"بەرامبەر بە سەربەخۆیی بێ لایەنى هەیە؟"



پرسێکى گرنگ و چارەنوسسازى وەک سەربەخۆیی و بە دەوڵەت بوونى میللەتێکى بێ دەوڵەت، ئەگەر تاکەکانى ئەو میللەتە لەسەر هەموو شت ناکۆک بن ئەوا پێویستە لەسەر بابەتێکى وەها چارەنوسساز کۆک و تەبا بن. ئەزمونى میللەتانى سەرکەوتوو پێمان دەڵێت سەربەخۆیی دەبێ ئەو ئامانج و مەبەستە بێت کە کۆکەرەوەى هەموو جیاوازەکان بێت. مێژووش پێمان دەڵێت لە درێژە رێگاى سەربەخۆیی هەمیشە خەڵکى ریز پەڕ هەبوون کە دژى خواستى میللەتى خۆیان وەستاونەتەوە و حەزیان لە بچوکى  و بەردەستى دوژمنان بووە، کە ئەم تەرزە کەسە لە مێژووى میللەتى ئێمەش هەبووە کە دژى بزوتنەوە ئازادیخوازەکەى میللەتى خۆیان بوونە، بەڵام لە چەند قۆناغێکى جیادا و بە تایبەتیش لە دواى راپەڕین، ئەم لاپەڕەیە بە هەموو تاڵى و رەشیەکانى هەڵدرایەوە و ئامانجى میللیى خەڵکى کوردستان لە چوارچێوەى فیدراڵى رێکخرایەوە.
چاوەڕوانکراو نیە کە کوردستانیەک دژى چوونە پێشەوەى ئامانجە میللییەکەى بێت کە سەربەخۆییە، بەڵام ئەو ریز پەڕانە چۆن لە مێژووى میللەتان هەبوون کە حەزیان لە وابەستەیی و ژێر دەستەیی و کارکردن بووە بۆ خەڵکانى تر، ئەوا لە ناو میللەتى ئێمەش دەبێت کە دژى خواستى زۆرینەى رەهاى میللەتى خۆیان بن، بۆیە قسەم لەسەر ئەوانە نییە و خەریکە شەقامى کوردستان ئەم دەنگ ودەموچاوانە دەناسێت، بەڵکو گفتوگۆم لەگەڵ ئەو کەس و دەزگا و میدیایانەیە کە دەیانەوێت بە ناوى پیشەیی بوون لە پرسى گرنگى دیاریکردنى چارەنووسدا دەڵێن بێلایەنین.
ئەگەر بێلایەنى لە هەڵوێستى سیاسیى و مەیلى حزبایەتى و هەڵبژاردن و هەر جۆرە بابەت یان کردەوەیێکى رۆژانەى ناو کۆمەڵگا هەبێ، ئەوا لە پرسى دیاریکردنى چارەنوس و سەربەخۆییدا نییە و نابێت.
لە شا رێگەى سەربەخۆیی و دیارى کردنى مافى چارەنووسدا بێلایەنى نییە، یان لەگەڵ زۆرینەى رەهاى میللەتى خۆت دەبیت و شانازى بەشداریى لە دروستکردنى چارەنوس و سەربەخۆیی تۆمار دەکەیت یان پێچەوانەکەیەتى.
هیچ میدیاکار و دەزگایەکى میدیایی جیهانى پرۆفێشنال کە دەگاتە سەر پرسى سەروەری و ئیرادەى میللیى و سەربەخۆیی وڵاتەکەى، لە ناوچەى خۆڵەمێشى بە ناوى بێلایەن نامێنێتەوە و بەرگرى لە سەروەرى و سەربەخۆیی و ئازادى وڵاتەکەى دەکا، هەروەک ئەوەى کە (بى بى سى) بەرامبەر سەروەرى بەریتانیا و ئەوەى کە (سى ئێن ئێن) بەرامبەر ئەمریکا و ئەوەى کە (فرانس 24) بەرامبەر فەرەنسا و ئەوەى (ئار تى) بەرامبەر روسیا و ئەوەى (الجەزیرە) بەرامبەر قەتەر و ئەوەى (العربیە) بەرامبەر سعودیە دەیکات .
ئەگەر جیابوون و ناوازەیی و داهێنان و خوێندن لە دەرەوەى کۆ دەنگى لە هەر پرسێکى تردا شانازى و ناو و نەمرى بۆ خاوەنەکەى تۆمار بکات، ئەوا لە پرسى سەربەخۆییدا  پێچەوانەیە، زۆرینەى سەربەخۆخوازەکان مێژوو ناویان ناهێنێ چونکە لەگەڵ رەوتى سروشتى و میللى بوونە، بەڵام جیا و ناوازە و ئەوانەى لە دەرەوەى کۆ دەنگى و سەربەخۆخوازى دەخوێنن، ناویان تۆمار دەکرێت، بەڵام تۆمارکردنێکى شەڕەفمەندانە نابێت.

لە رۆژنامەی ھەولێر ژمارە  ٢٦٣٩ ی٦ی تەمموزی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە

Popular posts from this blog

لە پشت سەنگەری پێشمەرگە.. ئافرەتان، سەنگەری دڵنیایین

پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیی ناو حزبدا، لە ناو رێكخراوە جەماوەرییەكاندا گۆڕانكاری و چاكسازی لە پەیكەری رێكخراوەیی، بەرنامە، دیدگە، جۆریەتی كاركردن، دارایی و خۆبەڕێوەبردنی دەكات

دۆنالد ترەمپ وئاستەنگەکانی سیاسیەتی دەرەوە