دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە

نووسینى: جوزیف ئێس ناى
وەرگێڕانى: ساسان عەونى
لەکاتی هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن، دوناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان، گومانی خستەسەر ئەو هاوپەیمانی و دامەزراوانەی کە بنچینەی پێکهێنانی سیستەمی لیبرالى جیهانیى پێک دێنن، بەڵام ئەو لەم هەڵمەتە تەنها چەند سیاسەتێکى دیاریکراوى بە ووردەکاریەوە باسکرد، بۆیە ئەو پرسیارە زۆر گرنگەی کە بردنەوەی ترەمپ دەیوروژێنێت ئەوەیە کە ئایا ئەو قوناغە درێژەی جیهانگیری کەلەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەستی پێکردبوو، کۆتایی هات؟
لەوانەیە وانەبێت، تەنانەت ئەگەر رێکەوتننامەی هاوبەشی نێو زەریای ئارام و رێکەوتنی هاوبەشی بازرگانی و وەبەرهێنانی نێو ئەتڵەسیش شکست بێنن و جیهانگیری ئابووریش خاوبێتەوە، ئەوا هێشتا تەکنۆلۆجیا کار لەسەر بەهێزکردنی جیهانگیریی ژینگەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکات لە شێوەکانی وەک گۆڕانی کەش و هەوا، تیرۆری سنور بڕ و کۆچ، کە ئەگەر ترامپ پێی خۆش بێت یان نا، بەڵام سیستەمی جیهانیى تەنها ئابووری نیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش هەر لە شوێنی دڵ دەمێنێتەوە لەو سیستەمە.
ئەمریکیەکان زۆر جار بە خراپی لە پێگەى خۆیان لە جیهان تێدەگەن، لەنێوانی باڵادەستی و شۆڕبوونەوە بۆ خوارەوە دێن و دەچن. دوای ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1957 مانگی دەستکردی (سپۆتینک)ى هەڵدا، واى تێگەیشتین کە لە شۆڕبوونەوەداین، لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمیش واى تێگەیشتین کە یابانیەکان زۆربەهێزن، لەدوای وەستانی دارایی ساڵى 2008یش زۆر کەس لە ئەمریکیەکان بەهەڵە لەو بڕوایەدابوون کە چین لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەهێزترە بووە.
سەرەڕای ئەو زمان و شێوازەی کە ترەمپ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەکاری هێنا، بەڵام ویلایەتە یەکگرتوەکان لەشۆربوونەوەدا نیە، بەڵکو بەهۆی کۆچ کردن بۆی، بە تاکە دەوڵەتی گەورەی پێشکەوتوو دادەنرێت کە لە ناوەڕاستى ئەم سەدەیە دووچاری هاتنەخواری دیموگرافی (دانیشتوان) نابێت، هەروەها پشت بەستنى لەسەر هاوردەکردنی وزە لە دەرەوە زیاد ناکات بەڵکو رووی لەکەم بوونە، هەروەها لە پێشەنگەکانی تەکنۆلۆژیا سەرەکیەکانە (تەکنۆلۆژیای حەیەوی، تەکنۆلۆژیاى نانۆ و زانیاری) کە هەیئەی ئەم سەدەیە پێک دەهێنن، جگە لەوەی کە زانکۆکانمان لە سەرى سەرەوەى خشتەی پۆلین کردنی زانکۆ جیهانیەکانن.
کێشەی زۆر و گرنگ هەن لە ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، بەڵام کەمێک لەو کێشانە مەزەندە دەکرێت کە باڵ بەسەر گۆڕەپانەکەدا بکێشن، بەدیاریکراویش پەیوەندیەکانی هێز بە چین و بە رووسیا و ئاڵۆزیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مانەوەی دامەزراوەی سەربازی ئەمریکاش بە بەهێزی پێویستیە، بەڵام بە تەنها ناتوانێ چارەسەری هەر سێ کێشەکان بکات، گومانیشی تێدانیە کە پاراستنی هاوسەنگی هێز لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا سەرچاوەی گرنگن بۆ هەژموونی ئەمریکا، بەڵام ترەمپ راستی پێکاوە کە پێی وایە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆل کردنی سیاسەتی ناوخۆیی نەتەوەیی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەنجامەکەى شکست هێنانە.
لەئەنجامی ئەو سنورە دەستکردانەی کە کۆلۆنیالیزم دروستی کردن، جگە لە دواکەوتنی نوێبوونەوە، هەروەک راپۆرتەکانی پەرەپێدانی مرۆیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لێدەکەن، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک شۆڕشی ئاڵۆز و ململانێی تایەفی و دینی بەخۆیەوە دەبینێت. لە دەرەنجامى ئەو ئاڵۆزیانە، لەوانەیە ئەو ناسەقامگیریانە تا چەند دەیەیەک بخایەنن و بە بەردەوامى ببنە ماکی هاندان بۆ تیرۆری جیهادی توندڕەو. هەروەک چۆن حاڵەتى ناسەقامیگری ئەوروپا بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ لە دوای شۆڕشی فەرەنسا بەردەوام بوو، وە هەر دەستوەردانێکی سەربازیش لەلایەن هێزی دەرەکیەوە هۆکاری ئاڵۆزتر بوون و خراپتر بوونی بارودۆخەکە بوون.
بەڵام سەرەڕای کەم بوونەوەی هاوردەى ووزە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێت ئەم ناوچەیە فەرامۆش بکات، چونکە دەبێت بەرژەوەندیەکانیى لە ئیسرائیل لە بەرچاو بگرێت، هەروەها بۆ قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی و مافەکانی مرۆڤ و بابەتی تریش. ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لەسوریاش بەڕێوەدەچێت هەر تەنها کارەساتێکی مرۆیی نیە، بەڵکو هۆکارە بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و تەنانەت ناسەقامگیری لە ئەوروپاش. بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانی ئەم رووداوانە نادیدە بگرێت. بەڵام سیاسەتەکەی دەبێت فۆکەس بخاتە سەر لەخۆگرتن و کاریگەری دروستکردن لەسەر ئەنجامەکان، لەرێگای هاندان و بەهێزکردنی هاوپەیمانەکانى ئەمریکا لە جێى هەوڵدان بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ کردنی سەربازی راستەوخۆ کە نرخێکی گران و روخێنەری دەبێت.
لەبەرامبەردا، هاوسەنگی هێزە هەرێمیەکانی ئاسیا وادەخوازێت کە بوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو ناوچەیە جێی خۆشحاڵی بێت، چونکە بەرزبوونەوەی چین، مەترسی بۆ هیند و یابان و ڤێتنام و چەند وڵاتێکی تر دورست کردووە، ئاشکراشە کە بەرێوەبردنی بەرزبوونەی چین لە جیهاندا یەکێک دەبێت لە تەحەدیە گەورەکانی کە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم سەدەیە رووبەڕووی دەبێتەوە، وە ئەو ستراتیژە ئەمریکیە دووانە و دوو رێگایەی کە بەندە لەسەر (تەواوکاری لەگەڵ خۆ زامن کردن) ئەو رێبازە راستە دەبێت کە بەپێی ئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان چینى بانگهێشت کردووە بۆ هاتنە ناو سیستەمی لیبرالى جیهانیى و لەهەمان کاتیش جەخت دەکاتەوە لەسەر هاوپەیمانێتی لەگەڵ یابان.
بە پێچەوانەی حاڵی سەدەیەک پێش ئێستا، کە بەرزبوونەوەی ئەڵمانیا و بردنەوەی کێبڕکێکە لەبەریتانیا لەساڵی 1900 ئەو مەترسیانەی پەرەپێدا کە یارمەتیدەرى خیراکردنی کارەساتی 1914 بوو، ئەوا چین تەنانەت نزیکیش نابێتە لە بردنەوەی کێبرکێکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەبواری هێزدا. تەنانەت ئەگەر ئابوری چین بە هاتنى ساڵى 2030 یان 2040 لە کۆى گشتیدا لە ئابووری ئەمریکاش باشتربێت، ئەوا لەبەشی داهاتى تاک (کە باشترین پێوەرە بۆ پێشکەوتنی ئابوری) هەر لە دواوە دەمێنێتەوە، هەورەها چین ناتوانێت لە بواری هێزی یەکلاکەرەوەی سەربازی و تەنانەت هێزی نەرمیش هاوتای ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت. هەروەک دامەزرێنەری سەنگافورە (لی کوان یو)ش گوتی: تا ئەو کاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوەیە و راکێشەری تواناکانی جیهانە، ئەوا (چین) رکابەرێکی بەهێزە، بەڵام شوێنی ئەمریکا ناگرێتەوە.
لەبەر ئەم هۆیانە ویلایەتە یەکگرتوەکان پێویستی بە سیاسەتی لەخۆگرتنی چین نیە، تاکە دەوڵەت کە دەتوانێت چین لە خۆبگرێت هەر چین خۆیەتی. کاتێ چین پاڵ بە ململانێ هەرێمایەتیەکانی دەنێت لەگەڵ دراوسێکانی، ئەوا خۆی لەخۆدەگرێت. بۆیە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستپێشخەری ئابوری بکات لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا و مکوڕ بێت لەسەر ئەو هاوپەیمانیەی لەگەڵ یابان و کۆریا هەیەتی و بەردەوام بێت لە چاککردنی پەیوەندیەکانى لەگەڵ هیند.
لەکۆتاییشدا، رووسیا هەیە، ئەو دەوڵەتەی کە روو لەخوارە، بەڵام خاوەنی جبەخانەیەکی ئەتۆمیە کە دەتوانێت ویلایەتە یەکگرتووەکان لەناو ببات. بۆیە بە بەردەوامی ئەگەری هەڕەشەیە لەسەر ئەمریکا و خەڵکی تریش. روسیا کەبەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە ووزە دەبەستێت وەک شێوەى سەرەکی داهات و بەهۆی (ئابوری تاک بەرهەم) بەڕێوە دەبرێت، گەندەڵیی دامەزراوەیی و گرفتى دیموگرافی و تەندورستیەکانى هەیە کە زەحمەتە پێى چارەسەر ببێت.
لەراستیشدا دەستێوەردانی سەرۆک فلادیمیر پۆتین لە وڵاتانی دراوسێی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشە سایبەرەکانی بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی تر، ئامانج لێی جارێکى تر بە مەزنکردنەوەى روسیایە، بەڵام ئەم کارانە لە ماوەیێکى دوور خایەندا تەنها دەبێتە مایەى زیاد خەرج کردن، لەماوەی نزیک خایەنیش ئەو دەوڵەتانەی کە ڕوو لە خوارن، هەندێ جار مجازەفە دەکەن، کە جێی ترسە، ئەمەش حاڵی ئیمپراتۆریەتی (نەمسا مەجەر) مان بیردێنێتەوە لە ساڵی 1914. ئەمە تەنگژەیەکی سیاسی دروست کردووە، لەلایەک گرنگە بەرگری بەرامبەر پۆتین نیشان بدەین کە دەیەوێت بنەماکانی ئەو یاریە بگۆڕێت کە سیستەمی لیبراڵی لەدوای ساڵی 1945 وە قەدەغەى کردوە، ئەویش بەکارهێنانی هێزە لە لایەن دەوڵەتانەوە بۆ دەست بە سەرداگرتنی زەوی دراوسێکانیان. لەلایەکی تریشەوە (ترەمپ) راستی پێکا، کە ئاماژەى بەوەکرد کە نابێت ئەو وڵاتانە بە تەواوی داببڕێنرێن کە بەرژەوەندی تێکەڵاومان لەگەڵیان هەیە، بەتایبەت لەبواری ئاسایشی ئەتۆمی و بڵاونەبوونەوەی ئەتۆمی و لەناوبردنی تیرۆر و جەمسەری باکور و بابەتی تری هەرێمایەتی وەکو ئیران و افغانستان. سزا داراییەکان و سزاکانی تر لەبواری ووزە، پێویستیەکی بنەڕەتی پێک دێنن بۆ وەستاندن و بەرەنگاربوونەوە، لەهەمان کاتیش بەرژەوەندی راستەقینەمان هەیە کە بەباشترین شێوە جێبەجێ نابێت ئەگەر لەگەڵ روسیا مامڵە نەکەین و کەسیش براوەی شەرێکی نوێی سارد نابێت.
ویلایەتە یەکگرتووەکان روولەخوار نیە، ئەرکی راستەوخۆى ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا لەوە کورت دەکرێتەوە کە ووتاری خۆی رێک بخات و هاوپەیمانەکانمان و خەڵکی تریش دڵنیابکاتەوە کە ئەمریکا لە ڕۆڵی خۆی لە سیستەمى لیبرالى جیهانیى دا بەردەوام دەبێت.

سەرچاوە: پرۆجێکت سەندیکیت

لە ژمارە٢٤٩٤ ی رۆژنامەی هەولێر ٢٣ی تشرینی دوومی ٢٠١٦ بڵاو کراوەتەوە

Popular Posts