ستراتیژێك بۆ دوای جەنگ پێویستییە

دوێنێ سەرۆكی فەرەنسا، فرانسوا هۆلاند، پێشنیارێكی خستە بەردەم هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و رایگەیاند كە نابێت ڕێگە بدرێت لە دوای كۆنترۆلكردنەوەی موسڵ و شوێنەكانی تری ژێر دەستی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوار بدرێتە چەكدارانی ئەم ڕێكخراوە بگەڕێنەوە وڵاتانی خۆیان. 
ئەم پێشنیارەی سەرۆك هۆلاند بۆ ڕێگەگرتن لە گەڕانەوەی چەكدارانی ئەم ڕێكخراوە فرە نەتەوەیە بۆ ووڵاتەكانیان، بۆ ڕێگەگرتنە لە بڵاوبونەوەی بیری داعش بەهۆی ئەو كەسانەی كە پراكتیكی توندڕەوی و تاوان و كۆمەڵكوژی و كاری دژە مرۆڤایەتیان ئەنجام داوە بۆ وڵاتەكانیان، كە بە گەڕانەوەیان ئەوا هەریەكێكیان دەبنە سەنتەرێكی مەترسیداری بڵاوكردنەوەی تیرۆر و توندڕەوی.
نمونەی بڵاوبونەوەی چەكدراە ئیسلامیە توندڕۆكانی وڵاتە جۆراو جۆرەكان لە دوای كشانەوەی هێزی سەربازی یەكێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان لە ساڵی (1989)و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكانیان یاخود پەڕینەوەیان بۆ (چیچان) و دواتریش بۆ (كۆسۆڤۆ)، كە لە وڵاتەكانیان و لەو شوێنانە بوونە مایەی سەرهەڵدانی شەپۆڵێك لە كاری تیرۆر و توندڕەوی لە ساڵانی نەوەد و بڵاوبوونەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە و هاوپەیڕەوەكانی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتریش ئەنجامدانی كردەی تیرۆرستی (11)ی سێپتێمبەر.
هەرچەندە دوای شەڕی لادانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و شەڕی ئازادكردنی عیراق، بۆ رێگەگرتن لەم دووبارە بڵاوبوونەوەیە، زیندانی تایبەتی لە گوانتانامۆ بۆ بەشدارانی كاری تیرۆریستی لە ئەفغانستان و لە زۆر شوێنی عیراقیش زیندانی تایبەتی بۆ بەشدارانی كاری تیرۆریستی و هەوادارانی رژێمی پێشوو دانران، بەڵام بەڕای چاودێران و میدیا ئەم ستراتیژە ئەگەر لە ڕوویەكەوە سەركەوتوو بوو بێت، ئەوا لە ڕوویەكی ترەوە شكستی هێنا بە تایبەتیش دوای بڵاوبونەوەی هەندێ وێنەی نەشیاو لە جۆری ڕەفتار لەگەڵ بەندكراوەكان و بوونی ئەم زیندانانە بە سەنتەرێك بۆ ڕاكێشان و تەجنیدكردنی خەڵكی تر بۆ بەرەی تیرۆر.
بۆیە كە شەڕی ئەمجارەی دونیا لەگەڵ تیرۆر جیاوازە و تیرۆر توانیویەتی زەبری كاریگەر لە ووڵاتانی ئەوروپا بوەشێنێت و مەترسی جارێكی تری بڵاوبوونەوەی تیرۆریستان دەكرێت دوای ڕزگاركردنی زەویەكانی ژێر دەستی داعش، هەموو جیهان و بە تایبەتیش بەرەی هاوپەیمانی جەنگی دژی داعش داوا لێكراوە كە لە ئێستاوە بە پلان و بە ستراتیژێكی ڕوونەوە كار لەسەر ئەم بابەتە بكەن، كە لە نێویاندا هەرێمی كوردستانیش لەو وڵاتانە زیاتر داوالێكراوە كە چاوكراوە و بەشدار بێت لە داڕشتنی ئەم پلان و ستراتیژە، چونكە تا ئێستاش تیرۆر دراوسێمانە و شەڕ لەسەر خاكی ئێمە بەڕێوەدەچێت و قوربانیە گەورەكە خەڵكی كوردستان بووە. 
لە رۆژنامەی هەولێر ژمارە ٢٤٧٥ لە رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بڵاوکراوەتەوە

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە