ئامادەیی ، هۆکارێک بۆ سەربەخۆیی


-١-
سایکس بیکۆ ئەگەرچی دابەشکردنێکی بەرژەوندخوازانەی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا و فەرەنسا بوو بۆ ئەو بەشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە چەندین سەدە بوو لە ژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عوسمانی دا بوو، بەڵام لێکەوتە و ئەنجامەکانی بۆ چەند میللەتێکی ناوچەکە کارەساتی گەورەی بەدواوە بوو. ئەگەر بۆ میللەتی کورد تەنها بووە هۆی جارێکی تر دابەشکردنەوەی خاکەکەی ، بەڵام بۆ هەندێ نەتەوەی تری وەک ئەرمەن و ئاشوریەکان بووە هۆی داخستنی فایلی گەورەی کۆمەڵکوژی و راگواستنیان لەسەر خاکی خۆیان، کە لە ئەنجامدا بوونە دوو میللەتی بێ خاک و بەردەوام هەڕەشە لێکراو. بۆیە زەرەرمەندە گەورەکانی سایکس بیکۆ بە پلەی یەکەم ئەرمەن و ئاشوریەکان و میللەتی کوردن.
ئەوەی جێی سەرنجە کە ئەو رێککەوتنامەیە بۆ دوو میللەتی تری ناوچەکە بووە خاڵی وەرچەرخان و هۆکار بۆ دروستبوونی دەوڵەت. عەرەب ئەگەرچی بەردەوام خۆیان بە قوربانی دەستی سایکس بیکۆ نیشان دەدەن، بەڵام بە هۆی ئەم رێکەوتنەوە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە خاوەنی چەندین دەوڵەتی نەتەوەیی، کە ئەگەر هەر سەرنجێک لەسەر جۆر و شێوازی دروستبوونەکە هەبێت، بەڵام لە ئەنجامدا دەوڵەتی نەتەوەیی عەرەبن. سوودمەندی دووەم لەو رێکەوتنە جووەکان بوون کە لە دوای سەدان ساڵ لە پەرت بوون و هەڕەشەی لەناوچوون، دوای ساڵێک لە رێکەوتنەکە لە ساڵی ١٩١٧ بەڵێنیان پێدرا کە ببنە خاوەنی نیشتمان و دواتریش دەوڵەتی سەربەخۆ.
جگە لە بەرژەوەندیی، فاکتەری ئامادەیی، ئامادەیی بژاردەی سیاسی و میللی لەسەروبەندی گۆڕانکاریە گەورەکان، هۆکاری هەرە گرنگی گەیشتنی میللەتانن بە مافی چارەنووسیان. ئامادەیی عەرەب و جولەکە لەسەروەختی گۆڕانکاریەکان لە سایکس بیکۆ و نائامادەیی ئەرمەن و ئاشوری و کورد لەو سەردەمانەدا، عەرب و جولەکەی کردە خاوەنی دەوڵەت و ئەرمەن و ئاشوریەکانی دوای کۆمەڵکوژی روو بە رووی راگواستن و کوردیشی بە چارەنووسی دابەشکردن سپارد.

-٢-
هۆشیاربوونەوە بەرامبەر سیاسەتی لکاندن و توانەوە و رەتکردنەوەیان، یاخیبوون و گرتنەبەری شۆڕش و بزووتنەوەی چەکداری کردە رێگای میللەتی کورد لەو پارچانەی کە بەسەری دابەشکرا. بەڵام جارێکی تر نائامادەیی بووە یەکێک لەو فاکتەرانەی کە شۆڕش و بزووتنەوە چەکداریەکانی ساڵانی بیست و سیەکانی سەدەی بیستەم رووبەرووی شکان و کۆمەڵکوژی ببنەوە.
لە ئەنجامدا دوای ٣٠ ساڵ لە سایکس بیکۆ، پارتی دیموکراتی کوردستان بە رێبەریی (مستەفا بارزانی) لە ساڵی ١٩٤٦وە بووە ئەو بزاڤە سیاسی و شۆڕشگێڕیەی کە یەکێک لە کارەکانی بووە دروستکردنی ئامادەیی سیاسی و میللی خەڵکی کوردستان و پاراستنی ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی میللەتی کورد و پێکهاتەکانی تری کوردستان و دیاریکردنی پانتایی خاکی کوردستان وەک نیشتمانێک بۆ هەمووان.
لەوساوە تا ئێستا، دوای ٧٠ ساڵ لە تەمەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ١٠٠ ساڵ لەو رێکەوتنە نادادپەروەرە، دوای سەدان هەزار قوربانی و تێکۆشانێکی بێ سرەوتنی خەڵکی کوردستان و بزوتنەوە سیاسیەکەی، دوای بەڕێکردنی زۆر قۆناغی جیا و گونجان لەگەڵ سەردەمەکان و خۆڕاگری و سەرکەوتن، لەبەردەمی ئەگەری گۆڕانکاریێکی گەورەی دیکە و رێکەوتنێکی نوێی نێوان زلهێزەکانین.

-٣-
دوای ٢٥ ساڵ لە راپەرین و خۆبەڕێوەبردن، ئامادەیی میللی لە ململانێی مانەوە و خۆسەلماندن، گۆڕراوە بۆ سەربەخۆیی، ئەم ئامادەییە میللیە ئەگەرچی هیوایێکی زیندووەی هەر تاکێکی کوردستانی بووە، بەڵام بە کارکردنی بزووتنەوە سیاسیەکە و بژاردەکەی، لە قۆناغی تەنیا هیوا بوونەوە خەریکە بنچینەکانی دەچەسپێ و نزیک دەبێتەوە لە گەیشتن بە ئاکام.
لە مێژووی میللەتان دروستکردنی ئەم ئامادەیی و ئامادەبوونە میللیە بۆ سەربەخۆیی، کاری سەرکردە و رێبەرە کاریزماتیک و حەکیمەکانە کە دەتوانن لە دژوارترین ساتەوەختە مێژووییەکان، ئەم وویستە لە ناخی خەڵکدا دروستبکەن و بە رێگا راستەکەدا ئاراستەی بکەن. سەرکێشی ئەم بزووتنەوە سیاسیەی ئەمڕۆش بەرەو سەربەخۆیی و دروستکردنی ئامادەیی و خۆداماڵین لە پاشماوەی ١٠٠ ساڵ لە زوڵمی مێژوویی سایکس بیکۆ، سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانن.
ئەگەرچی هەڵمەتێکی هەرێمی و (بەداخەوە) کوردستانیش کار لەسەر بێ هیوابوون و نائومێدی و رەشبینی دەکەن، تا لە ئەنجامدا هەستی نائامادەیی و نا ئامادەبوون لە نێوناخی کوردستانیان بەرامبەر گۆڕانکاریە گەورەکان دروستبکەن و بانگەوازی سەربەخۆیی وەک پروپاگەندە لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئاشکرایە کە رەوتی سەربەخۆخوازی و بڕوابەخۆبوون و هەستکردن بە شانازی نەتەوەیی و نیشتمانی گەیشتۆتە ئاستێک، کە پرسی سەربەخۆیی نە رێگای لێ دەگیرێت، نە دەشتوانرێت رەوتی رۆژگار بوەستێنرێ و مێژوو بۆ دوا بگەڕێنرێتەوە.
رێبوارانی رەوتی سەربەخۆیی لە داهاتوو شانازی تۆمار دەکەن، ئەوانەش کە دەڵێن پروپاگەندەیە، وەک چۆن ئێستا پاساو بۆ رابردوو دەهێننەوە، لە ئاییندەش دەبێت پاساو بۆ ئێستا ئامادە بکەن.

لە گۆڤاری گوڵان ژمارە ١٠٧٦ی رۆژی ٣٠ی مایسی ٢٠١٦ لە تەوەری (سەربەخۆیی کوردستان و دوژمنەکانی) بڵاوکراوەتەوە.

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە