پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێ، پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات. 
ساسان عەونی بەرپرسی دەستەی رێكخراوە جەماوەرییەكانی پارتی لە دیمانەیەكی "وشە"دا ئاشكرای دەكات، "لە كۆمەڵگەی كوردستاندا حزب رێگرە لە هاتنە پێشەوەی گەنجان"، هاوكات گەنج بە كەمتەرخەم دەبینێ لە پێشخستنی تواناكانی خۆیدا.


لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی بارزانی لە ناو حزبدا، زانیاری هەیە كە لەناو رێكخراوەكانی جەماوەریی كۆمەڵێك چاكسازی ئەنجام دەدەن، بە نیازی چین لەو رووەوە؟
ساسان عەونی:دوای بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی بۆ چاكسازیی ناو ڕیزەكانی حزب و پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی تایبەتمەند بۆ بوارە جیاجیاكان، یەكێك لەو لیژنانە تایبەت بوو بە رێكخراوە جەماوەرییەكان، ئەو لیژنەیە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ئۆرگانە تایبەتمەندەكانی ناو حزب لە سەركردایەتیی پارێزگاكان و لقەكان و ناو دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەیییەكان و سكرتاریەتی رێكخراوەكان و خەڵكی تایبەتمەند لەو بوارە، زنجیرەیەك كۆبوونەوە و دیدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و گفتوگۆی ساز كرد، لە ئەنجامدا كۆمەڵێك پێشنیاز بۆ داهاتووی كاری رێكخراوەكان گەڵاڵە كرا و خرایە بەردەستی مەكتەبی سیاسی، دوای دەوڵەمەندكردنی، پەسند كراوە بۆ جێبەجێكردن لە ماوەكانی داهاتوودا.
وردەكاریی پێشنیازەكان خۆی لە چیدا دەبینێتەوە؟

ساسان عەونی:هێشتا زووە باس لە وردەكاری بكەین، بەڵام چاكسازییەكە هەموو لایەنەكانی پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی رێكخراوەكان دەگرێتەوە.

پێتان وایە كاتی ئەو جۆرە كارەی رێكخراوەیی بەسەر چووە؟ ئەی تێڕوانینی نوێتان بۆ رێكخراوە جەماوەرییەكان "ئافرەتان، لاوان، قوتابییان" بۆ ئایندە چییە؟

ساسان عەونی:هەر سێ رێكخراوی قوتابییان و لاوان و ئافرەتان لەگەڵ ئەوەی ئازادن لە ئەنجامدانی كاری رێكخراوەیی و نوێنەرایەتیكردنی توێژەكانی خۆیان، بەڵام هاوكات بەشێكی گرنگ لە پەیكەری پارتی پێك دێنن و تەمەنێكی درێژیان هەیە لە خەباتكردن لە ژێر سایەی پارتیدا. ئەم تێكەڵاوی و مێژووە، كۆمەڵێك خەسڵەت و جیاكەرەوە و پرەنسیپ دەبەخشێتە رێكخراوە جەماوەرییەكانی پارتی كە جیایان دەكاتەوە لەگەڵ رێكخراوەكانی تر، بەرچاوڕوونیشی بە پارتی داوە بۆ چۆنیەتیی رۆڵبینینی ئەو رێكخراوانە لە كۆمەڵگە كە ئەویش جیایە لە دنیابینیی حزبەكانی تر. 
بەشێوەیەكی گشتی ئەم رێكخراوانە لە چەند بوارێك گرنگە چالاك بن، لە كاركردن لەسەر پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی، لەسەر پرسی قووڵكردنەوەی چەمكی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە كوردستان، راهێنان لەسەر میانڕۆیی و دووربوون لە توندڕۆیی، لەسەر پرسی كرانەوە و جیاوازی نەكردنی رەگەزی و رۆڵبینینی ئافرەت، لەسەر پرسی دیموكراسی و كۆمەڵی مەدەنی و فرەیی و قبووڵكردنی جیاوازییەكان، برەودان بەكاری خۆبەخشی و توانای خۆبەڕێوەبردن.

پارتی دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە ناو كۆمەڵگەی كوردستان چیی دەست بكەوێت؟
ساسان عەونی:پێش ئەوەی باس لە دەستكەوتەكانی پارتی بكەین، وا باشترە باس لەو ئەركە گەورانە بكەین كە لەسەرشانی پارتییە بەرامبەر كۆمەڵگەی كوردستان. پارتی حزبێكە خاوەنی پرسی گەورەیە و لە پێناوی كێشەی رەوای میلەتێك دامەزراوە، كێشەكانی كۆمەڵگەی كوردستان كێشەی پارتین و كاركردنی پارتی بۆ گەیاندنی كۆمەڵگە بە ریزی كۆمەڵگە پێشكەوتوو و خۆشگوزەرانەكان، بۆ بەدەوڵەتبوونی كوردستانە، ئەمانەش هەمووی لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژ و سیاسەتانەی كە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی كاری پێ دەكەن، بێگومان بەربەست و ئاستەنگیش هەن، بەڵام ئەوەی گرنگە پارتی بۆ ئەم ستراتیژە كار دەكات. تاكە دەستكەوتی پارتیش لەم بوارە كە مەزنترین دەستكەوتە و هیچ دەستكەوتێكی تری پێ ناگات، متمانەی خەڵكی كوردستانە بە پارتی و دەنگدانە پێی و هێشتنەوەیەتی وەك هێزی یەكەمی كوردستان.

دەستكردن بۆ چاكسازی لەناو ئۆرگانە جیاوازییەكانی پارتی، پێتان وایە ئایندەی ئەو حزبە بەرەو كوێ دەبات؟
ساسان عەونی:هەر پرۆسەیەكی چاكسازی و نوێبوونەوە لە دامەزراوە و رێكخراوەكان، دەستەبەری بەردەوامبوون و فراوانبوون و تەندروستی باشی رێكخراوەیی مسۆگەر دەكات. پارتی حزبێكە روو لە داهاتووە، چەندی كار لە ئێستە دەكات، ئەوەندەش خۆێندنەوەی بۆ ئایندە و پێشهات و ئاڵۆزییەكان هەیە و خۆی و كادرانی بۆ ئامادە دەكات، بۆیە چاكسازییەكان دەچێتە ئەو خانەیە و خۆ ئامادەكردنێكی تری پارتییە بۆ ئایندە و باشتربوون. 

بەڕوونی هەست دەكرێت رێكخراوە جەماوەرییەكان ئێستە لەناو كۆمەڵگە دابڕاون، ئایا بەو چاكسازییانە دەتوانن ئەو رێكخراوانە بۆ سەردەمی زێڕینی خۆیان بگێڕنەوە؟
ساسان عەونی:ناتوانم بڵێم ئەم رێكخراوانە دابڕاون، چونكە دەبێتە بێ ویژدانی بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونی هەزاران كادر كە بەردەوام كار لەو رێكخراونە دەكەن، بە واتایەكی تر بە مانای دابڕانی پارتی دێت لە كۆمەڵگە كە ئەمەیشیان دروست نییە، لەبەرئەوەی چاومان لە باشترینە، دەكرێ بڵێین كەموكوری هەیە لە گەیشتن بەو باشترینە. لەبەرئەوەی كاری رێكخراوەییش بەرهەمی مرۆڤە، بۆیە هەندێ جار كەموكوڕی دەبێت، بەڵام گرنگ هەبوونی ویستی چارەسەری و نەهێڵانی كەموكوڕییەكانە، خۆشبەختانە پارتی ئەو ویستەی هەیە، بەڵام جیاكەرەوەی پارتی ئەوەیە كە لە چارەسەریی پشوو درێژە و بوار بە كەسانی ناو رێكخراوەكان دەدات بۆ چاككردنەوە و چاكسازی، ئەمەش جۆرێكە لە پەروەردە و راهێنانی كادران بۆ چارەسەری كێشەكان و تاقیكردنەوە و خۆڕاگری و بەدیاركەوتنی خەسڵەتەكانی سەركردایەتیكردن. 
بەڵام لە كاتێكدا ئەگەر كەسانی ناو ڕیكخراوەكان لەو ئاستەدا نەبوون كە ئەو ڕۆڵە بگێڕن، ئەوا بەدڵنیایییەوە پارتی بەگرتنەبەری رێكاری گونجاو چارەسەری كێشەكان دەكات. كە تەماشای رابردووی ئەم رێكخراوانە دەكەین، چەندان سەردەمی زێڕین هەن، نەك تەنیا یەك سەردەمی زێڕین، بەڵام نابێت ئەوەش نادیدە بگیرێت كە زۆر فاكتەر هەن لە دروستكردنی سەردەمی زێڕین بۆ هەر رێكخراوێك. جیا لە هەر فاكتەرێك بە بڕوای من، بوونی كەسانی سەركردایەتی لە هەر رێكخراوێك كە توانایان هەبێت پێكەوە كار بكەن و دیدگەی رێكخراوەكە و ئەو ستراتیژەی كە بۆ كاركردن بۆیان دادەنرێت لە ئەرزی واقیع جێبەجێی بكەن.

كەواتە چۆن دەتوانن ئەو رێكخراوانە كارا بكەنەوە و لەگەڵ سەردەمی نوێ بگونجێن؟
ساسان عەونی:هەر سەردەمێك پێویستی بە كەرەستەی مرۆیی تایبەت بەخۆی هەیە، پێویستی بە خوێندنەوە و پلانی تایبەت هەیە، ئێمە هاوكارین لەگەڵ رێكخراوەكان بەگرتنەبەری رێككاری ناوخۆیی گونجاوی تایبەت بەهەر یەكێكیان كە لە پرۆسەی نوێبوونەوەدا سەركەوتوو بن، نابێ ئەم گلەیییە تەنیا لە رێكخراوەكان بكرێ، چونكە ئەوان ئامادەی گۆڕانكاری و نوێبوونەوەیان تێدا هەبووە و هەیە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2014ـەوە ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەكانیان تەواو كردبوو، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و دۆخی كوردستان كۆنگرەكان دوور لە ئارەزوو و ویستی ئەوان دوا كەوت. ئێستەیش ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ نوێكردنەوە و كاراكردنەوەی خۆیان و بێگومان لەم رووەشەوە هەموو ئۆرگانەكانی پارتی هاوكاری سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دەبن.

بەم پرۆسە و بەرنامانەی دەستتان پێ كردووە، دەتوانن كۆتا بە دابڕانی ئەو رێكخراوانە بهێنن لە كۆمەڵگەدا؟
ساسان عەونی:دووپاتی دەكەمەوە ئەو رێكخراوانە دابڕاو نین لە كۆمەڵگە و لە توێژەكانیان، هەندێ كەموكوڕی لە هەندێ ئاست و شێواز و میكانیزمی كاركردن هەیە، هەندێكی چارەسەری كاتی بۆ كراوە و بۆ هەندێكی تریش پێشنیازی چارەسەری هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەمە بە واتای دابڕانیان نییە لە كۆمەڵگە. رۆژانە كادرانی رێكخراوەكان لەناو خەڵك و توێژەكانیان خەریكی كاركردن و خزمەتگەیاندن و چارەسەری كێشەكانن، بەدڵنیاییشەوە بە بەرنامەی هاوبەشی نێوان حزب و رێكخراوەكان، باری رێكخراوەكان باشتر دەبێت.

بەو چاكسازییانە دەتانەوێ ئەو رێكخراوانە كە ئێستە جیاوازن، ببنەوە یەك رێكخراو؟
ساسان عەونی:بە خوێندنەوەی هەلومەرجەكانی ئێستە و ئەو ئەركانەی لەم قۆناغە دەكەوێتە سەرشانی رێكخراوەكان و تایبەتمەندی و گرفتەكانی كە لەناو هەر توێژێك هەن، بە خوێندنەوەی خودی رێكخراوەكانیش بۆ واقیعی كاركردنی ئێستە و پێشبینییەكانیان بۆ جۆری كاری داهاتوویان دێتە خەمڵاندن، هەر رێكخراوێك وەك خۆی بمێنێتەوە، بەڵام بەگرتنەبەری شێوازی تازەی كار كە لەگەڵ ئێستە بگونجێت.

كادرانی رێكخراوەكان خۆیان دەڵێن نەبوونی پشتیوانی دارایی، یەكێك لە هۆكارەكانی پەكخستنیانە لە چالاكی، چۆن چارەسەری ئەمە دەكەن؟
ساسان عەونی:بەڵی گرفتی دارایی یەكێك بووە لە كێشەكانیان و كاریگەریی خراپی لەسەر دانان. گرفتەكەش دوور لە ویستی رێكخراوەكان و حزب بووە. تەنگژەیەكی دارایی دوو ساڵە لە كوردستاندا هەیە و كاریگەریی لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان داناوە كە یەكێك لەوان كاری رێكخراوە جەماوەرییەكان بووە، بەڵام ئەم گرفتەش بەشێوەیەك لە شێوەكان بووە ئەزموون و رێكخراوەكان توانییان بەپێی رێنوێنی لە جێبەجێكردنی پلانی سكگوشین و سەرلەنوێ هەیكەلكردنەوە و خۆدەربازكردن لە خەرجی لاوەكی سەركەوتوو بن. 
لەگەڵ رێكخراوەكان لە هەوڵی زیاتری ئەوەداین برەو بە ئەزموونی كاری خۆبەخشی و دروستكردنی تۆڕی پێوەندی و سوود لە ئامرازە تازەكانی پێوەندی و میدیا وەربگرن، هەروەها هەوڵی جێبەجێكردنی ئەو پلانانە بدەن كە دەبێتە مایەی خۆبەڕێوەبردن لەڕووی دارایییەوە.

ئێستە جۆرێك لە كەشخەیی خزمەتی خۆكردن بە كەسانی ناو ئەو رێكخراوانەوە دیارە، لە كاتێكدا ئەوانە دەبێ لە ناو خەڵك و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بن؟
ساسان عەونی:ئەوە بە تەواوی رەت ناكەینەوە، دەزگەكانی حزبیش هەندێك جار هەستیان بەو شێوازی دەركەوتنە كردووە كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو وێنەیە دروست كردووە و پێویستە رێكخراوەكان لە چاوی خەڵكدا هەیانبێت. چونكە لە ئەنجامدا هەر رێكخراو و دامەزراوەیەك كە كار دەكات، بەشێكی كارەكانی بۆ دروستكردنی وێنەیەكی باشە لە چاوی شوێنكەوتووەكانی و لەچاو خەڵكی تریش. لەم بوارەدا سەرنجەكانی خۆمان و ئۆرگانەكانی تری حزب بە بەردەوامی بە رێكخراوەكان دەگەیەنین.

پاشەكشێی تەواو لە رێكخراوە جەماوەرییەكانی هەموو حزبەكان هەیە لە ناو كۆمەڵگەدا، بە دیدی ئێوە چۆن دەتوانرێ ئەو رێكخراوانە لە ناو كۆمەڵگەدا كارا بكرێنەوە؟
ساسان عەونی:لە هەر سەردەمێكدا سروشتی كۆمەڵگە و پێداویستییەكانی و مەیلی كەسەكان و ڕوانین بۆ كاری رێكخراوەیی دەگۆڕێ، بۆیە گرنگە هەڵسەنگاندن بۆ كاری رێكخراوەیی بكرێت، بەڵام بەپێی پێوەرەكانی ئەو رۆژگارە بێت كە كاری تێدا دەكرێت. ئەم قسەیەم بەو مانایە نییە كە ئێستە زۆر لە كاری رێكخراوەكان رازی بین، ئێستە وەك ماوەیەكی راگوزەر وایە لە ژیانی رێكخراوەكانی كوردستان و دەبێت هەموویان هەوڵ بدەن شوناسێكی گونجاو بۆ كاری ئەم قۆناغە بدۆزنەوە و لە داهاتوو پێڕەوی بكەن. 
لەبارەی كارابوونەوەیان لەناو كۆمەڵگە، كۆمەڵێك بارودۆخی بابەتی ناو كۆمەڵگە بەتایبەتی دۆخی سیاسی كاریگەریی هەیە، لەڕووی دۆخی خودیی ناو رێكخراوەكانیش هەبوونی دیدگە بۆ كاركردن، بوونی پلان و ستراتیژی واقیعی، بوونی كەسانێك كە بتوانن بە كاری سەردەمییانە گوزارشت لە هاوتەمەنەكانیان بكەن لەناو رێكخراوەكان، جووڵەی خێرا و پێگەیاندن، لەگەڵ هەبوونی پاڵپشتی و ئازادی، ئەوا دەتوانین بڵێین كاریگەریی لەسەر كاراكردنەوەی رێكخراوەكان دروست دەكات.

لە دوو دەیەی رابردوودا هەست دەكرێت حزبەكان لە پێگەیاندنی لاوان جۆرێك لە خەمساردییان پێوە دیارە، هۆكاری ئەمە چییە؟
ساسان عەونی:من ناتوانم لەبری حزبەكان وەڵام بدەمەوە، بەڵام ئەوەی لە ناو پارتی دەیبینین، حاڵەتێكی دڵخۆشكەرە لە هاتنەپێشەوەی لاوان بۆ كایەكانی كاری حزبی و سیاسی و ئەمە پرۆسەیەكی بەردەوامە، ئەگەر ئەم پرۆسەیە هەندێك جار لە مەودای كاتی خۆیشی دوا بكەوێت بەهۆی بارودۆخ، بەڵام هەركات دەرفەت گونجاو بێت، ئەم پرۆسەیە دەست پێ دەكاتەوە. لێرەدا خاڵێك پێویستی بە هەڵوەستە لەسەركردنە ئەویش ئەوەیە، پرۆسەی هاتنەپێشەوە و پێگەیاندن لە یەك ئاست بەڕێوە ناچێت و هەندی جار پرۆسەی هاتنەپێشەوە خێراترە لە پێگەیاندن، بۆیە لە كاتی هەڵسەنگاندندا هەست دەكرێت گرفت لە جۆریەتی كادران هەیە، لەمەشدا حزب چەند بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەرشان، خودی كادرانیش ئەوەندە بەرپرسیارێتییان لەسەرشانە، چونكە ئێستە دەروازەكانی فێربوون و خۆپێگەیاندن هەمەچەشن و زۆرن و لە بەردەستی هەموو كەسن.

هۆكار چییە بەشداریی گەنجان لە ئاستی پێویستدا نییە، بۆ نموونە لە 15 ساڵی رابردوو تەنیا چەند گەنجێك لە ناو حزب و رێكخراوەكان دەبینرێن كە هاتبنە پێشەوە، ئایا حزبەكان خۆیان رێگرن یان ئەوە گەنج خۆیەتی توانای نییە پەرە بە خۆی بدات؟
ساسان عەونی:بە بڕوای من هەردوو هۆكار راستن بە رێژەی جیاواز، هەرچەند لە ناو پارتیدا ئەم هاتنەپێشەوەیە بەردەوامە و ژمارەیەكی زۆری گەنجی لە بواری جیاجیا لەخۆ گرتووە و بووەتە نەریتێكی ناو حزب و درێژەی هەیە، بەڵام ململانێی نەوەكانیش لەناو هەموو حزبەكان، هەموو سەردەمێك هەبووە و هەیە و بەردەوام دەبێت، ئەم ململانێیە ئەگەرچی گەنجان لەوانەیە بە چاوێكی نەرێنی سەیری بكەن و پێیان وابێت چانسی خێرا هاتنەپێشەوەیان سنووردار دەكات، بەڵام هاوكات بە مانا تەندروستەكەی جۆرێكە لە پەروەردەكردن و راهێنان و فێركردنی دان بەخۆداگرتن و هەڵپەنەكردن، چونكە ئەزموون و شارەزایی دوو فاكتەری گرنگن بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت لە هەر كارێك سەركەوتوو بێت. مەرج نییە هەرچی گەنجان خولیای بكەن لە كاری سیاسی و رێكخراوەیی، ئەو ئەزموونەیان هەبێت كە تێیدا سەركەوتوو بن، چ جای ئەوەی زۆر كار هەیە كە هەر لە بنەڕەتەوە پێویستی بە تەمەن و ئەزموون و شارەزایی هەیە. خاڵێكی تر كە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، ئەوەیە ئێمە كۆمەڵگەیەكی رۆژهەڵاتی ناوەراستین و دابڕاو نین لە دەوروبەرمان، جۆری هاتنەپێش و بواركردنەوە لەو كۆمەڵگانە هاوشێوەیە. لەبارەی خودی گەنجان و وەك پێویست كار لەسەرنەكردنی ئامادەیی و تواناسازیی خۆیان، ئەویش تا رادەیەكی زۆر راستە.

وشە/ هەولێر- فریاد محەمەد
لە رۆژنامەی (وشە) ژمارە ١٥٣ لە ٣١ی ئابی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە.
دەتوانن لەم لینکەوە لەسەر وێبسایتی وشە بیبینن



Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە