادا كار له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆی نه‌كه‌ن ده‌بێ چاوه‌ڕێ چی بكه‌ن؟ لە مێژووی تازەدا، چ میلله‌تێكی دونیا هه‌یه‌ بێ وویست و ئیراده‌ی خۆی بۆ ماوەی سەد ساڵ خزێندرابێته‌ كیانێكی ده‌ستكرده‌وه‌ و مافه‌كانی نكۆڵی لێكرابێت، نه‌وه‌ك وه‌كو هاوڵاتی پله‌ دوو و پله‌ سێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل نه‌كرابێت به‌ڵكو مافی ژیانی بێ ره‌وا نه‌بینرابێت. له‌داوی ساڵی ٢٠٠٣ەوە له‌عێراقی تازه‌دا كه‌بۆته‌ ووڵاتی فیئه‌یه‌كی دیاركراو، کورد نه ‌وه‌ك شه‌ریك نه ‌وه‌ك هاوڵاتی پله‌ یه‌ك ره‌فتاری له‌گه‌ڵ ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێ تەحەممولی (تابع) بوون بکات و چی به‌رامبه‌ر كرا ده‌بێت قبوڵی بكات.
من دەپرسم چ میلله‌تیك هه‌یه‌ ئه‌مه‌ تا سەر قبوڵ بكات؟ ئەگەر خەڵکی كوردستان مافەکانیان زامن نەکرێت بۆ دەبێت گلەییان لێبکرێت کە كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی دە‌كه‌ن؟ ئایا رەوایە کە ته‌نها ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی دیکە نه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وە؟ ئه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان؟ تاكه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ببنه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیەکانی خه‌ڵكی دیکە؟ 
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش پێم وایه‌ ئه‌م پرسه‌ زۆر چۆته‌ پێشه‌وه‌ و قوناغی زۆر باشی بڕیوه،‌ به‌تایبه‌تی له‌ ئاماده‌یی و راهاتنی خه‌ڵكی کوردستان بۆ کارکردن لەسەرئه‌م پرسه‌ و هەروەها تێگەیشتنی ووڵاتانیش لەم داخوازیە کە مافێکی رەوایە و زۆر ووڵاتیش پشتگیری خۆیان بۆ ئەم پرسە نەشاردۆتەوە.

(باس) ئایا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌سه‌ر حسابى وڵاتانى دیکە دەبێت بە تایبەتی ووڵاتانی ئیقلیمى ؟
ساسان عەونی: نه‌خێر، ئه‌م پرسە له‌سه‌ر حیسابی هیچ ووڵاتێكی دیکە نیه‌، پرسێكی تایبه‌تی باشووری كوردستانه‌ له‌ ووڵاتی عێراقدا، هیچ سنوورێكی نێو ده‌وڵه‌تی ده‌ستكاری ناكرێت، سەبارەت بە سنوورەکان و هێڵی برۆکسل و سنووری رۆژهەڵات و رۆژئاوا کار بە پەیمانە نێودەوڵەتیەکان دەکرێت، ته‌نها جوگرافیای كوردستان له‌گه‌ڵ بەشە عەرەبیەکەی عێراق دیاری ده‌كرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌كرده‌یی له‌گه‌ڵ هێرشی تیرۆرستانی داعش به‌خوێنی رۆڵه‌كانی كوردستان دیاریكراوە. ئێستا کە هەرێمی کوردستان ووڵاتی ئەمری واقیعە، سیاسەتەکەی لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمیەکان سیاسەتی ئاشتی و ریزگرتن و پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشە، سیاسەتی دەست تێوەرنەدانە لە کاروباری نێوخۆیی، سیاسەتی لەیەکتری گەیشتن و هاوکاریە. بە بۆچوونی من ئەم سیاسەتە لە داهاتووشدا درێژەی پێدەدرێت و بەردەوام دەبێت، وەک چۆن لە ئێستادا کوردستان فاکتەری سەقامگیری و نیشتمانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانە. 

(باس) تاچه‌ند بۆ كورد گرنگه‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانى راپرسى گفتووگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات؟ 
ساسان عەونی: مه‌بده‌ئی گفتوگۆ هه‌میشه‌ سوودی هه‌یه‌ و پێویسته‌ به‌رده‌وام پێداگیری له‌سه‌ر بكه‌ین جا بۆ ئه‌م پرسه بێت یان‌ هه‌ر بابەتێکی دیکە كه‌ پێویست به‌گفتوگۆ بكات. گفتوگۆ پێویستی به‌ دوولایه‌نی هاوسه‌نگه‌ كه‌ رێز له‌ بۆچوونی یه‌كتری بگرن و هه‌وڵی گه‌یشتن به‌خاڵه‌ هاوبەشه‌كان بده‌ن. ئەوەی گرنگە ئەم گفتوگۆیە دەبێت گفتوگۆی سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان بێت، داهاتووی ئەم نیشتمانە کارکردنی هەموو پێکهاتەکانی پێویستە. 
به‌ڵام به‌ بڕوای من بەغدا ده‌مێكه‌ ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی قبوڵ نیه‌ و حه‌ز له‌ناوه‌ندێکی به‌هێز و حوكم كردنی به‌زۆر و كوردستانێكی لاواز ده‌كه‌ن. من دەپرسم ئه‌گه‌ر ناوه‌ندێك بڕوای به‌ گفتوگۆ و پێكه‌وه‌ ژیان بێت، بودجه‌ و موچه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌بڕێت؟ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌كاتی گه‌یشتنی فرۆكه‌ی تازه‌ تا چیاكانی کوردستان ناوه‌ستن؟ حكومه‌ت بێ رای دووەمین پێكهاته‌ی ووڵات‌ دروست ده‌كات؟ بنه‌ماكانی ئه‌و ده‌ستووره‌ پیشێڵ ده‌كات كه‌مه‌رجی یه‌كپارچه‌ییه‌؟ رێگری دەکات لە گەیشتنی هاوکاری سەربازی بۆ شەڕی تیرۆریستان؟ بۆیه‌ ئاشکرایە به‌غدا بڕیاری خۆی داوه‌ و خەڵک ئەو راستیە دەزانێت، بۆیە تا ئەو کاتەی پێویستە و بەرهەمدارە با گفتوگۆ بکرێت. 

(باس) كوردستان وه‌كو ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، له‌ دۆخێكدا رێگرى هه‌بن له‌ راپرسى ده‌توانێ به‌ بێ راپرسى ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌نێ؟ 
ساسان عەونی: بێگومان ده‌توانێت، مه‌رج نیه‌ كه‌ راپرسی پێش راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجام بدرێت، ده‌یان نموونه‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌ن له‌جیهان كه‌ راپرسیان نه‌كردووە و ده‌وڵه‌تیشیان راگه‌یاندووه‌ و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ش ئیعترفایان پێ كراوه‌. بۆیە هه‌ر كاتێك زه‌مینه‌ی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت ره‌خساو بێت به‌بێ (راپرسیش) ده‌كرێ رابگه‌یه‌نرێت. 

(باس) بەڵام هه‌ندێ لایه‌ن ده‌ڵێن زه‌مینه‌ گونجاو نییه‌ یان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان بیانویان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ پێتانوایه‌ کاریگەری هەبێت لەسەر ئەنجام دانی راپرسى؟ 
ساسان عەونی: من پێم وایه‌ كات دره‌نگه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌وه‌ك زه‌مینه‌ی گونجاو نیه‌. نازانم مه‌به‌ستت چ لایه‌نێكه‌، به‌ڵام هه‌ر لایه‌نێك كه‌ ئه‌م روانینه‌ی هه‌بێت داوا لێكراوە كه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ به‌رامبه‌ر میلله‌ت و رای گشتی روون بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ له‌گه‌ڵ پرسی سه‌ربه‌خۆیی و راپرسی نین‌. سەربەخۆیی ده‌بێتە به‌ ئه‌نجام گه‌یشتن و ترۆپكی خه‌بات و تێكۆشانی سه‌دان ساڵه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، چ هێزێكی سیاسی هه‌یه‌ بتوانێ یاری له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌ بكات و پاساوی هەبێت؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وشدام نه‌وه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌م پرسه‌، کە گرنگترین پرسی چاره‌نووسسازه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌كۆ ده‌نگی نیشتمانی هه‌یه‌، یه‌كریزی و لێك گه‌یشتن پارێزراو بن چونکە هۆكاری باشتری جێبه‌جێ بوونن. هیوادارین هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌به‌ر هۆكاری شه‌خسی و حیزبی له‌م كاروانه‌ دانه‌بڕێت كه‌ نزیكه‌ له‌ گەیشتن بە ئاکام. 
بەڵام دەبێت ئەوەش باس بکرێت کە کەسانێک هەن بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە گەشت و سەردانیان بۆ هەندێ ناوەند لە دەرەوەی ووڵات بۆ رێكدەخرێت، ئەگەرچی بۆ میدیاش بێت، بەڵام ئەوەندەی قسە لەسەر ناکۆکیە سیاسیەکان و دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، ناتوانن و جورئەت ناکەن باس لە زەرورەتی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی بکەن و قەڵسن بەوەی کە پارتی بزوێنەر و ئاڵا هەڵگری ئەم پرسەیە.

(باس) ئەی زۆر جار پرسى چاكسازى و راپرسى به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ پارتى له‌م قۆناغه‌ پرسى چاكسازى تاچه‌ند به‌ گرنگ ده‌بینێ؟ 
ساسان عەونی: چاكسازی پرسێكی حەیاتیی دامه‌زراوه‌كانه‌، هیچ دامه‌زراوه‌ و ده‌زگایه‌ك به‌بێ چاكسازی توانای به‌رده‌وام بوونی نیه‌. پرۆسەیەکی گشگیر و هەمەلایەنەیە و بەردەوامە، بۆیه‌ پارتی زۆر به‌جدی له‌م بابه‌ته‌ ده‌ڕوانێت و كاری له‌سه‌ر ده‌كات. بێگومان پرۆسەی لەم شیوەیە به‌ربه‌ستیشی هه‌یە، كه‌س و گروپ هه‌ن كه‌ پرسی چاكسازی له‌به‌رژه‌وه‌ندیان نییه‌ و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان سنووردار ده‌كات بۆیە هەوڵی ساردکردنەوە و بەلاڕێدابردنی دەدەن، به‌ڵام ئەوەی گرنگە ئیرادەی چاکسازیە کە زۆر بە هێزە و ئایینده‌ و به‌رژه‌وه‌ندی پارتیە کە له‌سه‌رووی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دیکەیە. 

(باس) باشە به‌ دیدى ئێوه‌ چاكسازیه‌كانى ئه‌مجاره‌ى پارتى چ له‌ حزب یان له‌ حكومه‌ت له‌ چ ئاستێكدا ده‌بن، ده‌بن به‌ وه‌ڵامێكى جدى بۆ خه‌ڵكى كوردستان؟ 
ساسان عەونی: ئه‌و چاكسازیانە، جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی له‌چه‌ندین كۆبوونه‌ و دیمانه‌دا زۆر راشكاوانه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه‌ و ئاستەکانی دیاریکردووە، بڕوام هه‌یه‌ كه‌ وه‌ڵامی جدی داواكاریه‌كانی خه‌ڵك ده‌بن. 

(باس) بەڵام پارتى له‌ ناوخۆیدا ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌ و ده‌توانێ چاكسازى بكات، له‌ حكومه‌تیش ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌یه‌؟ 
ساسان عەونی: به‌ڵێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتەی‌ هه‌یه‌، چونكه‌ پارتی به‌شێكی به‌هێزه‌ له‌ولایه‌نانه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان پێك هێناوه‌، لە رێی دامه‌زراوه‌ تایبه‌تی و پسپۆڕیەکانی وه‌كو ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ و داواكاری گشتی و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری. جگە لەمە جەنابی سەرۆکی هەرێم وەک بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکار دەتوانێت بڕیار و لیژنەی تایبەت بۆ هەر بابەتێک دروست بکات و دەزگا پەیوەنددارەکان رابسپێرێت بۆ بە دواداچوون. 

(باس) بەڵام به‌ بڕواى ئێوه‌ گۆڕینى كه‌سه‌كان له‌ به‌رپرسیاریه‌تى چاكسازیه‌، چاكسازى جدى چۆنه‌؟ 
ساسان عەونی: چاکسازی پرۆسەیەکی گرنگی نیشتمانی گشتگیری هەمەلایەنەیە، پرۆسەیەکە پێویستی بە ئیرادە هەیە، پێویستی بە بەردەوامی و هەڵسەنگاندن و پێداهاتنەوە و کەسانی دڵسۆز و پسپۆڕ هەیە. لە چاکسازیدا کار لەسەر دامەزراوە، کەس، نەهج، شێوازی کارکردن دەکرێت، بۆیە گۆڕانكاری له‌كه‌سه‌كان، له‌ نه‌هج و له‌ ئەدای كاركردن بێگومان چاكسازین، لادانی كه‌سێكی گه‌نده‌ڵ و دادگاییکردنی دزێک، دانانی كه‌سێكی پاك له ‌شوێنی به‌رپرسیارێتی به‌شێكی گرنگی پرۆسه‌ی چاكسازیه‌. ئەم پرسە لە نێو خەڵک و بنکەی جەماوەری و کادرانی پارتیدا بایەخێکی زۆری هەیە و قسەی لەسەر دەکرێت و بە ئومێدەوە لە بڕیار و نەخشەڕێگای سەرۆک بارزانی دەڕوانن.

ئەم چاوپێکەوتنە لە ژمارە ٢٨١ ی رۆژی ١٢ی نیسانی ٢٠١٦ی هەفتەنامەی باس بڵاوکراوەتەوە.
http://www.basnews.com/index.php/so/interviews/270383?fb_action_ids=10204481207710332&fb_action_types=og.shares#.VxKU3s3vOgY.facebook

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە