ووتار لە یادی دامەزرانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ٨ی مارسی ٢٠١٧


ئامادەبوانى بەڕێز
هەڤاڵانى تێکۆشەر ، ئەندامانى سەربەرزى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە سنوورى لقى هەولێر
خۆشحاڵین کە بە ناوى دەستەى رێکخراوە جەماوەرى و پیشەییەکانى (پارتى دیموکراتى کوردستان) پیرۆزباییتان لێ بکەین بە بۆنەى کۆبونەوەتان بۆ یادى دامەزراندنى یەکێتیە تێکۆشەرەکەتان (یەکێتى قوتابیانى کوردستان)، ئەو یەکێتى قوتابیانەى کە ماوەى 64 سالە لە کار کردن و خەبات بەردەوامە نەوە لە دواى ئەوە قوتابخانەى کۆڵنەدان و پێگەیاندنى نیشتیمان پەروەران بووە و ئەندام و کادیر و سەرکردە لە هەموو بوارەکان بۆ ئەم میللەتە پێدەگەیەنێت و بەرگرى لە مافەکانى قوتابیانى کوردستان دەکات، ئومێدیشمان زۆرە کە لەسەر دەستى ئێوەى قوتابیانى خوێن گەرم ئەم پێناوە بەردەوام بێت و ئاڵاى ئەم یەکێتیە تێکۆشەرە هەردەم شەکاوە بێت.
خۆشەویستان
کۆبونەوەتان هاوکاتە لەگەڵ 8ى مارس، رۆژى نێو نەتەوەیى ئافرەتان لە جیهان، رۆژى رێزگرتن و پشتگیرى لە خەباتى ئافرەتان لە سەرتاسەرى جیهان، بۆیە بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەڤاڵانى ئافرەتان دەکەین لە ریزەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و هەموو رێکخراو و یەکێتى و سەندیکا و کۆمەڵەکان و تەواوى ئافرەتانى کوردستان. دڵنیاین کە ساڵ لە دواى ساڵ خەباتى مەدەنیانەى ئافرەتان زیاتر بەرەو پێش چووە و دەستکەوتەکان ساڵ لە دواى ساڵ زیاترن، بەڵام گرفت و کۆسپەکانیش کەم نین، دەرد و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان، ئاستەنگە دروستکراوەکان، لەمپەڕەکان لە بەردەم خۆسەلماندنى ئافرەتان لە بوارەکانى کارى سیاسى و رێکخراوەیی و بەرێوەبردن کەم نین، بۆیە ئێمە وەکو پارتى دیموکراتى کوردستان، پشتگیرى خۆمانتان پێ رادەگەیەنین و پێتان دەڵێین کە لە هەنگاوەکانتان هاوڕێ و پشتیوانتانین.
قوتابیانى خۆشەویست
دەرفەتێکى لەبارە پێتان رابگەیەنین کە هیوادارین وەک چۆن لە کایەى خەباتى مەدەنى و دیموکراسى و رێکخراوەییدا لە شوێن ووتەکەى بارزانى نەمرن و هەمیشە (سەرى ڕمن)، هیوادارین لە فێربوون و خوێندن و وەرگرتنى زانستیشدا بە هەمان شێوە سەرى رم بن. قوتابى زیرەک بن، بە جددیەتەوە وانەکانتان بخوێنن و لەوە بگەن کە ئایندەى ئەم کوردستانە لە ئەستۆى ئێوەیە، ئەم ووڵاتە لە داهاتوودا لە ئێستا زیاتر پێویستى بە کەسانى شارەزا و خاوەن بەهرە و تواناى زانستى و بڕوانامەى بەرز هەیە، پێویستە زانست و خەبات ئەو دوانەیە بن لە رەفتارى رۆژانەتاندا کە ئێوەى لەگەڵ خەڵکى تر پێ جیا بکرێتەوە.
هەروەها لە پاڵ زانست و کارى رێکخراوەییش لە خەباتى بەدەوام دابن بۆ قوڵ کردنەوە و بڵاو کردنەوەى فەرهەنگى لێبوردەیی و پێکەوە ژیانى ئایینى و نەتەوەیی لە کوردستان، ئەو فەرهەنگەى کە کوردستانى کردۆتە پەناگەیەکى ئارامى ژیانى هەڕەشەلێکراوان لەم ناوچەیە.
قوتابیانى خۆشەویست.....
 بەردەوام بوونى ژیانى ئاسایی و نەوەستانى رەوتى خوێندن لە کوردستان هەر لە باخچەى ساوایانەوە تا خوێندنى باڵا، سەرەڕاى شەڕ و مەترسى و هێرشى تیرۆرستان، هۆکارەکەى بۆ گیانفیدایی و قارەمانێتى و خۆنەویستى پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەگەڕێتەوە کە توانیان لەژێر سەرکردایەتى رابەر و پێشمەرگە و سەرۆکى خۆشەویستمان سەرۆک مەسعود بارزانى، دڕندەترین  و ترسناکترین رێکخراوى تیرۆرستى لە جیهان تێک بشکێنن و سنوورەکانمان بپارێزن. بۆیە لەگەڵ ئێوە سڵاوى وەفا و خۆشەویستى بۆ جەنابى سەرۆک بارزانى و پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان دەنێرین و سوپاسیان دەکەین ، وە دەرفەتیشە کە ئەوەش بە بیر هەر ناحەز و تفەنگێکى بەکرێ گیراو بهێنینەوە کە بیر لە شێواندنى ئارامى کوردستان خۆ فەرز کردن نەکەنەوە و بەختى خۆیان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان تاقى نەکەنەوە  و وا باشە سوود لە ئەزموون و تاقى کردنەوەکانى پێشوو وەربگرن.
لە کۆتاییشدا سەرى رێز و نەوازش لە ئاست گەورەیی و گیان بەخت کردنى ئەو شەهیدە نەمرانەمان دادەنوێنین کە لە جەنگى بەرگرى لە کوردستان سەروەریان هەڵبژارد و گیانیان بەخت کرد، بۆیە دروود و سڵاو بۆ ئەو نەمرانە و سەرجەم شەهیدانى کوردستان و سەروەریان بارزانى نەمر و کاکەئیدریسى هەمیشە لە یاد.
ئێوەش هەر شاد و سەربەرز بن.

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە